راهێنەری عێراق: لە جامی کەنداودا بە فەلسەفەی ئیسپانی یاری دەکەین

"هەوڵمانداوە شێوازێکی یاریکردن هەڵبژێرین نزیک بێت لە شێوازی یاریکردنی هەڵبژاردەی ئیسپانیاوە"

زووم:

خیسۆس کاساس راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق، دەڵێت بە فەلسەفەی ئیسپانی بەشداریی لە جامی کەنداودا دەکەین “هەوڵدەدەین بە شێوازێکی نزیک لە شێوازی یاریکردنی هەڵبژاردەی ئیسپانیا یاری بکەین”.

سبەی هەینی 6ی کانوونی دووەمی 2023 بە یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردی عێراق و عومان، جامی کەنداوی 25 لە بەسرە دەستپێدەکات.

خیسۆس کاساسی ئیسپانی راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا، گوتی، “یارییەکەمان بەرامبەر عومان، دەبێتە سەرەتایەک بۆ کاروانێکی دوور و درێژ.. درک بەوەدەکەین جامی کەنداو پاڵەوانێتییەکی گرنگە بەلای عێراقییەکانەوە”.

کاساس، کە پاییزی رابردوو ئەرکی مەشق و راهێنەرایەتیی هەڵبژاردەی عێراقی وەرگرت، دەڵێت، “شانازییەکی گەورەیە لەناو عێراقدا یاری دەکەین، ئامانجمان ئەوەیە دڵی عێراقییەکان خۆش بکەین”.

کاساس (50 ساڵ) لەدایکبوونی مەدریدی پایتەختە، ئەزموونی راهێنەرایەتیی لە ئیسپانیا و ئینگلتەرا هەیە، لە دوو کاتی جیاوازدا وەکو راوێژکار و شرۆڤەکاری یاریی لە یانەی بەرشەلۆنە کاری کردووە.

راهێنەرە ئیسپانییەکە، دەڵێت، بە فەلسەفەی ئیسپانییەوە بەشداریی لە جامی کەنداودا دەکەین “هەوڵمانداوە شێوازێکی یاریکردن هەڵبژێرین نزیک بێت لە شێوازی یاریکردنی هەڵبژاردەی ئیسپانیاوە”.

هەڵبژاردەی عێراق لە جامی کەنداوی 25 لەنێو یاریگەی خۆی یاریدەکات، لە گروپەکەیدا روبەڕوی هەڵبژاردەکانی عومان، سعودیە و یەمەن دەبێتەوە.

شێرەکانی رافیدەین شانبەشانی سعودیە و قەتەر تاوەکو ئێستا سێ جار نازناوی پاڵەوانێتییەکەی بردووەتەوە، کوەیت خاوەنی زۆرترین نازناوە و 10 جار بووەتە پاڵەوان.

دوایینجار ساڵی 1988 بوو، کە عێراق نازناوەکەی بەدەستهێنا. هەروەها ساڵی 1979 دوایینجار بوو کە عێراق میوانداریی پاڵەوانێتییەکە بکات.

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button