زنجیرەى «خیانەتەکان»
مێژووى سیاسەت، زۆر ڕووداوى لەو جۆرەى تیایە کە پێى دەوترێت “خیانەت”. مادام سیاسەت چالاکییەکى مرۆییە، ئەوا ئەم چالاکییەش وەک هەر چالاکییەکى ترى مرۆڤ پڕێتى لە لادان، سەرپێچى، درۆ، خۆخۆرى و هتد. ئەمەش لە مێژووى گەلێکەوە، بۆ مێژووى گەلێکى تر گۆڕانى بەسەردا دێت. خیانەت یان لادانى سیاسى، لەبنەڕەتدا دەبێت حاڵەتێکى ئاوارتە (ئیستیسنا) بێت، شتێک بێت لەژێر دۆخێکى هەرەناچارى دا ڕووبدات و پاشان بەخۆداچوونەوە و داواى لێبوردن هەبێت. بەڵام لە مێژووى کورددا، وەک بەڵگەنەویستێکى لێهاتووە، وەک ڕێسایەک کە دووبارەدەبێتەوە. وەکبڵێى شتێکى ویستەکى و ئازادانەیە. شتێکە بەدەستى خۆت، نەک لە دەستت دەرچووبێت. بە زمانێکى تیۆرى بیڵێین، جۆرێک لە «دووبارەکردنەوەى ناچارى» کە تازە وەک نەخۆشییەکى لێ هاتووە و بکەرەکانى زاڵ نابن بەسەریدا و بگرە چێژیشى لێ وەردەگرن.
ساڵانە کە دەگاتە سىویەکى ئاب، پرۆسەى سیاسى و تەنانەت ئەخلاقیی مرۆى کورد دەگاتە سفر. جۆرێک لە سفربوونەوە ڕوودەدات. ڕووداوێکى بەزەبر و تراومایی هەیە لەپێشەوە کە لە مێژووى نوێدا هەرس نەبووە. ڕووداوێک کە گەر بۆ ماوەیەکى کاتییش بێت، سفربوونەوەیەک درووستدەکات. ئەوەى کە زمان هیچ گوزارشتێک لەم ڕووداوە نەکات، لەژێر ناوى “خیانەت”دا نەبێت. خیانەت، بەگشتى لە ژیانى مرۆڤەکاندا ساتى سفربوونەوەیە. زمان و مێژوو و پەیوەندییەکان تووشى جۆرێک لاڵى، جۆرێک پچڕان دێن (ئەوەى ناوماننا سفربوونەوە). گوژمى نەرێنیی “سىویەکى ئاب” دەگەڕێتەوە بۆ ساتى ڕوودانەکەى کە کۆمەڵێک هاوکێشەى قورس، یان بڵێین چەند ناکۆکییەکى قووڵ پێکدا ڕۆیشتوون: چەند ساڵێکى کەمە خەڵکى کورد ڕووبەڕووى ئەنفال و جینۆسایدێکى فیعلى بووەتەوە، هەر کەمێک دواى ئەوە ڕاپەڕینێک ڕوودەدات و جۆرە هەستێکى سەرکەوتن لەم مرۆڤە پاکتاوکراوەدا ڕوودەدات. ئەم هەستە زۆر ناخایەنێت، لە شەڕى ناوخۆدا تەڵخدەبێت (گەرچى شەڕى ناوخۆ بۆ پێش ڕاپەڕین دەگەڕێتەوە، بەڵام لێرەدا ناوخۆبوون ماناى تەواوەتیی خۆى وەردەگرێت کە پاش ئازادبوونێکى سیاسیی ناوخۆیی ڕوویداوە). تا ئێرە ناکۆکییەکە چاوەڕێکراوە، پاکانەحسێبێکى کۆنتر هەیە تێرنەبووە و یەکلانەبووەتەوە. بەڵام کاتێک کار دەگاتە هێنانەوەى هێزەکانى داگیرکەر، ناکۆکیی ناو هاوکێشەکە دەگاتە ترۆپک و نوێترین ماناى “خیانەت” دەگرێتەخۆى و تا ئەمڕۆکەش شتێکى ئەوتۆى لێ کاڵ نەبووەتەوە. بەڵام شێوازى مامەڵەکردنەکە جێگیر نیە. بە دەربڕینێکى تر، شێوازى ڕەمزاندنى ئەم ڕووداوە تراوماییە، لە کرژبوونەوە و فراوانبوونەوەدایە. هەم لەلایەن ئەوانەى ئەنجامیانداوە و هەم ئەوانەشى خۆراکى خۆیانى لێوە وەردەگرن. لێرەدا دیقەتى سێ خاڵى سەرەکى دەدەین لە پەیوەندییدا بەم مامەڵەیەوە:
