زووم، ئاژانسەکان:
قەشە جۆرج پێل، گەورەترین قەشەی ئوسترالیا کە پێشتر لە ساڵی 2018 بەهۆی دەستدرێژی بۆسەر منداڵان تۆمەتبارکرا، رۆژی سێشەممە لە تەمەنی 81 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
بەهۆی تۆمەتەکەوە قەشە جۆرج 404 رۆژی لە زیندانی تاکەکەسیدا بەسەربردووە.
سەردەمانێک قەشە جۆرج سێیەم بەرزترین پلەی کاسۆلیکی لە ڤاتیکان هەبووە، پێشتریش وەک قەشەی سەرەکی مێلبۆرن و سیدنی لە ئوسترالیا رۆڵی بینیوە.
قەشە جۆرج بەهۆی نەخۆشی دڵەوە گیانی لەدەستداوە
پیتەر کۆمێنسۆلی قەشەی سەرەکی ئێستای شاری مێلبۆرن رایگەیاندووە، قەشە جۆرج بەهۆی نەخۆشی دڵەوە دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەک بۆ جومگەی رانی گیانی لەدەستداوە.
قەشە پیتەر لە راگەیەندراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک رایگەیاند: “قەشە پێل سەرکردەیەکی زۆر گرنگ و کاریگەر بوو لە کڵێسا، چ لە ئوسترالیا و چ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، بە قوڵی پابەند بوو بە ئاینی مەسیحییەت.”
لە دوای وەرگرتنی پۆستی راوێژکاری لە ساڵی 2014 قەشە پێل لە ڤاتیکان دەبێت بە راوێژکاری دارایی پاپا فرانسیس. بەڵام بەهۆی چەند تۆمەتێکەوە کە گوایە دەستدرێژی کردووەتە سەر دوو منداڵی 13 ساڵ لە مێلبۆرن لە ساڵانی 1990، قەشە پێل لە ساڵی 2017 ڤاتیکان جێدەهێڵیت و دەگەرێتەوە بۆ ئوسترالیا بۆ رەتکردنەوەی تۆمەتەکانی.
لە ساڵی 2020دا دادگا بە دۆسیەکەیدا دەچێتەوە و تۆمەتەکانی دژی هەڵدەوەشێتەوە
دوای ئەوەی دادگا تۆمەتەکانی بەسەردا ساغدەکاتەوە، قەشە جۆرج 404 رۆژ لە زیندانی تاکە کەسیدا بەسەردەبات و لە ساڵی 2020دا دادگا بە دۆسیەکەیدا دەچێتەوە و تۆمەتەکانی دژی هەڵدەوەشێتەوە.
بڕیارە نوێکەی دادگا قەشە پێل لە زیندان ئازاد دەکات کە ئەوکاتە تەمەنی 78 ساڵ بوو. پێل باڵاترین ئەندامی کڵێسا بوو کە لە فەزیحەیەکی مێژووییدا تۆمەتبارکرا بە دەستدرێژی سێکسی کە روداوەکە کەنیسەی رۆمانی کاسۆلیکی لە سەرانسەری جیهاندا توشی شۆک کرد.
لەدوای بڕیاری بێتاوانبوونییەوە لە رۆما دەژیا و چەندین دیداری لەگەڵ پاپا فرانسیس ئەنجامداوە، تەنانەت هەفتەی رابردوو لە پرسەی پاپا بینێدیکتی شانزەهەم بەشداریکرد.
پێل کەسایەتییەکی جەمسەرگیری بوو لە ئوسترالیا، لەلایەن کاسۆلیکە کۆنەپەرستەکانەوە رێزی لێدەگیرا
پێش تۆمەتەکانی دەستدرێژی بۆ سەر منداڵان، ، بەڵام لەلایەن لیبراڵەکانەوە رەتدەکرایەوە بەهۆی ئەوەی بەتوندی لەدژی پرسەکانی هاوسەرگیری هاوڕەگەزبازان، لەباربردن و دەستنیشانکردنی ژنان وەک بەرپرسی ئایینی دەوەستایەوە.
بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا چەند رێوڕەسمێکى ئاینیی بۆ تەرمی قەشە پێل لە ڤاتیکان سازبکرێت و لە کۆتاییشدا تەرمەکەی دەگەڕێندرێتەوە بۆ ئوسترالیا و لە کلێسای سانت ماری لە سیدنی بەخاکبسپێردرێت.