سەرۆکی دادگای تاران: 400 خۆپیشاندەر سزادراون

سەرۆکی دادگای تاران رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لە دەستگیرکراوەکانی ئەم دواییەی پارێزگای تاران بەردەوامە و تاوەکو ئێستا 400 کەس سزادراون.

عەلی ئەلقاسی، سەرۆکی گشتی دادگای پارێزگای تارانی پایتەختی ئێران رایگەیاند، لە سەرەتای خۆپیشاندانەکاندا، بەشێکی تایبەت بۆ لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە لە دەستگیرکراوەکان، لە دادگای شۆڕشی ئیسلامی ئێران کراوەتەوە.

ئەلقاسی دەڵێت، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکاندا دادگا 160 کەسی بە پێنج بۆ 10 ساڵ زیندانی، 80 کەسی بە دوو تاوەکو پێنج ساڵ زیندانی، 160 کەسیش بە دوو ساڵ و کەمتر لە دوو ساڵ سزادراون. هەروەها 70 کەسیش بە بڕێک پارەی دیاریکراو سزادراون.

سەرۆکی گشتی دادگای پارێزگای تاران:

لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکاندا دادگا 160 کەسی بە پێنج بۆ 10 ساڵ زیندانی، 80 کەسی بە دوو تاوەکو پێنج ساڵ زیندانی، 160 کەسیش بە دوو ساڵ و کەمتر لە دوو ساڵ سزادراون. هەروەها 70 کەسیش بە بڕێک پارەی دیاریکراو سزادراون

خۆپیشاندان و ئاڵۆزیەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، کە دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی لە 16ی ئەیلولەوە دەستیپێکرد، لە سێ مانگ نزیک دەبنەوە. بەگوێرەی ئاماری رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ، لە خۆپیشاندانەکاندا تاوەکو ئێستا نزیکەی 460 کەس لە سەرتاسەری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون. تاوەکو ئێستا دوو کەس لەسێدارەدراون و مەترسی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لەسەر دەیان کەسی دیکەدا هەیە.

لەلایەکی دیکەوە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو رایگەیاندووە، تاوەکو ئێستا بە تەنیا لە رۆژهەڵاتی کوردستان، زیاتر لە 124 کەس کوژراون و زیاتر لە هەشت هەزار کەسیش بریندار بوون، هەزاران کەسیش دەستگیرکراون.

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button