نیوزلەندا توندترین سزاى بۆ جگەرەکێشان دەرکرد

لە رێگەی یاسایەکەوە نەوەی داهاتوو لە جگەرەکێشان دوردەخرێتەوە

لە نیوزلەندا، لە رێگەی یاسایەکەوە نەوەی داهاتوو لە جگەرەکێشان دوردەخرێتەوە، یاساکە لە رێگەی پەرلەمانەوە دەرچووە و بە یەکێک لە قورسترین سزاکان دادەنرێت.

بەگوێرەى یاسا نوێکان، فرۆشتنی جگەرە بە کەسانی لەدایکبووی 1ى کانوونى یەکەمى 2009  بۆ سەرەوە، واتە تەمەنى خوار 14 ساڵ بۆ هەتا هەتایە قەدەغە دەبێت.

بەرپرسانى تەندروستی وڵاتەکە پلانیان هەیە تاوەکو ساڵی 2025 جگەرەکێشان بەرێژەیەکى بەرچاو کەم بکەنەوە و وەک خۆیان دەڵێن دووکەڵى جگەرە نەهێڵن.

هەر کەسێک لەدایکبووی ساڵی 2009 بۆ سەرەوە بێت، بۆ هەموو تەمەنی جگەرەی لێ قەدەغە دەکرێت

بەڵام یاسا نوێیەکە فرۆشتنی ڤایپ سنوردار ناکات، داتاکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە بەشێک لە خەڵکی نیوزلەندا خوی نیکۆتینیان لە جگەرە گۆڕیوە بۆ ڤایپ.

ئەو زانیاریانەی لە مانگی رابردوو بڵاوکراونەتەوە دەریانخستووە ژمارەی ئەو کەسانەی جگەرە دەکێشن بۆ 8% دابەزیوە، لە کاتێکدا ساڵی رابردوو 9.4% بووە.

یاسا نوێیەکە فرۆشتنی ڤایپ سنوردار ناکات

بەڵام رێژەى بەکارهێنەرانی ڤایپ زیادی کردووە و گەیشتووەتە 8.3% لەکاتێکدا ساڵی رابردوودا 6.2% بووە.

بەگوێرەى یاسا نوێکە، سزای ئەو کەسانەی سەرپێچی دەکەن، سزایەکی دارایی زۆر دەبێت، کە دەگاتە 150 هەزار دۆلاری نیوزلەندی، واتە 96 هەزار دۆلاری ئەمریکی.

بەگوێرەى یاساکە بڕی نیکۆتینی رێگەپێدراو لە جگەرەدا کەم دەکرێتەوە و ژمارەی ئەو فرۆشیارانەی دەتوانن تووتن بفرۆشن بە رێژەی 90% کەم دەکاتەوە.

ژمارەی فرۆشیاران تاوەکو کۆتایی ساڵى داهاتوو کەم دەکرێتەوە بۆ 600 کەس، کە ئێستا شەش هەزار کەس دەبن.

ژمارەی فڕۆشیارانی جگەرە کەمدەکرێتەوە بۆ 600 کەس 

عائیشە فێراڵ، جێگری وەزیری تەندروستی نیوزلەندە لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، ئەم یاسایە هەنگاوێکە بەرەو داهاتوویەکی کۆتاییهێنان بە جگەرەکێشان.

ئەو دەڵێت، هەزاران کەس بە تەندروستی باشەوە دەمێننەوە و زیاتر دەژین، دامەزراوەی تەندروستی چالاکتر دەبێتەوە بەهۆی گەڕانەوەی نزیکەی پێنج ملیار دۆلار، کە بۆ نەخۆشانی نەخۆشییەکانی پەیوەست بە جگەرە تەرخان دەکرێت.

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button