ڕۆژی یەکشەممە ئیتاڵیەکان دەنگ دەدەن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانێکی نوێ لە کاتێکدا پێشبینی دەکرێت هاوپەیمانی ڕاستڕەوەکان زۆرینەی رەها بەدەست بهێنن
رۆژی پێنج شەممە، جۆرجیا مێلۆنی سەرکردەی هاوپەیمانی ڕاستڕەوەکانی ئیتاڵیا پێش هەڵبژاردنەکانی ڕۆژی یەکشەممە لە پایتەختی ئیتاڵیا دوایین وتاری هەڵمەتی هەڵبژاردنی خۆی پێشکەش کرد.
جۆش و خرۆشی لایەنگرانی لە گۆڕەپانی دێل پۆپۆلۆ، کە یەکێکە لە گۆڕەپانە ئایکۆنییەکانی ڕۆما، پێشبینی ئەوە دەکەن کە بۆ یەکەمجار لە مێژووی وڵاتەکەدا ژنێک ببێتە سەرۆکوەزیران.
بە جل و بەرگێکی سەرتاپا سپی و متمانەیەکی بەهێزەوە ڕۆژی پێنجشەممە لە کۆتا وتاری بانگەشەی هەڵبژاردندا، مێلۆنی بە لایەنگرانی وت “ئێمە زۆرینەی ڕاستەقینەی وڵاتین”.
بەپێی دوایین پێشبینی کە لە 10ی مانگی ئەیلولدا کراوە، یەک لە هەر چوار کەسێکی ئیتاڵیا دەنگ دەدەن بە پارتەکەی مێلۆنی، پارتی برایەتی ئیتاڵیا، دەدەن.
ئەمەش مێلۆنی دەخاتە سەر ڕێڕەوی ئەوەی ببێتە یەکەم سەرۆکوەزیرانی ژن لە ئیتاڵیا کە سەرۆکایەتی هاوپەیمانیی راستڕەوەکان دەکات کە پێک دێت لە هەریەک لە پارتەکانی “ئیتاڵیا بۆ پێشەوە، لیگ، برایانی ئیتاڵیا و مۆدێرەیت”.
هەڵبژاردنەکە دوای ئەوە دێت کە لە هاوینی ئەمساڵدا پشێوییەکی زۆر بەهۆی داڕمانی حکومەتی یەکێتی نیشتمانی سەرۆکوەزیران ماریۆ دراگی لە مانگی تەمموزدا روویدا.
دوایین هەڵبژاردن پێنج ساڵ لەمەوبەر بوو، بەڵام لەو کاتەوە سێ حکومەتی جیاواز پێکهێنراون.
ئەمجارەیان دەنگدەران لەناو دۆخێکی قەیراناوی وزە، بێهیوایی بەرفراوان لە سیاسەتمەداران و نیگەرانییان لە بارەی هەڵوێستی داهاتووی وڵاتەکەیان بەرامبەر بە یەکێتی ئەوروپا دەنگ دەدەن.
لە هەڵبژاردنەکەدا زیاتر لە 50 ملیۆن دەنگدەر دەنگ دەدن. ژمارەی کورسییەکان بۆ ئەنجومەنی نوێنەران 400 کورسییە و ئەنجومەنی پیران 200 کورسییە.
هەڵبژاردنەکە لە کاتژمێر 7ی بەیانی بۆ 11ی شەو بە کاتی ئیتاڵیا بەردەوام دەبێت و 12ی بەیانی بەکاتی هەرێم دادەخرێت.
بڕیارە رۆژی دووشەممە ئەنجامی فەرمی هەڵبژاردنەکان رابگەیەندرێت، بەڵام چەند هەفتەیەک دەخایەنێت تا حکومەتێکی نوێ پێکدەهێنرێت.
تا ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەم، هەردوو ئەنجومەنە نوێیەکە سەرۆکی خۆیان هەڵدەبژێرن.
لەگەڵ کەمبوونەوەی غاز ڕووسیا بەهۆی درێژبوونەوەی شەڕ لە ئۆکرانیا، ئیتالییەکان خۆیان بۆ بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی لە زستانی ئەمساڵدا ئامادە دەکەن.
هەر بۆیە لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا قەیرانی وزە بووەتە باسی گەرمی لایەنە سیاسییەکان.