هێزەکانی ئاسایش هەوڵێکی داعش بۆ دامەزراندنی ئەمارەتێک لە سلێمانی پوچەڵدەکەنەوە

ئەمیر و سەرجەم ئەندامانی ئەمارەتەکەیان دەستگیرکردووە

زووم، سلێمانی:

ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند، هەوڵێکی داعشیان پوچەڵکردووەتەوە بۆ دامەزراندنی ئەمارەتێک لەنێو چاکسازیی گەورانی سلێمانیدا. ئەمیر و سەرجەم ئەندامانی ئەمارەتەکەیان دەستگیرکردووە، کە ژمارەیان گەیشتووەتە 54 کەس.

“ئەندامەکانی داعش لە رێگەی سۆشیالمیدیا و مۆبایلی زیرەک و سیمکارتەوە کاروبارەکانیان لەنێو چاکسازیی گەورانی سلێمانیدا رایی کردووە” بەگوێرەی راگەیەنراوێکی ئاسایشی سلێمانی، کە ئەمڕۆ چوارشەممە 21ی کانوونی یەکەمی 2022 بڵاویکردووەتەوە.

“ئەندامەکانی ئەمارەتەکە پلانیان دانابوو لە شارەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق کاری تیرۆریستی ئەنجامبدەن”.

ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، چەند حەشارگەیەکی “تیرۆریستانی داعشیان دۆزیوەتەوە، کە بۆ ئەنجامدانی کارە تیرۆریستییەکانیان ئامادەیان کردووە”.

ئەمارەتەکەی داعش پەیوەندیی بە رووداوەکانی ئەمدواییەوە هەبووە

بەگوێرەی راگەیەنراوەکەی ئاسایش، ئەو گروپەی دەستگیرکراون، پەیوەندییان بە کردەوە “تیرۆریستییەکەی ناوچەی قەرەداغەوە هەبووە”، کە تیایدا یەکێک لە ئەندامانی داعش روبەڕوی هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس دەبێتەوە و لە ئەنجامدا دەکوژرێت.

وەکوچۆن پەیوەندییان بە رووداوەکەی ئاشداخەوە هەبووە لە سەنگاو، کە تیایدا دوو ئەندامی داعش کوژران، لەکاتێکدا ئامادەکارییان کردبوو کردەوەی “تیرۆریستی لە چەمەچەماڵ” ئەنجامبدەن.

پوچەڵکردنەوەی پێنج پلانی داعش

ئاسایشی سلێمانی، سەر بە دەزگای ئاسایشی هەرێم، رایدەگەیەنێت لەسەر بنەمای زانیارییە هەواڵگرییەکان بەڵگەی تەواویان لەبارەی پێنج پلانی ئەندامانی داعشەوە دەستکەوتووە.

پلانی یەک: دروستکردنی چەند حەشارگە و سەربازگەیەک لە سنووری سلێمانی و ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی لە شارەکانی هەرێم.

پلانی دوو: دروستكردنی ئەمارەتی داعش لە گرتووخانەی چاكسازی گەورانی سلێمانی.

پلانی سێ: هەڵاتنی ژمارەیەك چەكداری داعش لەڕێگای هەرێمی كوردستانەوە.

پلانی چوار: رۆیشتنی چەند تیرۆریستێك لەناو شارەكانی هەرێمەوە بۆ حەمرین و پەیوەندیكردنیان بە چەكدارانی داعشەوە.

پلانی پێنج: دروستكردنی حەشارگە لەناوچەی سەنگاو و ئەنجامدانی چەند كردەوەیەكی تیرۆریستی.

بەشدار چۆن کوژراوە؟

ئاسایشی سلێمانی چیرۆکی ئەو ئەندامەی داعش دەگێڕێتەوە، کە لە ئەیلولی رابردوودا لە ناوچەی قەرەداغ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سلێمانییەوە کوژراوە.

ئەو ئەندامەی داعش بە ناوی بەشدار لە شەوی 4 لەسەر 5ی ئەیلولی 2022 لەکاتی گەڕانەوەی لەناوچە شاخاوییەكانی دووز بۆ سلێمانی لە قەرەداغ، لەبازگەی ئاسایش و لەكاتی سۆراغكردنی ناسنامەکەی و هەوڵدان بۆ دەستگیركردنی هەڵدێت. دواتر روبەڕووی هێزەكان دەبێتەوە و پاش برینداركردنی ژمارەیەك لە كارمەندانی پۆلیس و ئاسایش و هەڵدانی چوار نارنجۆك، دەکوژرێت.

بەشێک لەو "تیرۆریستانەی" لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە دەستگیرکراون
بەشێک لەو “تیرۆریستانەی” لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە دەستگیرکراون

دەستگیرکردنی کەسانی نزیک لە بەشدار

ئاسایشی سلێمانی پاش رووداوەکەی قەرەداغ، چەند ئەندامێکی داعشیان دەستیگرکرد، کە نزیکبوون لە بەشدار.

رۆژی 21ی ئەیلول، ئاسایشی سلێمانی بە هاوکاریی هێزە عێراقییەکان لە سەڵاحەدین کەسێکیان بەناوی سەعد ئیبراھیم دەستگیرکردووە کە ناسراوە بە ئەبو  سەجاد، پەیوەندیی لەگەڵ بەشدار هەبووە.

