120 رۆژە رێکخراوی قاعیدە بێ سەرکردەیە

بۆچی رێکخراوەکە تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە سەرکردەیەکی دوای ئەیمەن زەواهیری دیاریبکات؟

 

بۆچی رێکخراوی قاعیدە نەیتوانی دانانی سەرکردە نوێکەی یەکلابکاتەوە؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە لەم دواییانەدا و دوای زیاتر لە 120 رۆژ لە کوژرانی “ئەیمەن زەواهیری” سەرکردەى پێشووی قاعیدە بەرگوێمان دەکەوێت.

لە رووداوێکدا کە بۆ یەکەمجارە لەنێو رێکخراوی قاعیدە روودەدات. دوای ئەوەی لە مانگی ئابی رابردوو لە رێی درۆنەوە “ئەیمەن زەواهیری”  تەمەن ٧١ ساڵ سەرۆکی رێکخراوەکە، لە باڵکۆنی یەکێک لە شوقەکانی خۆی لە کابولی پایتەخت کرایە ئامانج و کوژرا، رێکخراوەکە بێ سەرکردە ماوەتەوە و تاوەکو ئێستا نەتوانراوە جێگرەوەیەکی بۆ دیاریبکرێت.

 قەیرانێکی قوڵ لەنێو رێکخراوی قاعیدە هەیە

شارەزایانی بواری رێکخراوە توندرەوەکان پێیانوایە، ناکۆکییەکی زۆر و قەیرانێکی قوڵ لەنێو رێکخراوی قاعیدە هەیە لەسەر ئەو ناوانەی کە کاندیدن بۆ جێگرەوەی زەواهیری.

ئەحمەد زاغلول، توێژەرێکی میسری تایبەتمەندە لە کاروباری رێکخراوە توندرەوەکان بە رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی راگەیاندووە: هۆکاری دواکەوتنی دانانی جێگرەوەیەک بۆ زەواهیری لە رێکخراوەکەدا بۆ ئەوە دەگەرێتەوە “زەواهیری هیچ کەسایەتییەکی نەهێشتۆتەوە کە ڕکابەری لەگەڵ بکات  سەرجەمیانی یان لەنێوبردووە یان دوورخستۆتەوە، بەتایبەتی ئەو ناو و کەسە دیارانەی کە ئەگەری زۆر بوو رکابەری لەگەڵدا بکەن بۆ سەرکردایەتیکردنی رێکخراوەکە.

توێژەرە میسرییەکە دەڵێت. ئێستا لەنێو رێکخراوى “قاعیدە” قەیرانی هەڵبژاردن هەیە، لەهەمانکاتدا بەشێک لەو سەرکردانەی ئێستا کاندیدی بەهێزن بۆ جێگرەوەی زەواهیری لە وڵاتانی دیکەى ناوچەکە دادەنیشین، ئەمەش وا لێکدەدرێتەوە وڵاتانی دیکە دەستیان بەسەر رێکخراوەکەدا گرتووە. یەكێک لەو سەرکردانەی ناوێکی دیارن لە نێو رێکخراوەکەدا “سەیف ئەلعەدلە”.

یەكێک لەو سەرکردانەی ناوێکی دیارن لە نێو رێکخراوەکەدا “سەیف ئەلعەدلە”

“سەیف ئەلعەدل” لە ساڵى 2001ەوە لە ئێران نیشتەجێ بووە و جێی نەهێشتووە، بەڵام رێکخراوەکە بەردەوام بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە ئەو لەنێوخۆی ئێراندا زیندانی بووە، تا ئەم دواییانە، کاتێک “سەیف ئەلعەدل”  لە نامەیەکدا دانی بەوەدا ناوە مانەوەی لە ئێران لەسەر بنەمای ( بەرژەوەندییەکان قاعیدە) بووە.

بەگوتەی زاغلول، “سەیف ئەلعەدل” کەسایەتییەکی سەربازییە، بەڵام روانگەیەکی یاسایی نییە، سەرکردەی رێکخراوە جیهادییەکان دەبێ پاشخانێکی رێکخراوەیی و یاسایی و دینامیکییان هەبێت.

بەڵگەنامەیەک دزەیپێکرا ناوی چەند سەکردەیەکی قاعیدەی تێدابوو

لە ساڵی ٢٠١٤ بەڵگەنامەیەک دزەیپێکرا ناوی چەند سەکردەیەکی قاعیدەی تێدابوو کە کاندیدن بۆ شوێنگرەوەی ” ئەیمەن زەواهیری”  ئەوانیش بریتی بوون لە “ئەبو الخەیر المسری و ئەبو محمد المسری و سەیف ئەلعەدل و ئەبو بەسیر الواحیشی. بەڵآم لەو ناوانە ئێستا تەنها سەیف ئەلعەدل لە ژیاندا ماوە.

 

بزوتنەوەی تاڵیبان داوای لە  “قاعیدە” کردووە سەرکردە نوێیەکەی رانەگەیەنێت

 

هەندێک لە چاودێرانى سیاسى دەڵێن، ڕەنگە بزوتنەوەی تاڵیبان داوای لە رێکخراوی “قاعیدە” کردبێت کە سەرکردە نوێیەکە رانەگەیەنێت، چونکە راگەیاندنەکە بەو مانایەیە کە (قاعیدە) ماتەمینی بۆ “زەواهیری” دەگێڕێت.” ئەوان بەڵگەیان لەسەر ئەوە هێنایەوە کە گوتەبێژی (تاڵیبان)، زەبیحوڵڵا موجاهید، پێشتر رایگەیاندبوو کە بزوتنەوەکە تەرمی زەواهیرییان نەدۆزیوەتەوە. جگە لەوەش “تاڵیبان” لەبەردەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا تۆمەتبار دەکرێت بە دابینکردنی پەناگەیەک بۆ “قاعیدە”، راگەیاندنی ئەو سەرکردە نوێیە، (تاڵیبان) رووبەرووی قەیرانەکانی دەکاتەوە.

