هەرێمە ئاوییەکانى نێوان چین و تایوان دەکوڵێن

 

کەشتى زەبەلاحى “هيگينز”ى ئەمریکیی و کەتیبەى “ڤانکۆڤەر”ى کەنەدى بە گەرووی تایواندا تێپەڕین و چینیش ئەمە بە ئەوپەڕى “رێزنەگرتن” و “ئیستفزاز” ناو دەبات، لە بەرامبەردا تەواوى هێزەکانى لە بەرەى رۆژهەڵات خستە حاڵەتى ئامادەباشى لوتکەوە و جموجوڵە سەربازییەکانى زیاتر کرد.

وەزارەتى بەرگریی تایوان دەڵێت: لە 24 کاتژمێرى رابردوودا، 24 جار فڕۆکە جەنگییەکانى چین هێڵى ناوەندى گەرووى تایوانیان بەزاندووە.

بەگشتى کەشوهەواى ناوچەکە بۆنى جەنگێکى وێرانکەرى لێ دێت، ئەمریکا بە توندى هاتووەتە نێو ململانێکانەوە و دەڵێت: “تا دوا فیشەک بەرگریی لە تایوان دەکەین”.

جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا بە لێدوانێک، بەنزینى زیاترى بە ئاگرەکەدا کرد بایدن بە راشکاوى گوتى: ئەگەر جەنگى نێوان چین و تایوان رووبدات، پاڵپشتییان بۆ تایوان وەک ئۆکراینا نابێت، بەڵکو بە فعلی سەربازی کوڕ و کچى ئەمریکی دەنێرن بۆ بەرگریی لە تایوان، لە وەڵامی ئەمەشدا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین گوتى: “پەکین بە توندی دژی ئەو لێدوانانەی سەرۆکی ئەمریکایە”.

سەردانەکەى سەرەتای مانگی ئابى نانسی پیلۆسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بۆ تایوان، رقى چینی بەرامبەر ئەمریکا لە دۆسیەى تایواندا ئەستورتر کرد.

دوای سەرانەکەی پێلوسی، چین دەستی بە مانۆڕە سەربازییەکانى کرد، مانگی رابردوودا گه‌وره‌ترین مانۆڕى سه‌ربازیی له‌ ئاسمان و ده‌ریاكانی ده‌وروبه‌ری تایوان ئه‌نجامدا، کە له‌ نێویاندا هه‌ڵدانی موشه‌كی کیشوەربڕیشی تێدابوو.

چین تایوان وەک پارێزگایەکی جیابووەوەی خۆی دەبینێت، کە پێیوایە دواجار دەبێت بچێتەوە ژێر کۆنترۆڵی پەکین، سەرۆک شی جینپینگ گوتی: “یەکگرتنەوە” لەگەڵ تایوان دەبێت بەدی بهێنرێت، بە خۆشى بێت یان بە شەڕ.

بەڵام تایوان خۆی بە خاکێکی جیاواز لە چین دەبینێت، کە دەستووری تایبەتی خۆی هەیە و سەرکردەکانی بە شێوەیەکی دیموکراسی هەڵبژێردراون.

تایوان دوورگەیەکە، بە نزیکەیی 161 کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی باشووری رۆژهەڵاتی چینەوە دوورە.

ئابووری تایوان گرنگییەکی گەورەی بۆ جیهان هەیە، زۆربەی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی رۆژانەی جیهان، لە مۆبایلەوە تا لاپتۆپ، کاتژمێر و ئامێرى یارییەکان، کە بە چیپی کۆمپیوتەری کاردەکەن، لە تایوان دروستدەکرێن.

هەواڵی زیاتر

Back to top button