١) حیزبى کوردى، چاوەڕێیە «خیانەت»ێک بە «خیانەت»ێکى تر پاک بکاتەوە. واتە بۆ ئەوەى خیانەتێکى خۆى بسڕێتەوە، پێویستى بەوەیە خیانەتێک بخاتە سەر باڵانسى سیاسیی بەرامبەرەکەى. بۆ نمونە، دەمێک بوو لەدواى سىویەکى ئابەوە چاوەڕێى ڕووداوێکى وەک ١٦ـى ئۆکتۆبەر دەکرا بۆ ئەوەى بتوانن قسەى خۆیانیان هەبێت. ئەمەش لە کەلتورێکدا ڕوودەدات کە چەمکى “لێبوردن یان هەڵکردن” گەشەى ئاسایی خۆى نەبڕیوە و ڕابردوویەکى کەڵەکەبوو لە ڕق و ململانێى خوێنین هەیە. لەم حاڵەتەدا، ئەویترى داگیرکەر فەزڵێکى بەسەر نەیارە سیاسییەکەوە هەیە و لەڕووى دەروونییشەوە پتر یارمەتیدەرە بۆ خاڵیبوونەوەى هەرچى گرێ و بەرهەڵستى و کێشمەکێشى سایکۆلۆژییە. واتە، دراوسێیەکى دوورتر لەم دراوسێ بندەستە خۆماڵییە زیاترشایستەى مامەڵەیە. لێرەدا مەبەست لە مەسەلەیەکى وەک «دوژمى دوژمنەکەم، دۆستمە» نیە، بەڵکو ئاڵۆزتر و تەنانەت تراژیدییترە: لێرەدا دوو «دوژمنەکە»ـى تر، دوژمنى دەرەکى و ناوەکى، سەر بە یەک بازنە نین و یەکیان هەر پارچەیەکى دەرهاوێژراوى خۆتە. بەکورتییەکەى، چاوەڕێکردنى ئەوەى خیانەتێک ڕووبدات بۆ ئەوەى خیانەتێک پاک ببێتەوە، زنجیرەیەکى ناکۆتایە و هەرگیز ناگاتە کۆتایی. واتە هیچ دەرەنجامێکى پۆزەتیڤ و بنیاتنەرى نابێت و ڕق وەک نەفییەکى بێبەرهەم ئیشى خۆى دەکات.
لێرەدا مەبەست لە مەسەلەیەکى وەک «دوژمى دوژمنەکەم، دۆستمە» نیە، بەڵکو ئاڵۆزتر و تەنانەت تراژیدییترە
٢) مامەڵەیەکى تر ئەوەیە کە کار بەوەوە ناوەستێت خیانەتێک بە دانەیەکى تر پاکبکرێتەوە، بەڵکو هەوڵدەدرێت خودى خیانەتە بنچینەییەکە وەک شانازى یان تاکتیکێکى سیاسى بخرێتەڕوو. لە ڕووداوەکەى شەنگالەوە کە گوایە تاکتیکێکى سەربازى بووە، باسەکە تەنرایەوە بۆ سەر ڕووداوى سىویەکى ئاب. ئەمڕۆ جیلێکى نوێى حیزبى، بانگەشەى ئەوە دەکەن سىویەکى ئاب ڕووداوێکى سیاسیی گرنگ بووە و هیچ پەیوەندییەکى بە خیانەتەوە نیە. تەنانەت دەگوترێت دواى ئەم ڕووداوە، هەولێر گەیشت بەو «ئاوەدانییەى ئەمڕۆ». ئاشکرایە هیچ پەیوەندییەکى لۆژیکى (یان زەروورى) لەنێوان ڕووداوەکە و پاشهاتەکانیدا نیە، شتەکە پتر مامەڵەیەکى زیادەڕۆیانەى نائومێدانەیە لەوەى ئەو شۆکە بیربچێتەوە. چونکە هەموو ڕووداوێک باش بێت یان خراپ، ڕیزێک شتى ترى بەدوادا دێت. ئەمڕۆ ئەڵمانەکان ناڵێن ئێمە بەهۆى فاشیزمى هیتلەرەوە، گەیشتین بەمڕۆ. گەر لە جێیەکیشدا وەها بڵێن، مەبەست لەوە نیە دەسکەوتەکە ڕاستەوخۆ هى هیتلەر بووە، بەڵکو کاردانەوە و خۆدابڕین بووە لەو قۆناغە. بەڵام ئاخۆ ئەمڕۆ ئێمە لە کوردستان گەشە و ئاوەدانى و دادپەروەرییەکى لەو جۆرە دەبینین تا ڕەوایەتى بە ئەرگۆمێنتێکى ئاوا ڕواڵەتى (فۆرماڵ) و سەمەرە بدەین؟ دیارە هەندێک بووژانەوەى زۆر سادە و ناڕێک، لەڕووى ڕیزبەندیی مێژووییەوە دەبەسترێت بە سىویەکى ئابەوە. بۆ نمونە پارێزگار ڕیزێک دەسکەوت ڕیزدەکات و بە ئاکامى سىویەکى ئابى دەزانێت. بەڵام خاڵى سەرنجڕاکێش لێرەدا هەر ئەوەیە کە هەستێکى گوناهـ هەیە، جۆرێک دانپیانانى شەرمن و نەستەکى بەوەى کە گەر تاوانێکیش ڕوویداوە ئەوا دەکرێت لەڕێى چالاکیی ئیدارییەوە قەرەبووبکرێتەوە. واتە لە زیمندا، قبوڵکردنێک هەیە. لە زیمنى ئەم قبوڵکردنەدا، ئەو فێڵەى تەفسیرکردنیش بۆ شاردنەوەى ڕووداوەکە بەدیدەکەین کە دیاردەگەلى ئێرانیی پاش ڕووخانى بەعس تێکڕا وەک دەرەنجامى ئەو ڕووداوە سەیربکرێت.
