دووەم خۆپیشاندەری ئێران لەبەردەم پەتی سێدارەیە

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی: 21 خۆپیشاندەر لەبەردەم مەترسی لەسێدارەداندان

لەگەڵ بەردەوامی ناڕەزایەتیەکان بە هۆی لەسێدارەدانی خۆپیشاندەر ” موحسین شکاری” لە تاران، سەرچاوە ئێرانیەکان رایانگەیاند دەسەڵاتدارانی ئێران سەرقاڵی ئامادەکاری جێبەجێکردنی دووەم سزای لەسێدارەدانن دژ بە خۆپیشاندەرێکی دیکە لە نێو زیندانی “رەجایی شەهر”.

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، لە رێگەی هەژماری تایبەتیان بە ئێران لە تویتەر، هۆشداریان دا لە مەترسی لەسێدارەدانی “ماهان سەدارەت”ی تەمەن 22 ساڵ، وەک رێکخراوەکە دەڵێت دەسەڵاتدارانی ئێران ئامادەکاری دەکەن بۆ لەسێدارەدانی ماهان دوای تەنها یەک مانگ لە بەرێوەچوونی دادگاییە نادادپەروەرانەکەی لە دادگای شۆڕش.

ئەم هۆشدارییەی رێکخراوەکە دوای ئەوە دێت، چەند پێگەیەکی ئێرانی لە زاری زیندانی سیاسی “ئارش سادقی”ەوە رایانگەیاندووە کە ماهان سەدارەت لە زیندانی گەورەی تارانەوە گوازراوەتەوە بۆ زیندانی رەجایی شەهر، بۆ جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانەکەی.

خێزانی ماهان، دەڵێن ئاگادارکردنەوەیەکیان بەدەستگەیشتووە، کە سزای لەسێدارەدانی کورەکەیان چۆتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.

ماهان سەدارەت، لە 12ی تشرینی یەکەمی 2022، لە کاتی بەشداریکردنی لە خۆپیشاندانێک لە تاران دەستگیرکراوە، هەفتەی رابردوو سزای لەسێدارەدان لە دژی دەرچووە.

ماهان سەدارەت لە دادگا
ماهان سەدارەت لە دادگا

وەک رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی رایگەیاندووە، تۆمەتی سزادراوەکە “دژایەتی خودا”یە، بە هۆی بەکارهێنانی چەقۆ و هێرش کردنە سەر خەڵک و سوتاندنی ماتۆرسکیل، لە کاتێکدا سزادراوەکە چەندین جار لە دادگا رەتیکردۆتەوە چەقۆ و ئامێری بریندارکەری بەکارهێنابێت.

محەمەد رەزا قەنبەر، یەکێک لەو کەسانەی سکاڵایان دژی ماهان هەبووە، داواکەی کشاندۆتەوە و لە رێگەی تویتەر، داوای کردووە رژێم لە سزادانی ماهان پاشگەزبێتەوە چونکە ماهان پەشیمانی زۆری پێوە دیار بووە.

هەژماری “1500 تصویر” ، تۆمارێکی دەنگی ماهانی بڵاوکردۆتەوە کە لەگەڵ کچە هاورێکەی قسەدەکات و دەڵێت “تەنها دوو هەفتە خۆت رابگرە، دێمە دەرەوە لە زیندان”.

سۆگەندی هاورێی دەڵێت، تکادەکەم هەمووان ببن بە دەنگی ماهان، رێگا مەدەن مرۆڤێکی بێ تاوانی دیکەمان لێبەرن.

کەسی سێیەم لە چاوەڕوانی سێدارە

دوێنێ شەممە، 10ی کانونی یەکەمی 2022، رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، لە پێگەی تایبەتیان بە ئێران لە تویتەر رایگەیاند، دەسەڵاتدارانی ئێران سزای لەسێدارەدانیان دەرکردووە بۆ خۆپیشاندەرێکی 25 ساڵ بە ناوی “سەهەند نورمحەمەد زادە”کە پاڵەوانی لەشجوانیە.

سەهەند بەتۆمەتی سوتاندنی تایە و زبڵندانەکان و رێگا گرتن و ئاژاوە نانەوە سزادرەوە، دادگا بە هۆی تۆمەتی “دژایەتی خودا” سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکردوە.

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، رۆژی هەینی رایگەیاند کە دەسەڵاتدارانی ئێران نیازیان وایە سزای لەسێدارەدان دژ بە 21 خۆپیشاندەر(بە لایەنی کەمەوە) دەربکەن.

رێکخراوەکە دادگاکە بە نمایشکارانە وەسف دەکات کە مەبەست لێیان ترساندنی بەشداربووانی خۆپیشاندانەکانی ئێرانە.

دادگا نمایشکارانەیە و بۆ ترساندنی خۆپیشاندەرانە

خۆپیشاندانەکانی ئێران، لە 16ی ئەیلولی ئەمساڵ، لە دوای کوژرانی کچە کوردی سەقزی “ژینا ئەمینی” سەریان هەڵدا.

بە پێی ئامارەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانی، لەسەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە تا ئێستا 458 کەس کوژراون، لە نێویاندا 63 منداڵ و 29 ژن.

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button