بۆچی ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ دەستگیر دەکرێت؟

ئۆپۆزسیۆن و وڵاتانى رۆژئاوا رەخنە لە دەسەڵاتى تورکیا دەگرن

ناڕەزایەتییەکان لەسەر ئاستی ناوخۆی و دەرەوەی تورکیا، بەرامبەر سەپاندنی سزای زیندانی بەسەر ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ، سەرۆکی گەورەشارەوانی ئەستەنبوڵ لە پەرەسەندندایە. دەیان پارتی سیاسی تورکیا و وڵاتانی جیهان، دەسەڵاتی تورکیا بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییەکان و بەکارهێنانی دەسەڵاتی دادوەری لەپێناو سیاسەتدا تۆمەتبار دەکەن.

ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ، دوێنێ، 14ی کانوونى یەکەم، چووە بەردەم دادگای ئەستەنبوڵ، لەسەر سکاڵاى کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، کە ئیمامئۆغلۆ بە سوکایەتی بە دامەزراوەکە و بەرپرسانی تۆمەتبار دەکەن.

دادگا، سزای دوو ساڵ و حەوت مانگ و 15 رۆژ زیندانى بەسەردا سەپاند، بەبێ ئەوەى کاتى جێبەجێکردنى ئاشکرابکرێت، بەڵام دەنگۆ هەیە گەشتی دەرەوەی وڵاتی لێ قەدەغە بکرێت.

ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ، کە پێشتر ئەندامێکی چالاکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بوو، لە هەڵبژاردنی شارەوانیەکانی، 31ی ئازاری ساڵی 2019، توانی لەسەر لیستی پارتەکەی بە جیاوازی 14 هەزار دەنگ بەسەر بینالی یڵدرم، کاندیدی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)دا سەربکەوێت، بەڵام ئاکەپە ئەنجامی هەڵبژاردنەکەى لەو شارە قبوڵ نەکرد، رۆژى 23ی حوزەیرانی هەمان ساڵ هەڵبژاردنى تێدا دووبارە کرایەوە.

 

بەڵام ئیمامئۆغلۆ، لە گەڕى دووەمدا زیاتر ئاکەپەى شۆککرد و بە جیاوازی زیاتر لە 800 هەزار دەنگ بەسەر بینالی یڵدرمدا سەرکەوێت و بوو بە سەرۆکی گەورەشارەوانی ئەستەنبوڵ.

لەو سەروبەندەدا ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ، رەخنەی لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا گرت و بەرپرس و بەڕێوەبەرانی کۆمسیۆنەکەی بە لایەنگری بۆ ئاکەپە تۆمەتبارکرد و وشەی “بێمێشک”ـی لە دژی بەرپرسانی کۆمسیۆنەکە بەکارهێنا.

قسەکانی ئیمامئۆغلۆ بووە هۆی ئەوەی دەسەڵات لە دژی جەهەپە و خودی ئیمامئۆغلۆ بەکاری بهێنێتەوە و سکاڵای تۆمارکرد.

لە ساڵی 2019ەوە چەندینجار دانیشتنی دادگاییکردنی ئیمامئۆغلۆ، بەڕێوەچووە، دوێنێ دادگا دوایین بڕیاری دەکرد و سزای زیندانی بەسەردا سەپاند.

دوای بڕیارەکە هەزاران لایەنگری جەهەپە و دەنگەری ئیمامئۆغلۆ، لەبەردەم باڵەخانەی گەورەشارەوانی ئەستەنبوڵ کۆبوونەوە و دروشمیان دژی دەسەڵات دەگوتەوە.

کەمال کلچدارئۆغلۆ، سەرۆکی گشتی جەهەپە، کە لە ئەڵمانیا بوو، بە خێرایی ئامادەکاری گەڕانەوەی بۆ تورکیا کرد. بەر لە هاتنەوەی کلچدارئۆغلۆ، سەرۆکانی پێنج لایەنی ئۆپۆزسیۆن، کە لەگەڵ جەهەپە هاوپەیمانی گەلیان پێکهێناوە، بە خێرایی خۆیان گەیاندە باڵەخانەی شارەوانی ئەستەنبوڵ و داوایان کرد هەر کەسێک دیموکراسی دەوێت پشتگیری لە ئیمامئۆغلۆ بکات.

ئیمامئۆغلۆ، یەکێکە لەوانەى ناوی لەنێو کاندیدەکانی ئۆپۆزسیۆندا هەیە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا، کە رکابەری رەجەت تەیب ئەردۆغان، سەرۆکى ئاکەپە بکات. بەگوێرەی چەندین راپرسی، کە لەلایەن کۆمپانیا گەورەکانی تایبەت بە بواری ئامار و راپرسیەکان ئەنجامدراوە، ئەگەر ئیمامئۆغلۆ لە بەرامبەر ئەردۆغان کاندید بێت دەتوانێت بە جیاوازی زیاتر لە 15٪ی دەنگەکان شکست بە ئەردۆغان بهێنێت.

کاردانەوەکان لەسەر ئاستی جیهان

لەسەر پرسەکە، کاتی پیری، ریپۆرتەری پیشووی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپادا، کە بە ژنێکی سیاسی قوڵ لە پرسی تورکیا دەناسرێت، لە توێتێکدا نوسی، ئەردۆغان لەبەرئەوەی دەزانێت لە هەڵبژاردنەکاندا دەدۆڕێت، بۆیە دەستی بە دەستگیرکردنی سەرکردە دیارەکانی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا کردووە.

