مەسرور بارزانى، سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان گەیشتە بەغداد، لەگەڵ چوار سەرۆکایەتییەکەى عێراق کۆدەبێتەوە. شاندەکەى یاوەرى هیچ نوێنەرێکى لە تیمى وەزارى یەکێتى نیشتمانى کوردستان تێدانییە.
پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ى کانوونى دووەمى 2023، شاندەکە گەیشتە بەغداد، بەگوێرەى کارنامەى کۆبوونەوەکانى سەرەتا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق کۆدەبێتەوە.
لە راگەیەندراوى حکومەتى هەرێمى کوردستاندا هاتووە، مەسرور بارزانى لەگەڵ لەتیف رەشید، سەرۆککۆمار، محەمەد حەلبوسی، سەرۆکى پەرلەمان و فایەق زێدان، سەرۆکى ئەنجومەنى دادوەریشدا کۆدەبێتەوە.
ناوەرۆکى کۆبوونەوەکان بەگوێرەى راگەیەندراوەکە تایبەتە بە گفتوگۆ لەبارەی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لە سەر بنەمای دەستوور، رێککەوتنی لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت و کارنامەی وەزاری.
نوێنەرى یەکێتى لە شاندەکەدا نییە
شاندەکەى یاوەرى مەسرور بارزانى پێکهاتوون لە ئومێد سەباح، سەرۆکى دیوانى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران، ئاوات شێخ جەناب، وەزیرى دارایی و ئابورى، کەمال محەمەد، وەزیرى سامانە سروشیتییەکان بە وەکالەت، عەبدولکەریم خەسرۆ، سەرۆکى فەرمانگەى هەماهەنگیى و بەدواداچوون و جوتیار عادل، گوتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان.
شاندەکە لە ئەندامانى تیمى وەزارى پارتى دیموکراتى کوردستان و بزوتنەوەى گۆڕان پێکهاتووە، هیچ ئەندامى تیمى وەزارى یەکێکى نیشتمانى کوردستانى تێدا نییە.
لەسەردەمى سودانی یەکەمجار مەسرور بارزانی دەچێتە بەغداد
لە پاش دەستبەکاربوونى سودانییەوە ئەمە یەکەم سەردانى مەسرور بارزانییە بۆ بەغداد، بەڵام یەکەم سەردانى شاندى هەرێم نییە بەڵکو لە کۆتایی ساڵى رابردوودا شاندى هەرێمى کوردستان سەردانى بەغدادى کرد، ئەوکات ئاوات شێخ جەناب، سەرۆکایەتى دەکرد و هیچ نوێنەرێکى یەکێتى بەشدارنەبوو.
قوباد تاڵەبانى سێ مانگە ناچێتە ئەنجومەنى وەزیران
بەشدارنەبوونى نوێنەرانى یەکێتى درێژکراوەى ئەو نیگەرانیانەیە، کە نزیکەى سێ مانگە قوباد تاڵەبانى، سەرۆکى تیمى یەکێتى و جێگرى سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان بەشدارى لە کۆبوونەوەکانى ئەنجومەنى وەزیراندا نەکردووە.
پارتى و یەکێتى لەسەر کۆمەڵێک پرس ناکۆکن، چەندجارێک هەوڵى کۆبوونەوەى هەردوولا دراوە، پێش چەند رۆژێک عەلی حسێن، بەرپرسی ئەنجومەنى سەرکردایەتى سلێمانى هەڵەبجەى پارتى، بە زوومى گوت “سەرۆک بارزانى هەرکاتێک پێویست بێت، ئامادەیە لەگەڵ بافڵ تاڵەبانى کۆببێتەوە”.
مانگى رابردوو ئەوکاتەى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاریدا 400 ملیار دینار بۆ هەرێمى کوردستان بنێرێت، تیمى وەزارى پارتى و یەکێتى لە دوو راگەیەندراوەدا هێرشى “توندیان” کردە سەر یەکتر.
هەرچەندە هێشتا پارەکە نەنێردراوە، بەڵام دوێنێ وەزارەتى دارایی عێراق بڕیاریدا پارەکە بنێرێت، چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆش مەسرور بارزانى و محەمەد شیاع سودانى گفتوگۆى لەسەر بکەن.