یەکگرتنی ئۆپۆزسیۆن یان سەرکەوتنەوەی ئەردۆغان

 

ساڵێکی دیکە هەڵبژاردنەکانی تورکیا بەڕێوەدەچێت، کێ دەچێتە سەر کورسی سەرۆککۆمار؟ مژاری گەرمی ئێستای تورکیایە.

رەجەب تەیب ئەرۆغان، سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدان 21 ساڵە یان لەسەر کورسی سەرۆکوەزیرانە یان سەرۆککۆمار، ئێستاش خۆی بۆ خۆلێکی دیکەی سەرۆککۆمار ئامادە دەکات.

رکابەرەکانیشی هەم زۆر و هەم بەهێزن، بەڵام تاوەکو ئێستا پەرش و بڵاون، بۆیە ترسیان لە کەوتنی خۆیان و سەرکەوتنی ئەردۆغان هەیە.

مەڕال ئاکشەنەر کە سەرۆکی پارتی باشە، پارتەکەی لەگەڵ پێنج لایەنی دیکەی ئۆپۆزسیۆندا هاوپەیمانی گەلیان پێکهێناوە. ئەو دەڵێت، ئەگەر پرۆسەی خۆئامادەکردن بۆ هەڵبژاردن بە باشی بەڕێوە نەبرێت، مەترسی دۆڕاندنی ئۆپۆزسیۆن هەیە. ترسەکەی ئاکشەنەر، بووە بە پرسێکی گەرمی میدیاکانی تورکیا.

قسەکە لەسەر پرسی یەکلایینەکردنەوەی کاندیدێکی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆنە، کە دەبێتە رکابەری ئەردۆغان .

هەڵبژاردنی گشتی و سەرۆکایەتی تورکیا 18ی حوزەیرانی 2023 بەڕێوەدچێت

لایەنەکان بەسەر سێ بلۆکی سەرەکیدا دابەشبوون:

هاوپەیمانی کۆمار: لە ئاکەپە و مەهەپە پێکدێت و ئێستا دەسەڵاتدارە

هاوپەیمانی گەل: لە شەش پارتی ئۆپۆزسیۆن پێکدێت، سەرەکیترینیان جەهەپەیە

هاوپەیمانی رەنج و ئازادییەکان: هەدەپە و شەش لایەنی چەپ پێکیان هێناوە

هاوپەیمانی کۆمار، بێ دوودڵی  ئەردۆغان کاندید دەکاتەوە.

بەڵام ئەم پرسە لای ئۆپۆزسیۆن بووە بە گرێکوێرە، وەک میدیاکانی تورکیا دەڵێن هەر لایەنە و دەیەوێت کورسییەکەی سەرۆککۆمار بۆ خۆی بێت.

جەهەپە، کە گەورەترین لایەنی ئۆپۆزسیۆنە لە هاوپەیمانی گەلدا، سورە لەسەر کاندیدکردنی کەمال کلچدارئۆغلۆی سەرۆکی پارتەکە پارتی باشیش، کار بۆ کاندیدکردنی مەڕال ئاکشەنەری پارتەکە دەکات.

لایەنەکانی دیکەی نێو هاوپەیمانێتی گەل تاوەکو ئێستا بێدەنگن و ناوی کاندیدیان نەهێناوە، گڵۆپی سەوزیان بۆ کاندیدی لایەنەکانی دیکە هەڵ نەکردووە.

عەبدوڵا گویل ساڵانی 2007 تاوەکو2014 سەرۆککۆماری تورکیا بوو، ئێشتاش هاتووەتەوە نێو گۆڕەپانەکە، دەیەوێت ببێت بە کاندیدی دڵخوازی شەش لایەنەکەی نێو هاوپەیمانی گەل، بەبێ ئەوەی خۆی پارتی هەبێت.

کەسێکی دیکە لەنێو میدیاکانی تورکیا ناوی زۆر دەهێندرێت، ئەویش ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ، سەرۆکی گەورەشارەوانی ئیستەنبوڵە لەسەر لیستی جەهەپە.

پارتی دیموکراتی گەلانیش لەگەڵ لایەنە چەپەکان گەیشتووتە رێککەوتنی کۆتایی و یەکشەممەی داهاتوو هاوپەیمانی رەنج و ئازادییەکان رادەگەیەنن، ئەوانیش تاوەکو ئێستا باسی کاندیدێکی دیاریکراویان نەکردووە.

بەگوێرەی دواین راپرسی، کە کۆمپانیای شیکاری و هەڵسەنگاندن و توێژینەوە (ئادا) ئەنجامیداوە، هاوپەیمانی کۆماری ئاکەپە و مەهەپە 45٪ی دەنگەکان بەدەستدەهێنن، هەموو لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنیش 55٪ی دەنگەکان بەدەستدەهێنن.

کەواتە ئەگەر ئۆپۆزسیۆن یەک نەگرن بۆ پێنج ساڵی دیکەش ئەردۆغان سەرۆککۆمار دەبێت.

هەواڵی زیاتر

Back to top button