دهۆک یاریی مردن و ژیان دەکات

 

بەلای هاندەرانی یانەی دهۆکەوە، ئەمڕۆ رۆژێکی مێژووییە، چونکە یانەکەیان یارییەکی یەکلاکەرەوە ئەنجامدەدات، یان ئەوەتا دەگاتەوە ریزی خولی یانە نایابەکانی عێراق، یاخود ئەو سەدان هاندەرەی بەپاس چونەتە بەغداد، بە دڵێکی شکاوەوە دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

یانەی دهۆک کاتژمێر 6ی ئێوارەی ئەمڕۆ10-9-2022، لە شاری بەغداد روبەڕوی یانەی “ئەمانەی بەغداد” دەبێتەوە.

براوەی یارییەکە سەردەکەوێت بۆ ریزی یانە نایابەکانی عێراق، تیپی دۆڕاویش لە ریزی خولی یانە پلە یەکەکاندا دەمێنێتەوە.

یارییەکە یەکلاکەرەوەیە، هاتن و چوونی تێدا نییە، ئەگەر 90 خولەکی یارییەکە تیپی براوە دیار نەبوو، پەنا بۆ لێدانی یەکلاکەرەوە دەبێت.

دهۆکی پاڵەوانی 2010ی عێراق، چەند ساڵێکە بە دۆخێکی سەختدا دەڕوات

بەشێوەیەک شەش ساڵە خولی نایابی عێراقی نەدیوە، بەڵام ئەمساڵ بە راهێنەرایەتیی سلێمان رەمەزان، پاڵاوتنەکانی بڕیوە و گەیشتوەتە دوایین خاڵ، ئیدی یان سەردەکەوێت و بە دیداری گەورەکان شاد دەبێتەوە و دەچێتە پاڵ هەولێر، نەورۆز و زاخۆ، یاخود دیسانەوە وەکو یاریی مار و پەیژەکە دەگەڕێتەوە خاڵی سەرەتا.

 

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button