خۆپیشاندان و ئاڵۆزی لە تاران و چەندین شاری دیکە بەردەوامە، لەگەڵ خۆرئاوابوون نائارامی سەرهەڵدەداتەوە، شەوی رابردوو تاوەکو بەرەبەیان لە تاران و دەیان شاری دیکە بەردوام بوو، دۆخە لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش نائارامە.
حەمید بەهرامی، سەرۆکی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بە زوومی گوت:
تاوەکو بەرەبەیان شاری شنۆ بە دەست خۆپیشاندەرانەوە بووە، حکومەت یەکە سەربازییەکانی بۆ پایەگاکان گواستووەتەوە، هێزە ئەمنییەکان راستەوخۆ تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردووە، زۆرینەی شارەکانی رۆژهەڵات خۆپیشاندانی تێدا بەردەوامە.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاویش دەڵێت خۆپیشاندەران شاری شنۆیان کۆنترۆڵکردووە .
ناڕەزایەتییەکان چاوی جیهانی لەسەرە، رێکخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ دەڵێت، دەبێت جیهان رێوشوێنی پێویست دژی ئێران بگرێتەبەر .
رێکخراوەکە دەڵێت، ئازایەتی خۆپیشاندەران، توڕەیی خەڵک لە دژی یاساکانی باڵاپۆشی ناچاریی، کوشتنی نایاسایی و سەرکوتکردنی بەربڵاوی دەسەڵات دەردەخات.
هێشتا ئاماری نوێی زیانە گیانییەکانی خۆپیشاندەران بڵاونەکراوەتەوە، رێکخراوی هەنگاو دەڵێت، سەرقاڵی کۆکردنەوەی ئامارەکانن و دواتر بڵاوی دەکەنەوە.
رێکخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ دەڵێت، هێزە ئەمنییەکان بە ئەنقەست تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردووە.، ئەو ئامارانەی بە رێکخراوەکە گەیشتووە 30 کوژراوە، کە چواریان منداڵن، لەوبڕوایەدایە ژمارەی راستەقینەی کوژراوەکان لەوە زیاترە.
ئەمنستی ئینتەرناشناڵ هۆشداری دەدات لە مەترسی خوێنڕشتنی زیاتر ، بەگوێرەی راپۆرتەکە تەنها لە یەک شەودا و لە 21ی ئەم مانگە 19 هاوڵاتی لە نێویاندا 3 منداڵ بە گولـلەی هێزە ئەمنییەکان کوژراون.
زۆرترین کوژراو لە شارەکانی ئەلبورز، ئەسفەهان، ئیلام، کوهگیلویە و بۆیەر ئەحمەد، کرماشان، سنە، مەنزەدان، سمنان، تاران و ورمێ تۆمارکراون.