یەکێتی ئەوروپا، ئەمریکا و ئەڵمانیا ئەم هەنگاوەی دادگای تورکیا بە نایاسایی دەزانن و رایانگەیاند،  لە تورکیا دەسەڵاتی دادوەری لەپێناو سیاسەتدا بەکار دەهێندرێت.

ڤێدانت پاتەل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی سەپاندنی سزای زیندانی بەسەر ئیمامئۆغلۆدا گوتى، سزاکە ناڕەوایە دژی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان و سەروەری یاسایە و داوای کرد، دیموکراسی لە تورکیا جێبەجێ بکرێت.

ناچۆ سانچێز، ئامۆر بەرپرسی کاروباری تورکیا لە پەرلەمانی ئەوروپاش لە تویتێکدا نوسی، دۆخی دادپەروەری لە تورکیا مەترسیدایە، دەسەڵاتی دادوەری بۆ مەبەستی سیاسی بەکاردەهێنرێت.

وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیاش لە راگەیەندراوێکدا، ئەم هەنگاوەی دادگای تورکیای وەک دواکەوتنی دیموکراسی لەو وڵاتەدا لەقەڵەمدا و گوتی، ” ئازادی رادەربڕین گرنگترین بنەمایە بۆ کێبڕکێی دادپەروەرانە، بەتایبەتی لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا.”

کاردانەوەکان لەسەر ئاستی تورکیا

ئەمڕۆ کەمال کلچدارئۆغلۆ، گەڕایەوە تورکیا و کۆبونەویەکی فراوانى بە بەشداری 10 سەرۆکشارەوانی پارێزگاکانی تورکیا لەسەر لیستی پارتەکەی و بەرپرس و بەڕێوەبەرانی شارەوانیەکان ئەنجامدا.

میدیاکان راستەوخۆ رۆماڵی کۆبوونەوەکەیان دەکرد، کلچدارئۆغلۆ، رەخنەی توندی لە دەسەڵات گرت و گوتی “ئازاری لەدەستدانی ئەستەنبوڵ، تاوەکو ئێستاش ناخی دەسەڵات دەسوتێنێت” هەندێک کەس دەتوانن جلوبەرگی دادوەری لەبەر بکەن، بەڵام هیچ گرنگیەکیان نییە، هەرکەسێک بەگوێرەى سەروەری یاسا بڕیار نەدات، دادوەر و داواکاری گشتی نییە، دانیشتنی دادوەر لەسەر سفرەی کەسێکی دیکە وادەکات متمانە بەو دادوەرە نەکرێت.

ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ، لە کۆبوونەوەکەدا گوتی “کاتێک دەستم بەم گەشتە کرد، گوتم حەز دەکەم دیموکراسیترین سەرۆکی شارەوانی بم. ئەم رێچکەیەم هەرگیز شکستی نەهێناوە. بەڵام قۆناغێکی دیکە هەیە و ئەویش کارکردنە تاوەکو کۆتایی.

ئەو دەڵێت، هەوڵدەدەم زۆرترین خزمەتگوزاری پێشکەش بکەن، ئەگەر سەرۆکی شارەوانی ئەو کەسە بێت، کە زۆرترین کار بکات، تیمەکەی هەوڵدەدەن لەگەڵیدا خۆیان بگونجێنن، ئێمە هەر لە سەرەتاوە بەمشێوەیە سەرکردایەتی ئەم کارەمان کرد.

مەڕال ئاکشەنەر، سەرۆکی گشتی پارتی باش، پشتگیری خۆی بۆ ئیمامئۆغلۆ، دەبڕی و گوتی، بێگومان لە سندوقی دەنگدان لێپرسینەوە لە ئەردۆغان دەکرێت. لە هەڵبژاردنەکانی 31ی ئازاری 2019دا دەنگی گەلیان قبوڵ نەکرد، بەڵام دواتر گەل لە سندوقەکانی دەنگداندا، وڵامێکی گەورەتری دایەوە. ئێمە لە دژی نادادپەروەریەکی دەسەڵات دەوەستینەوە، ئەستەنبوڵ هەرگیز کڕنوش بۆ دەسەڵات نابات.

عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن (دەڤا) تویتێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پێویستە هەموو کەسێک لە بەردەم باڵەخانەی گەورەشارەوانی ئەستەنبوڵ کۆبێتەوە و پشتگیری لە ئیمامئۆغلۆ بکەن و ئەم ناداپەروەریە قبوڵ نەکەن.

ئەحمەد دادوئۆغلو، سەرۆکی پارتی دوارۆژ، سەردانی ئەکرەم ئیمامئۆغلوی کرد و ناڕەزایەتی خۆی لەمەرامبەر بڕیاری دادگا دەربڕی.

عەبدولا گول، سەرۆككۆماری پێشووتری توركیا و یەكێك لە دامەزرێنەرانی ئاكەپە، کە ناوی لەنێو کاندیدەکانی سەرۆکایەتی کۆمادردایە رایگەیاند، بڕیاری دادگا بە تەنیا دژی ئیمامئۆغلۆ نییە، بەڵكو دژی هەموو توركیایە.

سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە لە زیندانەوە تویتێکی بڵاوکردەوە و گوتی “سەپاندنی سزای زیندانی بەسەر ئیمامئۆغلۆدا کودەتایە لە بەرامبەر ئیرادەی گەل  و گەلیش بە بڕیارەکەی وڵامی هەموو نادادپەروەریەک دەداتەوە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button