گەڕانەوەی پەنابەرە سورییەکان گورز لە پیشەسازی تورکیا دەدات

 

11 ساڵە لە تورکیا دەژین، ئەوان لە شەڕ هەڵهاتن، هەرچەندە هێشتا ناوبەناو شەڕ لە وڵاتەکەیان روودەدات، بەڵام وردە وردە دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

سەرەتا ژمارەیان نزیکەی پێنج ملیۆن پەنابەر بوو، بەڵام ئێستا کەمترە لە سێ ملیۆن و 700 هەزار پەنابەر، ئەوکات دەنگی ناڕەزایی هاوڵاتیانی تورکیا بەرامبەر وەرگرتنی ئەو ژمارە زۆرەی پەنابەر دەبیسترا، ئێستاش دەنگی ناڕازی بەرامبەر گەڕانەوەیان دەبیسترێت.

ئەمجارە خاوەن کارگە و پیشەسازییەکان نیگەرانن، بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی تورکیە، هەفتانە نزیکەی هەزار پەنابەری سوری تورکیا جێدەهێڵن، تاوەکو کۆتایی مانگی رابردوو 40 هەزار و 465 هاوڵاتی بیانی تورکیایان بەجێهێشتووە، کە زۆرینەیان سورین.

شوێندەستی پەنابەرە سورییەکان لەنێو پیشەسازی تورکیادا دیارە، بەتایبەتی لە بواری چنین و قوماشدا، بۆیە کاتێک دەگەڕێنەوە، کێشەی دەستی کار بۆ کارگەکان دروست دەبێت، هەندێک وەبەرهێن و خاوەن کارگە بە رۆژنامەکەیان گوتووە، کرێکار نییە تاوەکو کاری پێبدەن.

بەلای وەبەرهێن و خاوەن کارگەکانەوە باشییەکانی پەنابەرانی سوریا ئەوەیە بە موچەیەکی کەم، کارێکی باشتر لە کرێکارانی تورکیا دەکەن، کرێکارانی تورکیا پیشەی ئاسانیان دەوێت و موچەی زۆریش .

ناوچەی زەیتونبورنۆی ئیستەنبوڵ، بە دڵی بەرهەمهێنانی چەرم ناسراوە، ئێستا توانای کارکردن لە کارگەکانیدا 30٪ کەمیکردووە، هۆکارەکەی کەمی کەسانی شارەزایە.

خاوەن کارگەیەک بە رۆژنامەکەی گوتووە، وەستایەکی باشی سوری کەرتی چنین و قوماش بە موچەی مانگانەی حەوت هەزار و 500 لیرە کار دەکات، بەڵام وەستایەکی تورک بۆ هەمان پیشە، بە 15 هەزار لیرە کار دەکات.

ئێستا هەموو کەرتەکانی پیشەسازی تورکیا پێویستیان بە کرێکارە، بە گەڕانەوەی زیاتری پەنابەران پێویستییەکەیان زیاتر دەبێت، بۆ نمونە:
کەرتی چین و قوماش پێوسیتی بە 60 هەزار کرێکارە
پیشەسازی چەرم 10 هەزار کرێکار
پیشەسازی مۆبیلیات 25 هەزار کرێکار
پیشەسازی ئامێر و بزوێنەر 20 هەزار کرێکار
کەرتی گەشتیاری و خۆراک 15 هەزار
پیشەسازی ئۆتۆمبێلیش پێوسیتی بە 5 هەزار کرێکارە

٪93.7ی ئاوارە و پەنابەرەکان لەنێو شارەکان دەژین و دەست و پەنجەیان لەگەڵ دەستی کار لە تورکیادا نەرم کردووە ، بۆیە گەڕانەوەیان وەک گورزێک بەر پیشەسازی تورکیا دەکەوێت، ئەگەرچی حکومەتی تورکیا ئەوەی دەوێت، و کار بۆ گەڕانەوەیان دەکات .

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button