ئاگربەستەکەی رووسیا کۆتایی هات و لە تەقەی یەکەمدا کەسێک کوژرا

دەنگی چوار تەقینەوە لە خارکیڤ بیستراوە

زووم، ئاژانسەکان:

رووسیا کۆتایی بە ئاگربەستە 36 کاتژمێرییەکە هێنا و بە گوتەی بەرپرسانی ناوخۆیی وڵاتەکە، شەوی رابردوو بۆردومانی چەند ناوچەیەکیان کردوە لە رۆژهەڵاتی ئۆکراین و لانیکەم کەسێک کوژراوە.

کۆشکی سەرۆکایەتیی روسیا، بەبۆنەی جەژنی کریسمسی ئۆرسۆدۆکسەکانەوە، بۆ ماوەی 36 کاتژمێر ئاگربەستی لەگەڵ ئۆکراین راگەیاندبوو، هەرئەوکات ئۆکراین ئاگربەستەکەی قبوڵ نەبوو گوتبووی “ئاگربەست کاتێک قبوڵە کە لە خاکەکەمان بکشێنەوە”.

دوای 10 مانگ جەنگ.. 36 کاتژمێر ئاگربەست

ئاگربەستەکە لە رۆژی هەینی کاتژمێر 12ی نیوەڕۆ بە کاتی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و 36 کاتژمێری خایاند.

حاکمی ناوچەی ئۆلێ سینهۆبۆف، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تێلیگرام رایگەیاند، بەهۆی بۆردومانەکانی شەوی رابردووی روسیا پیاوێکی 50 ساڵان لە خارکیڤی رۆژهەڵاتی ئۆکراین کوژراوە، راشیگەیاند لە ناوچەی مێریڤا لە خارکیڤ دوو موشەک بەرپەرچدراوەتەوە.

ئاژانسی سپۆتنیک، بڵاویکردەوە دەنگی چوار تەقینەوە لە خارکیڤ بیستراوە، لەگەڵ زنجیرەیەک تەقینەوە لە کراماتۆرسک، کە دەکەوێتە ناوچەی دۆنیتسک (ئەو بەشەی لە ژێر دەسەڵاتی ئۆکراینە).

چوار تەقینەوە لە خارکیڤ بیستراوە، لەگەڵ زنجیرەیەک تەقینەوە لە کراماتۆرسک

هاوکات لە شاری باخموت، لە باکوری رۆژهەڵاتی دۆنیتسک، دەنگی تەقینەوەی چەند موشەکێک بیستراوە.
دوێنێ شەممە (7ی کانوونی دووەمی 2023)، مۆسکۆ رایگەیاندبوو، پابەندین بە راگرتنی جەنگ بۆ ماوەی 36 کاتژمێر “هەرچەندە ئۆکراین رەتیدەکاتەوە”.

بەڵام لە بڵاوکراوەیەکیدا لەسەر فەیسبوک، دەستەی ئەرکانی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئۆکراین رایگەیاند، هێزەکانی روسیا بە درێژایی هێڵی روبەروبونەوە بۆردومانی 10 پێگە و کۆمەڵگەی نیشتەجێبونی کردوە.

ڤۆلۆدیمێر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکراین لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، قسەیان دەکرد دەربارەی راگرتنی جەنگ، بەڵام راستیەکە ئەوەیە موشەکەکانی رووسیا دوبارە باخموت و پێگەکانی تریان بە ئامانج گرتووە.
زێلینسکی گوتیشی “ئەم هێرشانە دەریدەخەن، رووسیا جێگەی متمانە نیە”.

ئەم هێرشانە دەریدەخەن، رووسیا جێگەی متمانە نیە

ڤۆلۆدیمێر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکراین

 

لە وەڵامدا روسیا رایگەیاند، تەنها تۆپی تانکەکان وەڵامی هێرشەکانی ئۆکراینیان داوەتەوە.

هێزە چەکدارەکانی روسیا لە مانگی ئۆکتۆبەری رابردووەوە، بە چەکی ئاستبەرزی دوورمەودا هێرشی چڕیان بۆ سەر پێگەی سەربازی و دامەزراوەکانی وزە لە ئۆکراین دەستپێکردووە، دوای ئەوەی هێرش کرایە سەر پردی کریمیا، کە روسیا دەزگای هەواڵگری ئۆکراین تۆمەتبار دەکات لەو هێرشەدا.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button