نەتەوەیەکگرتووەکان هاوکارییەکانى بۆ ئەفغانستان رادەگرێت

هۆکارەکەى قەدەغەکردنى کارکردنى ژنانە لەلایەن تاڵیبانەوە

نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، هەندێک بەرنامەی هاوکاریی “گرنگ” لە ئەفغانستان بۆ ماوەیەکی کاتی راگیراون و هۆشداری لە راگرتنى زۆرێک لە چالاکییەکانى دیکەش دەدات. هۆکارەکەشى رێکارەکانى تاڵیبانە بۆ رێگەنەدان بە کارکردنى ژنان لە رێکخراوەکاندا.

مارتن گریفیتس، رێکخەری فریاگوزاری نەتەوەیەکگرتووەکان و بەرپرسانی باڵای دەزگا سەرەکییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان، داوایان لە تاڵیبان کرد بڕیاری قەدەغەکردنی ژنان لە کارکردن لە کەرتی مرۆیی هەڵبوەشێننەوە و “هەموو رێنماییەکانی قەدەغەکردنی ژنان لە قوتابخانە، زانکۆ و ژیانی گشتی” پێچەوانە بکاتەوە.

رۆژى 20ى کانوونى دووەم، تاڵیبان بڕیاری بێبەشکردنى کچانى لە خوێندنى زانکۆکان دەرکرد، دواى چوار رۆژ بڕیاریدا چیدیکە رێگە بە کارکردنى ژنان لەنێو رێکخراوە ناحکومییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان نەدرێت. پابەندنەبوونى ژنانیان بە پۆشینى جلوبەرگى ئیسلامى بەهۆکار ناوهێنا.

لە ئەفغانستانەوە.. خوێندن و کار بۆ ژنان قەدەغەیە

تاڵیبان لە مانگی ئاداریشدا رێگری لە خوێندنی کچان لە قۆناغی ئامادەییدا کرد.

نوێنەرانی نەتەوەیەکگرتووەکان و دەزگاکانی فریاگوزاری لە راگەیەندراوێکى هاوبەشدا دەڵێن، هەبوونی “ستافی ژنان کلیلی وەڵامدانەوەی داواکاری هاوکاریییە مرۆیییەکانە لە ئەفغانستان.”

ئاماژەیان بەوەشکردووە، قەدەغەکردنی ژنان لە کاری مرۆیی، مەترسییە لەسەر ژیانی هەموو ئەفغانییەکان. لە ئێستاوە هەندێک بەرنامەی کاتیی “گرنگ” بەهۆی کەمی ستافی ژنەوە بەشێوەیەکی کاتی راگیراون.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە “ناتوانین ئەو کورتهێنانە لە ستافی رێکخراوەکانمان پشتگوێ بخەین، کە روبەڕوی کۆمەڵگە مرۆییەکانمان بوونەتەوە.”

نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، هەوڵدەدەین بەردەوام بین لە چالاکییەکانمان بۆ دابینکردنی هاوکارییە مرۆییەکان و چالاکییە گرنگەکان، بەڵام پێشبینی دەکەین زۆرێک لە چالاکییەکان پێویستیان بە هەڵپەساردن بێت، چونکە ناتوانین هاوکاری مرۆیی پێشکەش بکەین بەبێ هەبوونی ژن لەنێو رێکخراوەکاندا. “هیچ وڵاتێک ناتوانێت نیوەی کۆمەڵگە لە کایە کۆمەڵایەتییەکانی ژیاندا داببڕێت”.

نەتەوەیەکگرتووەکان:

پێشبینی دەکەین زۆرێک لە چالاکییەکان پێویستیان بە هەڵپەساردن بێت

راگەیەندراوەکە لەلایەن هەریەک لە یونسێف، رێکخراوی بەرنامەی خۆراکی جیهانی، رێکخراوی تەندروستی جیهانی، رێکخراوی پەرەپێدانی بەرنامەی نەتەوەیەکگرتووەکان و کۆمسۆنی باڵای نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ مافی مرۆڤ و پەنابەران واژۆکراوە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە “داوا لە دەسەڵاتدارانی دیفاکتۆی ئەفغانستان دەکەین، کە پێداچوونەوە بەم رێنماییەدا بکەنەوە و پێچەوانەی بکەنەوە، هەروەها هەموو ئەو رێنمایانەی، کە ژنان لە قوتابخانە و زانکۆ و ژیانی گشتی قەدەغە دەکەن هەڵبوەشێننەوە”.

پێشتر بەجیا 12 وڵات و یەکێتی ئەوروپا بە هاوبەشی داوایان لە تاڵیبان کرد قەدەغەی کارکردنی ژنان لە رێکخراوە مرۆییەکاندا هەڵبوەشێنێتەوە و رێگە بە گەڕانەوەی ژنان و کچان بدەن بۆ قوتابخانەکان.

راگەیەندراوەکە لەلایەن وەزیرانی دەرەوەی ئوسترالیا، کەنەدا، دانیمارک، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، نەرویج، سویسرا، هۆڵەندا، بەریتانیا، ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا بڵاوکرایەوە.

12 وڵات و یەکێتی ئەوروپا بە هاوبەشی داوایان لە تاڵیبان کرد قەدەغەی کارکردنی ژنان هەڵبوەشێنێتەوە

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بڕیارەکەی تاڵیبان “ژیانی ملیۆنان ئەفغانی دەخاتە مەترسییەوە، کە بۆ مانەوەیان پشت بە هاوکاری مرۆیی دەبەستن”.

چوار رێکخراوی دیکەی پێشەنگی جیهانی، کە هاوکارییە مرۆییەکانیان گەیشتووەتە ملیۆنان ئەفغانی، رۆژی یەکشەممە رایانگەیاند کارەکانیان رادەگرن، چونکە نەیانتوانیوە بەبێ ستافی ژنان بەرنامەکانیان بەڕێوەببەن.

لە بەشێکى دیکەى راگەیەندراوەکەى نەتەوەیەکگرتووەکاندا هاتووە بڕیارەکەی تاڵیبان “لە کاتێکدایە زیاتر لە 28 ملیۆن کەس لە ئەفغانستان پێویستیان بە هاوکاری هەیە، بۆ ئەوەی لە ژیاندا بمێننەوە، لەکاتێکدا وڵاتەکە روبەڕوی مەترسییەکانی برسێتی، دابەزینی ئابوری، هەژاری و زستانێکی سەخت بووەتەوە.”

تاڵیبان لە مانگی ئابی 2021دا دەستی بەسەر دەسەڵاتی ئەفغانستاندا گرت. دوو دەیە لەوپێش کاتێک دوایین جار لە دەسەڵاتدا بوون خوێندنیان لە کچان قەدەغە کرد، بەڵام رایانگەیاندبوو، سیاسەتەکانیان گۆڕاوە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button