“خاڵى سەرنجڕاکێش لێرەدا هەر ئەوەیە کە هەستێکى گوناهـ هەیە، جۆرێک دانپیانانى شەرمن و نەستەکى بەوەى کە گەر تاوانێکیش ڕوویداوە ئەوا دەکرێت لەڕێى چالاکیی ئیدارییەوە قەرەبووبکرێتەوە”
٣) مامەڵەیەکى بنکۆڵکاریی تر هەیە لە ئاستى فاکتدا، ئەمە بێجگە لە پارتى، خەڵکانى دەرەوەى پارتى و بەشێک لە ڕۆژنامەنوسانیش دەگرێتەوە کە دەیانەوێت لەڕێى هەڵکۆڵینى ڕووداوەکەوە شوناسى ڕووداوەکە ڕوونتر بکەنەوە. واتە دەیانەوێت بزانن سىویەکى ئاب چۆن ڕوویدا، کێ دەسپێشخەر بوو، ئایا یەکێتییش هێزى ترى هێنابووە هاناى خۆى؟ پێموایە ئەم هەڵکۆڵینە کاریگەریی لەسەر سیماى سەرەکیی ڕووداوەکە نابێت، ڕووداوەکە تۆماربووە و ناوەڕۆکە تراوماییەکەى لەسەر خەڵکى کورد بەجۆرێکە کە فاکت ناتوانێت شتێکى ئەوتۆى لێ بگۆڕێت. فاکت (زانیارى و ڕاستیى ڕۆژانەیی)، پێدراوى بەشەکى و بچوکن و ناتوانن دەست لە چوارچێوەى گشتیی ڕووداوەکە وەربدەن کە چوارچێوەیەکى بەهایی-مانایی-ئەخلاقى-سیاسییە و مرۆڤ بەبێ هەڵکۆڵینى ئایاگانە، بە شهودى نائاگایانە دەزانێت شتێکى نائاکارى ڕوویداوە. زۆرجار دەستوەردان لە فاکت و وردەکارییەکانى ڕووداوێک، کێشەدارترە و فاکتى زیاتر زیندوودەکاتەوە. هەڵکۆڵین، پتر بۆ مەبەستى ترە و غایەت و ناواخنى ڕووداوگەلى لەم جۆرە ناگۆڕێت. هیگڵ هێند پێداگرى لەسەر ئەم چوارچێوە گشتییەى حەقیقەت دەکات کە فاکت و ڕاستییە بچوکەکان ڕۆڵیان زۆر نامێنێت. تەنانەت پێىوایە بەبێ چوارچێوەیەکى تیۆریی گەورە، فاکتەکان چیتر فاکتیش نین، بەڵکو کۆمەڵێک ڕاستیی هەژارن کە بۆ هەمیشە بەدابڕاوى لەو ناوەدا دەمێننەوە. فاکت لەم حاڵەتانەدا، پتر چەندێتیی شتێکت بۆ ڕووندەکاتەوە نەک چۆنیەتى، واتە کاریگەریى لەسەر ناوەڕۆکى ڕووداوەکە نابێت. تاکە فاکتێک بلکێت بە مێژووەوە هەر ئەوەیە کە حیزبێکى کوردى لە ترسى لەناونەچوونى، پەنا بۆ داگیرکەرێک دەبات. ئەم ترسە، لەڕاستییدا ئەمڕۆش لەناونەچووە و لاى هەموو حیزبێکى کوردى ئامادەیە. هەتا ترسەکە وەک هەمیشە لە خانەکانى کۆمەڵگاشدا ئامادەیە و سایکۆلۆژیایەکى نوێ نەهاتووەتەئاراوە ئەم ترسە بڕەوێنێتەوە.
سەرەنجام، ئاشکرایە کە سىویەکى ئاب بۆ هیچ لایەک، بە یار و نەیارەوە، مایەى شانازى نیە. ئەم زنجیرە سەلبییە، دەیان خیانەتى تریشى بەدواوە بێت، بەرهەمێکى مێژوویی نابێت. وەڵامى ئەوەى کەى و چۆن ڕاستییەکان قبوڵدەکەین و کۆتایی بەم زنجیرە سەلبییە دێت، خودى زنجیرەکە دەقرتێنێت.
وەلید عومەر