زووم، ئاژانسەکان:
رۆژی سێشەممە وەزارەتی بەرگری بەریتانیا رایگەیاند، روسیا توانیویەتی بەتەواوی شارۆچکەی سۆلێدار، کە بە زۆری بوونی کانی خوێ ناسراوە، لە رۆژهەڵاتی ئۆکراین کۆنترۆڵ بکات، ئەمەش دوای شەڕێکی چەند مانگی دێت لەگەڵ هێزەکانی ئۆکراین.
بەریتانیا دەڵێت، سەربازانی روسیا و گروپە “بەکرێگیراوەکانی” لە چوار رۆژی رابردوودا پێشڕەویی زۆریان کردووە.
سۆلێدار شارۆچکەیەکی نزیک باخموتە، کە ئۆکراین لە “شەڕێکی خوێناویدا” لەدەستیداوە.
سەرۆکی ئۆکراین: “هیچ ژیان لەو شارەدا نەماوە
ڤۆلۆدێمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاند: “هیچ ژیان لەو شارەدا نەماوە و هیچ دیوارێکی بە وەستاوی نەماوە.”
هەروەها گوتی “هەموو خاکی دەوروبەری سۆلێدار بە تەرمی داگیرکەران داپۆشراوە.” ئاماژەی بەوەشکردووە: “ئەمەیە شێتی” وەک ئاماژەیەک بۆ بە کوشتدانی سەربازانی روسی لەپێناو داگیرکردنی خاکی وڵاتەکەیدا.
سۆلێدار پێش جەنگ ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 10 هەزار کەس بوو. بە ناوەندێکی گرنگ دادەنرێت بۆ گرتنی شاری باخموت کە ناوچەیەکی ستراتیجییە.
بەڵام بەرپرسێکی ئەمریکی هەفتەی رابردوو رایگەیاند کە یڤگنی پریگۆژین، دامەزرێنەری گروپی ڤاگنەری روسی دەیەوێت کۆنترۆڵی کانە گەورەکانی خوێ و گەچ بکات لە ناوچەکەدا.
بەریتانیا ئاماژەی بەوەشکردووە، بەشێک لە شەڕەکان لەسەر دەروازەکانی چوونە ژوورەوەی تونێلە بەکارنەهێنراوەکان بووە کە درێژییان 200 کیلۆمەترە و هەردوو وڵاتی روسیا و ئۆکراین نیگەران بوون لەوەی وەک دزەکردن لە پشتی سوپاکانیانەوە بەکار بهێندرێن.
پریگۆژین خواستی خۆی بۆ داگیرکردنی کانەکان پشتڕاستکردووەتەوە و بە “توێکڵی سەر کێکەکە” ناوی بردووە وەک ئاماژەیەک بۆ گرنگی ستراتیژی شارۆچکەکە لە ناوچەی باخموت.
“یڤگنی پریگۆژین” کانەکانی بە “تۆڕێکی شاری ژێرزەمینیی” وەسف کردووە
ناوبراو کانەکانی بە “تۆڕێکی شاری ژێرزەمینیی” وەسف کردووە کە دەتوانێت “ژمارەیەکی زۆری خەڵک لە قووڵایی 80-100 مەتر” داڵدە بدات، هەروەها دەکرێت وەکو رێگەیەک بۆ جوڵەی ئازادیی تانک و ئۆتۆمبێلە سەربازییەکان بەکاربهێندرێتت.
بەڵام بەریتانیا پێی وایە بەهۆی سەقامگیری هێڵەکانی بەرگریی ئۆکراین، روسیا ناتوانێت بە ئاسانی و دەستبەجێ شاری باخموت بگرێت.
پێشتر بەرپرسێکی باڵای سەربازی لە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رۆژی دووشەممە رایگەیاند کە “بەشێکی باش”ی شارۆچکەی سۆلێدار لە دەستی روسیادایە.
چەند مانگێکە شەڕ لە دەوروبەری باخموت بەردەوامە و ئەو بەرپرسە ئەمریکییە دوایین پێکدادانەکانی ئەو ناوچەیەی بە جەنگێکی “دڕندانە” وەسف کردووە.