“لە مێژووى قاعیدە رووینەداوە رێکخراوەکە بەبێ سەرکردە بمێنێتەوە، بەو پێیەی لە رووی یاسای و جیهادیەوە دەبێت کەسایەتییەک هەبێت کە کاروباری رێکخراوەکە بەڕێوەببات، تەنانەت ئەگەر  بۆ ماوەیەکی کاتیش ” بێت ،توێژەرە میسرییەکە وایگوت.

ئەو سەرکردانەی پێشنیازکراون بۆ سەرکردایەتی قاعیدە

Six Potential al Qaeda Leaders Eliminated Since Bin Laden Raid

لە ماوەی ڕابردوودا چەند ناوێک بۆ سەرکردایەتی قاعیدە پێشنیازکرا دیارترینیان، محەمەد عەباتی کە نازناوی “ئەبو عەبدولرەحمان مەغریبی”ی پێدرابوو، و ئەو نزیکترین کەسایەتی بوو لە زەواهیرییەوە، هەروەها بەرپرسیار بووە لە پەیوەندییەکانی زەواهیری و سەرپەرشتیکردنی ناردنی پەیامی “کۆدکراو” بۆ بنکە رێکخراوەییەکانی قاعیدە لە سەرانسەری جیهان، هەروەها بەرپرسیار بووە لە دامەزراوەی میدیایی “ئەلسەهاب”ی رێکخراوەکە کە راگەیاندنی فەرمی رێکخراوەکە بووە.

 

یەکێکی دیکە لە ناوەکان، “خالد بەتەرفی” سەرکردەی لقی قاعیدەیە لە نیمچە دورگەی عەرەبى، کە ناوبراو دوای کوژرانی قاسم ئەلریمی لە هەڵمەتێکی ئەمریکادا لە شوباتی ٢٠٢٠ بوو بە بەرپرسى رێکخراوەکە لەو ناوچەیە.

ئەبو عوبێدە یوسف ئەلعەنبی ناسراو بە “یەزید موبارەک”

بەهەمان شێوە ناوی ئەبو عوبێدە یوسف ئەلعەنبی ناسراو بە “یەزید موبارەک” کە سەرکردەیەکی دیاری  قاعیدەیە لە وڵاتی مەغریب،  جگە لە عومەر ئەحمەد دیری ناسراو بە ئەحمەد عومەر  هەریەک لە  ئەبو عوبەید کە سەرکردەی “بزووتنەوەی ئەلشەباب”ی سۆماڵیە، و ئەبو حەمام ئەلشامی ئەمیری ڕێکخراوی “پارێزەرانی ئایین” لقی قاعیدە لە سوریا، هەروەها ئەبو عەبدولکەریم ئەلمەسری وەک جێگرەوی زەواهیری ناویان دێت.

 حەمید مستەفا”  کەسایەتی مێژوویی قاعیدە یەکێکە لە کاندیدەکان

دیارترین ئەو ناوەی “لە نێو ئەو کەسایەتیانەی کە پێشنیازکران “حەمید مستەفا” بوو، کە نازناوی (ئەبی الوالید المسری)ی لێنراوە، مێژوونووسی قاعیدە و کەسایەتییەکی مێژوویی رێکخراوەکەیە. هەندێک پێیان وایە هەڵبژاردنی ئەو کەسایەتییە مێژووییە بۆ سەرکردایەتی قاعیدە ڕەنگە ڕێگەی دەربازبوون بێت لەو قەیرانە و ناوی ئەویش لە پێش کاندیدەکانی ترەوە پێشنیازکراوە .

بەشێکی تر  لە قەیرانەکانی نێو قاعیدە، ململانێیە لەگەڵ رێکخراوی “داعش” 

 

لە کۆتایدا ئەحمەد زاغلول ئاماژەی بە بوونی “ناکۆکییەکی گەورە” لە نێو باڵەکانی قاعیدە کرد سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرکردەی نوێ”، ڕوونشیکردەوە کە “راگەیاندنی ناوی سەرکردەی نوێ ڕەنگە هەڕەشە بێت بۆ سەر رێکخراوەکە لەلایەن باڵەکانەوە،  رەنگە ئەو هەرەشەیە زیانێکی زۆر بە رێکخراوەکە بگەیەنێت و بەرەو لە ناوچونی ببات. ئاماژەی بەوەشکرد، “بەشێکی تر  لە قەیرانەکانی نێو قاعیدە، ململانێیە لەگەڵ رێکخراوی “داعش”، بەو پێیەی هەریەکێک لەو دوو رێکخراوە هەوڵی راکێشانی باڵەکان و موجاهیدەکانن بۆ لای یەکتر، بۆیە رەنگە سەرکردەیەکی نوێی گونجاو بۆ سەرکردایەتیکردنی  رێکخراوەکە لە هەموو کات پێویستر بێت.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button