بەریتانیا بیر لە ناردنی تانکی چاڵنجەر2 بۆ ئۆکراین دەکاتەوە

هێشتا سەرۆکوەزیران بڕیارى کۆتایی نەداوە

بەریتانیا بیر لەوە دەکاتەوە کۆمەڵێک تانکی چاڵنجەر2 بۆ ئۆکراین دابین بکات، ئەمەش بۆ یەکەمجارە وڵاتێکی رۆژئاوا ئاماژە بدات بە ناردنى تانکە قورسەکانی بۆ بەرەکانى جەنگى ئۆکراین لە دژی روسیادا.

بەگوێرەى زانیارى سەرچاوەیەکى رۆژئاوایی نزیکەى دوو هەفتەیە گفتوگۆکان بۆ ناردنى تانکەکە بەردەوامە، بەڵام هێشتا حکومەتەکەى ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانى بەریتانیا بڕیارى کۆتایی لەسەر نەداوە.

20ى مانگ هاوپەیمانەکانى کیێڤ کۆدەبنەوە

بەرپرسانى بەریتانیا نە پشتڕاستى دەکەنەوە و نە رەتیدەکەنەوە. بەڵام بڕیارە 20 ئەم مانگە وەزیرانى بەرگرى هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانى ئۆکراین کۆببنەوە. چاوەڕوان دەکرێت تاوتوێی پرسی ناردنى تانک و هاوکارى نوێ بۆ روبەڕوبوونەوەى روسیا بکەن.

هاوپەیمانییەکە ژمارەیان 50 وڵاتە و ئەمریکا سەرۆکایەتى دەکات، بەریتانیا یەکێکە لەو وڵاتانەى هاوکارى سەربازى بۆ ئۆکراین دەنێرێت.

دوو بەرپرسی ئاگادارى گفتوگۆکانى تایبەت بە ناردنى چاڵنجەر2، جەخت لەسەر چڕبوونەوەی هەوڵەکانی هاوپەیمانانی کیێڤ دەکاتەوە بۆ دابینکردنی چەکی هێرشبەری قورستر بۆ ئۆکراین.

ئەگەر بەریتانیا تانکى چاڵنجەر بنێرێت بۆ ئۆکراین، دەبێتە یەکەمجار وڵاتێکی رۆژئاوایی تانکی سەرەکی جەنگی مۆدێرن بدات بە ئۆکراین بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێزەکانی روسیا.

بیرکردنەوەکەى بەریتانیا بۆ ناردنى چەکى قورس بۆ ئۆکراین، دوای بڕیارەکەى هەفتەی رابردوو ئەمریکا و فەرەنسا و ئەڵمانیا دێت، کە ئۆتۆمبێلی شەڕکەری پیادە بۆ ئۆکراین دەنێرن.

ئەو بڕیارانە کۆتایی بە فشارەکانی چەند مانگێکى کیێڤ هێنا، بۆسەر هاوپەیمانانەکانى، کە داواى ناردنی چەکی هێرشبەری قورستر دەکات.

هەندێک لە حکومەتەکان لەوبڕوایەدان ئەو هەنگاوە نوێیانە وڵاتانی ئەندامى ناتۆ لە ململانێی راستەوخۆ لەگەڵ سوپای روسیا نزیکتر دەکاتەوە.

چاوەڕواندەکرێت بەریتانیا 10 تانکى چاڵنجەر2 بۆ ئۆکراین بنێرێت

بەگوێرەى ماڵپەڕی وەزارەتی بەرگری بەریتانیا، چالنجەر 2 تانکی سەرەکی شەڕە و بۆ لەناوبردنی تانکی دیکە دروستکراوە.

بە گوتەى سەرچاوەیەکى بەریتانى چاوەڕواندەکرێت بەریتانیا 10 تانکى چاڵنجەر2 بۆ ئۆکراین بنێرێت.

سەرچاوەکە دەڵێت، ئەمە نابێتە “گۆڕانکاری تەواوەتى یارییەکە” بەڵام گرنگییەکی زۆرى دەبێت و دەبێتە گۆڕانکارى لە هاوسەنگى هێز لە بەرژەوەندى ئۆکراین.

ئەم هەنگاوە ئەو بەربەستەش دەشکێنێت، کە تاوەکو ئێستا رێگری لە هاوپەیمانان کردووە تانکی رۆژئاوایی پێشکەش بە ئۆکراین بکەنن لەترسی ئەوەى راستەوخۆ نەچنە نێو ململانێوە لەگەڵ روسیا.

چاڵنجەر2 لە جەنگى عێراق بەکارهێندرا

Soldiers of 1 A Squadron, Queens Royal Lancers (QRL) patrolling outside Basra, Iraq onboard a Challenger 2 Main Battle Tank during Operation Telic 4.

سەرچاوەیەکى ئۆکراینى دەڵێت، ئەم هەنگاوە هانى وڵاتانى دیکەى هاوپەیمانى کیێڤ دەدات بۆ ئەوەى ئەوانیش هەمان هەنگاو بنێن.

چاڵنجەر2 لە جەنگى بۆسنە و کۆسۆڤۆ و عێراق بەکارهێندرا، بەوە ناسراوە کە رۆڵى گەورەوەى هەبووە لەو جەنگانەدا.

تایبەتمەندییەکانى چاڵنجەر2 چین؟

کێشی زیاتر لە 65 تۆنە

درێژییەکەی 13.5 مەترە

زۆرترین خێرایی 60 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا

شەش گێڕی بۆ پێشەوە و دوو گێڕی دواوە هەیە

تۆپى 120 ملمى لەسەرە

توانای سوڕانەوەی 360 پلەی هەیە

 

 

 

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button