رووداوێکی تەقەکردن لە کەنەدا: بە تۆمەتبارەکەوە شەش کەس کوژراون

"دیمەنێکی ترسناک بوو، پێنج تەرم لەسەر زەوییەکە کەوتبوون"

زووم، ئاژانسەکان:

پۆلیسی تۆرۆنتۆ رایگەیاند، شەوی رابردوو لە یەکێک لە شارۆچکەکانی تۆرۆنتۆ تەقە لە یەکێک لە باڵەخانەکان کراوە و بەهۆیەوە پێنج کەس کوژراون. تەقەکەرەکەش روبەڕوی پۆلیس بووەتەوە، لەکۆتاییدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە تەقەی لێکراوە و کوژراوە.

جیم ماکسوین، بەڕێوەبەری پۆلیسی ناوچەی یۆرک، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پۆلیسی ناوچەکە پەیوەندییەکی فریاگوزارییان پێگەیشتووە کە تایبەت بووە بە رووداوێکی تەقەکردن لە شارۆچکەی ڤۆگان، کە دەکەوێتە باکوری تۆرۆنتۆ.

بەرپرسەکەی پۆلیس، گوتی لەکاتی گەیشتنی پۆلیس بە شوێنی رووداوەکە “دیمەنێکی ترسناکیان بینیوە، تەرمی پێنج کەس لەسەر زەوی کەوتوون”. ئاماژەی بەوەشداوە، کەسێکی دیکە کە تەقەی لێکرابوو، بریندارببوو و دواتر بۆ نەخۆشخانەیەک گواستراوەتەوە.

بەگوتەی سەرچاوەکەی پۆلیس، تاوەکو ئێستا ناسنامەی قوربانییەکان نەزانراون و پۆلیس هێشتا خەریکی گەڕانە بەدوای کەسوکاری قوربانییەکاندا.

تاوەکو ئێستا پاڵنەری تۆمەتبارەکە ئاشکرا نەکراوە و پۆلیسیش باسی لەوە نەکردووە هۆکاری تەقەکردنەکە چی بووە. لە ئێستادا پۆلیس سەرجەم ماڵەکانی ئەو بینایەی چۆڵکردووە و خەریکی لێکۆڵینەوەیە لە رووداوەکە.

بەگوێرەی داتاکان بەکارهێنانی چەک لە کەنەدا لە هەڵکشاندایە و لە ساڵی 2020دا 278 کەس لە رووداوی تەقەکردندا کوژرابوون. بەڵام ئەم ژمارەیە لە ساڵی 2021دا زیادیکردووە بۆ نزیکەی 300 کەس. ئەمە جگە لە رووداوەکانی خۆکوشتن لەو وڵاتەدا.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button