رۆژانی 5ی و 21ی ئەم مانگەش لە دوو هەڵمەتی جیاوازدا دوو کەسی دیکەیان بە ناوەکانی رەوەز ئاوات لە شارەزوور و رێبەر فەرھاد لە ناوباڕازی سلێمانی دەستگیرکردووە، کە ئەندامی داعش و نزیکی بەشدار بوون.

هەر لەو کەیسەدا نۆ تۆمەتباری دیکەیان دەستگیرکردووە و روبەڕوی یاسا کراونەتەوە.

زانیاریی زیاتر لەبارەی بەشدار

ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، بەرهەم محەمەد ناوی راستینەی “بەشدار” بووە، دانیشتووی ناوچەیەكی قەزای سەیدسادق بووە. بەیعەتی داوە بە تیرۆریستانی داعش و پەیوەندی بەستبوو لەگەڵ هەر دوو ویلایەتی “دیالە- كەركوك” و “شیمالی بەغداد”.

“بەشدار چەندینجار سەردانی ناوچە شاخاوییەكانی نزیك دوز و زینانە و پەڵكانەی کردووە، بەپیلانی تیرۆریستانی داعش لە ناوچە شاخاوییەكانی بەرزنجە، دوكان و شارباژێر چەندین ئەشكەوت و نەفەق و تونێل و سەربازگەیان بۆ مەشق و راهێنان دروستکردووە، ئامادەیان کردووە تاوەکو لەنزیكترین كاتدا چەكدارەكانی داعش بگوازرێنەوە بۆ ئەو سنورانە و دەست بە ئەنجامدانی كردەوە تیرۆریستییەكانیان بكەن لەناو شارەكاندا”.

لە کۆتاییدا ئاسایشی سلێمانی دەستیان بەسەر سەرجەم ئەو حەشارگە و چەك و تەقەمەنییانەدا گرتووە.

بەشدار پەیوەندیی راستەوخۆی لەگەڵ ئەمارەتی داعش لە گرتووخانەی چاكسازی گەورانی سلێمانی هەبووە.

ئەمە جگەلەوەی تۆمەتبار بووە بە تەقەكردن لە هێزە ئەمنییەكانی شارەزوور و بەرزنجە و نانەوەی كێشە لەنێوان عەشیرەتەكانی بێسەری و مۆریاسی، باخ و ماڵی سنوورەکەی سووتاندووە و دووبەرەکی لەسنوورەکەدا ناوەتەوە.

دانپیانان لەبارەی ئەمارەتی داعش لە سلێمانی

بەگوێرەی دانپیانانی رەوەز ئاوات، لە ئەمارەتی گرتووخانەی چاکسازیی گەورانی سلێمانییەوە، چەندین پلانی کاری تیرۆریستی لە هەرێم و شارەكانی عێراق داڕێژراوە، لە رێگەی سۆشیالمیدیا و مۆبایلی زیرەك و سیمكارتەوە کارەکانیان رایی دەکرد.

ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، ١٥ تیرۆریستی سزادراو بەهاوكاری ئیدارەی گرتووخانەی چاكسازی گەوران خرانە ژێر چاودێری و لە سەعاتی سفردا بە بەڵگەوە دەستگیركرانەوە و شكست بەبەرنامەکانیان هێنرا.

پێکهاتەی ئەمارەتی داعش لە سلێمانی

پێكهاتەی ئەمارەتی تیرۆریستانی داعش لە گرتووخانەی چاكسازی گەورانی سلێمانی، بە گوێرەی راگەیەنراوەکەی ئاسایشی سلێمانی:

*تیرۆریست محەمەد عەبدولعەزیز الدهلكی ناسراو  “ئەبو قەتیبە، ئەبو فاتیمە” ئەمیری ئەمارەت

*تیرۆریست وسام سلطان ناسراو بە “دكتۆر هانی” جێگری ئەمیری ئەمارەت

*تیرۆریست ئاراس حەكیم لێپرسراوی هۆڵی ٦ بلۆكی ١

*تیرۆریست هیوا عەزیز لێپرسراوی هۆڵی ٣ بلۆكی ١

*تیرۆریست ئەحمەد خزەیر لێپرسراوی هۆڵی ٧ بلۆكی ١

*تیرۆریست دیار مەحمود لێپرسراوی هۆڵی ٤ بلۆكی ١

*تیرۆریست موهەنەد سەباح لێپرسراوی هۆڵی ٦ بلۆكی ١ راڕەوی ٣ ناسراو بە “ئەبو ھەیمەن”

*تیرۆریست عەمار محەمەد لێپرسراوی هۆڵی ٤ بلۆكی ٢ ناسراوە بە “ئەبو مەلاک”

*تیرۆریست تەها عەتیە ناسراوە بە “ئەبو یاسین” لێپرسراوی هۆڵی ١١ بلۆكی ١

*تیرۆریستان “رزگار یاوەر، عەممار غائیب، قادر نامیق، مەنسور  محەمەد، ئازاد مەجید، مەحمود عەواد” وەكو جێگرانی لێپرسراوی هۆڵەكان دەستنیشانكراون

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button