پێنج کەس لە سلێمانی کچێک دەڕفێنن و دەستدرێژیی دەکەنەسەر

زووم، سلێمانی:

پۆلیسی سلێمانی تاوانێک ئاشکرادەکات، کە سەرەتای چیرۆکەکە دەگەڕێتەوە بۆ بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی کچێک لە تیکتۆک بەبێ ئاگاداری خۆی.

بەگوێرەی گێڕانەوەی پۆلیسی سلێمانی، دوو کوڕ کە ئێستا دەستگیرکراون، ڤیدیۆی کچێکیان لە تیکتۆک بڵاوکردووەتەوە، بەبێ ئەوەی کچەکە ئاگادار بووبێت و خواستی هەبووبێت ڤیدیۆکەی بڵاوبکرێتەوە.
بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکە، کچەکە دەخاتە دۆخێکی دەروونی خراپەوە، لە ترسا ماڵ جێدەهێڵێت و هیچ پەیوەندییەکی بە کەسوکارەکەیەوە نامێنێت.

دواتر باوکی کچەکە پەیوەندیی بە پۆلیسی سلێمانییەوە دەکات و سکاڵا تۆماردەکات و لە دیارنەمانی کچەکەی ئاگاداریان دەکاتەوە.
پۆلیس دەست بە لێکۆڵینەوە دەکات و بۆیان دەردەکەوێت بابەتەکە پەیوەندیی بە ڤیدیۆیەکی تیکتۆکەوە هەیە، لە ماوەیەکی کورتدا ئەو دوو کوڕە تۆمەتبارە دەدۆزنەوە کە ڤیدیۆی کچەکەیان بڵاوکردووەتەوە، پاشان هەوڵەکانیان دەستپێدەکەن بۆ دۆزینەوەی کچەکە.

پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، دیسانەوە لە ماوەیەکی کورتدا کچەکەیان دۆزیوەتەوە، بۆیان دەرکەوتووە لەلایەن پێنج کوڕەوە رفێنراوە، لە شوقەیەکدا دەستبەسەر کراوە و دەستدرێژیی کراوەتەسەر.
پۆلیس هەر پێنج تۆمەتبارەکە دەستگیردەکات، واتە بە کۆی گشتی لەسەر ئەو کەیسە پۆلیس حەوت کەسی دەستگیرکردووە کە دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە، تۆمەتبارەکان تەمەنیان لەنێوان 17 ساڵ و 34 ساڵدایە.

تۆمەتبارەکان بەگوێرەی مادەی 430 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراون

پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، حەوت تۆمەتبارەکە بە گوێرەی مادەی 430 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراون، واتە تۆمەتی هەڕەشەیان خراوەتەپاڵ، سزای زیندانیکردنیان بەسەردا دەسەپێنرێت، کە ماوەکەی لە حەوت ساڵ زیاتر نەبێت.
بەڵام بە گوتەی پارێزەرێکی راوێژکار، ئەگەر لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوت کچەکە دەستدرێژیی کراوەتەسەر، ئەوا قابیلی ئەوەیە مادەکەی بگۆڕێت بۆ 393، کە سزاکەی تاوەکو زیندانیکردنی هەتاهەتایی دەڕوات.
پۆلیس دەڵێت دواتر کچەکە بە فەرمانی دادوەر رەوانەی نەخۆشخانە کراوە بۆ چارەسەری پزیشکی، ئێستاش لە یەکێک لە شێڵتەرەکانی سلێمانییە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button