ئێران ئامارى جیاوازى خۆپیشاندەرە کوژراوەکان بڵاودەکاتەوە

ئەنجومەنی ئاسایشی ئێران: 200 کەس کوژراون، سوپاى پاسداران: 300 کوژراون

دامەزاراوە فەرمییەکانى کۆمارى ئیسلامى  ئێران ئامارى جیاواز لەبارەى ژمارەى کوژراوانى نێو خۆپیشاندانەکان بڵاودەکەنەوە، ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی ئێران رایگەیاند، لە خۆپیشاندانەکانی سەرتاسەری ئێراندا، تاوەکو ئێستا 200 کەس کوژراون، لەکاتێکدایە، چوار رۆژ پێش ئێستا سوپای پاسداران کوژرانى 300 کەسی راگەیاندبوو.

ئەمڕۆ، شەممە، 3ى کانونى یەکەمى 2022، ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی ئێران، راگەیەندراوێکی لەبارەی خۆپیشاندانەکانی سەرتاسەری ئێران بڵاوکردەوە و رایگەیاند، خۆپیشاندانەکان شەڕێکی گشتگیرە و لەدژی پێشکەوتنەکانی ئێرانە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئامانجی سەرەکەی خۆپیشاندانەکان و هێرشەکان، لێدانە لە ویلایەتی فەقێی و دواخستنی وڵاتە لە پێشکەوتنی ئابوری لە چوارچێوەی گەمارۆ ناوخۆیی و دەرەکیەکاندا.

ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی ئێران دەڵێت، لە خۆپیشاندانەکانی سەرتاسەری ئێراندا، 200 کەس لە خەڵکی مەدەنی و هێزە ئەمنیەکان کوژراون. هەزاران ملیار تومەن زیان بەر ناوەندە حکومی و مەدەنیەکان کەوتووە.

راگەیاندنى 200 کوژراو، لە کاتێکدایە چوار رۆژ پێش ئێستا، ئەمیر عەلی حاجیزادە، فەرماندەی هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران رایگەیاندبوو، لە خۆپیشاندەکاندا، 300 کەس کوژراون.

هەرچەندە ئەم ئامارەش لەگەڵ ئامارى رێکخراوەکانى مافى مرۆڤ جیاوازە، بەگوێرەی دوایین ئاماری رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران، تاوەکو ئێستا نزیکەی 450 کەس لە سەرانسەری ئێران کوژراون، کە زۆرینەیان لە نەتەوەی کورد و بەلوچن.

لە دوى مەرگى ژینا ئەمنی، کچە کوردى سەقزیی، لە 16ى ئەیلولەوە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتى لە ئێران و رۆژهەڵاتى کوردستان بەردەوامە، کوژرانى خۆپیشاندەر بە تەقەى راستەوخۆى هێزە ئەمنییەکان بە ئاشکرا لە تۆمارە ڤیدیۆییەکاندا دیارە.

دروشمى سەرەکى خۆپیشاندانەکان “ژن، ژیان، ئازادی”یە، جگە لە گوتنەوەى دەیان دروشمى دیکە، کە هەموویان گوزارشت لە نەبوونى ئازادى و کێشەى دارایی هاوڵاتیان دەکەن.

هەواڵی زیاتر

Back to top button