پاریس رۆژێکى دیکەى ئاڵۆز بەڕێ دەکات

هەزاران کورد رژاونەتە سەر شەقامەکان و بكوژەکەش دەڵێت "کەسێکى نەژادپەرستم"

ئەمڕۆ هەزاران کورد رژانە گۆڕەپانى کۆمارى لە پاریس، روبەڕوبوونەوە دروستبوو، هێزە ئەمنییەکان بۆ بڵاوەپێکردنى خۆپیشاندەران گازى فرمێسکڕێژیان بەکارهێنا. دەستگیرکردنى بکوژەکەش راگەیەندرا.

دوێنێ هەینی، کاتژمێر 2:00 بە کاتی هەرێمی کوردستان، کەسێک لە ناوجەرگەی پاریس، لە شەقامی رو دۆنگیا، دەستیکرد بە تەقەکردنی هەرەمەکی.

شوێنەکە ناوچەیەکی بازرگانیە و بەوە ناسراوە کوردێکی زۆر نیشتەجێن لەوێ، روداوەکەش لەبەردەم  ناوەندی کولتوری کوردیی ئەحمەد کایا بووە، سێ کورد کوژراون و چەند کەسێکی دیکەش بریندارن. عەبدولرەحمان کزڵ، میر پەروەر و ئەمینە کارا سێ کوردە کوژراوەکەن.

وێنەی کوژراوانی روداوەکەی پاریس
وێنەی کوژراوانی روداوەکەی پاریس

پۆلیسی فەرەنسا دەستبەجێ گومانلێکراوێکی لەسەر هێرشەکە دەستگیرکرد، کە بە رەگەز فەرەنسیە و بە “ویلیام ئێم” ناسراوە، تەمەنی 69 ساڵە، لەنێو سەرتاشخانەیەکی نزیک لە شوێنی روداوەکە دەستگیرکراوە، بکوژەکە لە کاتی دەستگیرکردنیدا جانتایەکی بچوکی پێبووە، دوو مەخزەن فیشەکی عەیار 45ی تێدا بووە.

بکوژەکە خانەنشینە و ئەندامی یانەیەکی نیشانشکاندن بووە، چەندین چەکی تۆمارکراوی هەبووە، پێشتر دوو جار تێوەگلاوە لە دۆسیەى توندوتیژی بەرامبەر کۆچبەران، 11 رۆژ پێش ئێستا بە مەرج ئازادکراوە، تاوەکو کاتی دادگاییکردنەکەی.

مانگی 12ی ساڵی رابردوو، هێرشی کردووەتە سەر کەمپێکی کۆچبەران لە پاریس، لە ساڵی 2016 بەهەمانشێوە 12 مانگ زیدانی کراوە بەهۆی ئەنجامدانی توندوتیژی.

هەر دوێنی رەوەندی کوردی خۆپیشاندانیان لەو شوێنە دەستپێکرد، دواتر لەلایەن پۆلیسەوە بڵاوەیان پێکرا.

ئەمڕۆ خۆپیشاندانەکان تەواوی پاریسیان تەنی، دروشمەکانى “ژن، ژیان، ئازادى” و “شەهید نامرێ” بەنێو شەقامەکاندا دەنگى دایەوە.

لە ناڕەزایەتییەکانى ئەمڕۆدا گرژى دروستبوو، روبەڕوبوونەوە لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکانى پاریسدا رویدا، هێزە ئەمنییەکان بۆ بڵاوکردنەوەى خۆپیشاندەران گازی فرمێسکرێژیان بەکارهێنا، بەڵام ناڕەزایەتییەکان فراوانتربوون.

خۆپیشاندەران وێنەى عەبدوڵا ئۆجەلانیان، رێبەرى زیندانیکرداوى پارتى کرێکارانى کوردستانیان بەرزدەکردە و هێرشەکەى سەر ناوەندی کولتوری کوردی ئەحمەد کایا بە دەستى تورکیا دەزانن.

ئاژیت پۆڵات، گوتەبێژی ئەنجومەنی دیموکراتی کورد دەڵێت، دەوڵەتی تورکیا لە پشت تیرۆرکردنی سێ کوردەکەوەیە، دۆخی تورکیا بەڕونی پێماندەڵێت روداوەکەی پاریس تیرۆری سیاسییە.

لە ئیمانوێڵ ماکرۆن، سەرۆکى فەرەنساوە تاوەکو سەرۆکى شارەوانی و بەرپرسانى دیکەى پاریس، هێرشەکەیان بە قێزەون ناوهێنا، بەڵام ئەنجومەنى دیموکراتى کورد داوا دەکات بە “تیرۆر” هێرشەکە بناسێنن.

مەزڵوم عەبدی، فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات  دەڵێت، پێویستە هاوکاریەکانمان لە دژی تیرۆر فراوان بکەین.

کاردانەى هێرشەکە فراوانە، لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان و عێراق و باڵیۆزخانەی وڵاتان لە عێراق، داوا لە فەرەنسا دەکەن لێکۆڵینەوەى بەپەلە لە روداوەکە بکەن.

لەتیف رەشید، سەرۆککۆمارى عێرق لە راگەیەندراوێکدا داواى لێکۆڵینەوەى بەپەلە لە رووداوەکە دەکات.

روداوەکە نزیکە لە ساڵیادى روداوى کوشتنى ساکینە جانسز و دوو ژنە سیاسەتمەدارى کورد، ئەوان رۆژى 9ی کانوونى دووەمى 2013 لە پاریس “تیرۆر” کران.

ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز

ساکینە جانسز و لەیلا شایلەمەز، ئەندامی رێکخراوی لاوانی کوردی ئەوروپا بوون، فیدان دۆغان، ئەندامی پەروەردەکانی دەرەوەی کورد لە ئەوروپا بوو.

هەواڵی زیاتر

Back to top button