هەدەپە کاندیدی سەربەخۆى بۆ سەرۆکایەتی تورکیا دەبێت

پەروین بوڵدان: بەمنزیکانە کاندیدەکەمان ئاشکرا دەکەین

پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی پارتى دیموکراتى گەلان (هەدەپە) رایگەیاند، بە کاندیدێکی سەربەخۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تورکیا دەکەن.

پەروین بوڵدان، لە چوارەمین کۆنگرەی رێکخستنی هەدەپە لە پارێزگای قەرسی باکوری کوردستان گوتی، ئێستا زۆر کەس چاوەڕێی لایەنەکان دەکەن، کە کاندیدی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا ئاشکرا بکەن ” ئێمە وەک هەدەپە بە زوترین کات کاندیدی خۆمان ئاشکرا دەکەین، هیچ پەیوەندیەکمان لەگەڵ هاوپەیمانی کۆمار و هاوپەیمانی گەل نییە” بەڵام هەندێک هاوبەشی لەنێوان ئێمە و لایەنەکاندا هەیە، کە دواتر پێکەوە دادەنیشین و قسەی لەسەر دەکەین.

هاوسەرۆکی هەدەپە دەڵێت، بڕیاری هەدەپە روون و ئاشکرایە، کە کاندیدی سەربەخۆی دەبێت. هەدەپە لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی هاوپەیمانی رەنج و ئازادی، هاوبەشەکانمان، گەنجان و ژنان، لەم بارەیەوە راوێژ دەکات.

پەروین بوڵدان گوتى، پێویستە کەس هەدەپە بە پارتێکی دیکەوە نەبەستێتەوە، هەدەپە لە تورکیا “ئیرادە و هێزێکی گەورەیە” و بەو شێوەیە هەوڵدەدات لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگێکی زیاتر بەدەستبهێنێت.

بڕیارە 18ی حوزەیرانی ئەمساڵ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا ئەنجامبدرێن

هاوپەیمانی کۆمار بە شێوەیەکی نافەرمی باسی کاندیدکردنەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان دەکات، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک کاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار بە فەرمی ئاشکرا نەکردووە.

سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە، کە لە زیندانی پیتی (تی) شاری ئەدرنە زیاتر لە شەش ساڵە زیندانیکراوە، رۆژی چواری ئەم مانگە لە گۆتارێکدا رایگەیاند، پێویستە ئۆپۆزسیۆن کاندیدی هاوبەشی هەبێت.

دەمیرتاش: بەخێر بێیت گەورەترین ساڵی گۆڕانکاری

دەمیرتاش بانگەوازێکی ئاڕاستەی ئۆپۆزسیۆن کرد و وتی، 27 پارتی سیاسی بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکەن، پێنج لە پارتەکان سەر بە دەسەڵاتن و 22 پارت ئۆپۆزسیۆنن. ئەگەر هەموو پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانیش نەتوانن، بەڵام زۆرینەیان دەتوانن لەسەر مانیفیستۆیەتی دیموکراتی 10 خاڵی رێکبکەون، ئەگەر ئۆپۆزسیۆن کاندیدی هاوبەشی نەبێت بۆ پۆستى سەرۆککۆمار روبەڕوی تراژیدیا دەبینەوە.

هەرچەندە، بەگوێرەی 90٪ی راپرسیەکان، هاوپەیمانی کۆماری دەسەڵاتدار، لە مەرامبەر ئۆپۆزسیۆنی گەلی ئۆپۆزسیۆن شکست دەهێنێت، بەڵام دەنگەکانیان زۆر نزیکە لە یەکەوە، بۆیەش هەدەپە کە بەگوێرەی راپرسیەکان 9.0٪ بۆ 11.0٪ دەنگەکان بەدەست دەهێنێت، وەک کلیلی یەکلاکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەبینرێت و ئەگەر دەنگ بە لایەنێک بدات، بە مسۆگەری ئەو لایەنە سەردەکەوێت.

هەواڵی زیاتر

Back to top button