حەوت “خیانەتى” ئەمریکا لە کورد لە 100 ساڵدا

شەرقولئەوسەت: چاوەڕوان دەکرێت ئەمریکا خیانەتێکى دیکە لە کورد بکات

 

هەڕەشەکانى تورکیا بۆ ئەنجامدانى ئۆپراسیۆنى زەمینى بۆسەر رۆژئاڤاى کوردستان روو لە زیادبوونە. چاوى میدیاکان لەسەر ئەمریکاى هاوپەیمانى هێزەکانى سوریاى دیموکرات (هەسەدە)یە. رۆژنامەی شەرقولئەوسەت لە راپۆرتێکی شیکاریدا بە ناونیشانی “حەوت خیانەتەکەی ئەمریکا لە کورد لە 100 ساڵدا” باس لەو کاتانە دەکات، کە ئەمریکا کوردى جێهێشتووە.

یەکەمجار نیە، کورد روبەڕوی “خیانەتی” ئەمریکا و رۆژئاوا دەبێتەوە

راپۆرتەکە لە ژمارەى ئەمڕۆى رۆژنامەکەدا بڵاوکراوەتەوە و دەڵێت، یەکەمجار نیە، کورد روبەڕوی “خیانەتی” ئەمریکا و رۆژئاوا دەبێتەوە. بۆ ئەوەش حەوت قۆناغی مێژوویی گێڕاوەتەوە.

بەگوێرەى  پەیماننامەی سیڤەر لە تورکیا جوگرافیایەک بۆ کورد  دیاریکرا 

قۆناغى یەکەم: دوای رووخان و هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی، پەیماننامەی سیڤەر لە ساڵی 1920دا لەنێوان زلهێزەکانی ئەو رۆژگارە واژۆکرا، بەگوێرەى  پەیماننامەکە، جوگرافیایەک بۆ کوردى تورکیا دیاریکرا بۆ پێکهێنانی ئیدارەی  سەربەخۆ و خۆبەڕێوەبەرێتی، بەڵام دوای دەرکەوتنی کەمال ئەتاتورک و پشتیوانییەکانی واشنتۆن بۆ دەسەڵاتەکەی، یەکەم خەنجەر لە پەیماننامەی سیڤەر درا و بەوشێوەیە ناوچەی خۆبەڕێوەبەرێتی کۆماری ئارارات لە رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ خرایە سەر جوگرافیای تورکیای نوێ، بە سەرۆکایەتی کەمال ئەتاتورک و خەونی کورد لەباربرا.

بەشێکی زۆری دانیشتوانى ئەو ناوچانە ئاوارەی سوریا و وڵاتانی ناوچەکە بوون، کە دواتریش حکومەتی بەعسی سوریا، ئەو دەستەواژەى دەگوتەوە، کە “ئاوارەکان خەڵکی سوریا نین”.

ئەمریکا پشتیوانیی کودەتای بەعسییەکانی کرد لە دژی عەبدولکەریم قاسم

 

قۆناغى دووەم: دوای چەندین ساڵ لە شۆڕش و کۆچی بەکۆمەڵی کوردى تورکیا، ئەمریکا هاوکاری کوردى عێراقی کرد، لە دژی کۆمارە نوێیەکی عەبدولکەریم قاسم، کە لەساڵی 1958دا بە کودەتا دەسەڵاتی لە عێراق گرتەدەست، دواتر پشتیوانی کودەتای بەعسیەکانی کرد، کە لە دژی عەبدولکەریم قاسم، لە ساڵی 1963 کرا.

لەوێوە بەعسیەکان، رێبازێکی توندیان بەرامبەر کورد گرتەبەر، دوای ئەوەی بەعس لە یەکێتی سۆڤیەت نزیکبووەوە، ئەوکاتە ئەمریکا لە رێگەی ئێرانی سەردەمی شاوە هاوکاری و چەکی بە کوردى عێراق دەدا، لەپێناو تێکدانی ئاسایش و دۆخی نێوخۆیی عێراق، کە ئامانجی ئەو هاوکاریانەی ئەمریکا لەبنەڕەتدا، بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی نەبوو، وەک هینرس کیسنجەر، وەزیری دەرەوەی ئەوکاتەی ئەمریکا گوتی “هاوکاریە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ کوردى عێراق، تەنها بۆ لاوازکردنی بەغدادە”.

لەدوای رێککەوتنی جەزائیری نێوان عێراق و ئێران، شای ئێران هاوکاری بۆ کوردى عێراق راگرت. جیراڵد فۆرد، سەرۆکى ئەوکاتەى ئەمریکا پیرۆزبایی بڕیارەکەى لە شا کرد.

سەرۆکی ئەمریکا چاوپۆشی لە بەکارهێنانى چەکى کیمیایی قەدەغەکراو کرد 

     

قۆناغى سێیەم: کوردی عێراق روبەڕووی زیاتر لە خەنجەرێکی ئەمریکی بووەتەوە، بە دریاریکراوی لە هەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا. ئیدارەکەی رۆناڵد ریگن، سەرۆکی ئەمریکا چاوپۆشی لە بەکارهێنانى چەکى کیمیایی قەدەغەکراو کرد، کە بەعس لە کوردستانی عێراق بەکاریهێنا.

کورد براوەی سەرەکیی گۆڕانکارییەکانی دوای روخانی سەدام بوو

قۆناغی چوارەم: دوای روداوەکانی 11ى سێپتەمبەرى 2001، جۆرج بۆشی کوڕ، بڕیاری “داگیرکردنی” عێراقی دەرکرد، لەو کاتەشدا لێکنزیکبوونەوە وهەماهەنگى لەگەڵ کورد و سەرکردایەتی کورددا هاتەئاراوە، بەو شێوەیە کورد بوونە براوەی سەرەکی گۆڕانکارییەکانی دوای روخانی سەدام، هەروەک لە جەنگی دژی داعشدا کورد هاوکاری کران لەلایەن ئەمریکاوە.

لە ساڵی 2017  دا مەسعود بارزانی، سەرۆکی ئەو کاتەی هەرێمی کوردستان، ریفراندۆمى بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان ئەنجامدا، بەڵام جارێکی دیکە ئەمریکا “خیانەتی” کردەوە و خۆی بەدوورگرت لە هەر هەنگاوێکی پشتیوانیکردنى ریفراندۆمەکە.

واشنتن پشتیوانیی خۆی بۆ دەسەڵاتدارانی ئەنقەرە دەربڕی و پەکەکەشی خستە لیستی تیرۆرەوە

         

قۆناغى پێنجەم: دوای روداوەکانی ساڵی 2003 و روخانی دەسەڵاتی بەعسیەکان لە عێراق و جێگیرکردن و ناساندنی ئەزموونی کوردی لە عێراقدا، لە ئازاری ساڵی 2004 کوردى سوریا لە دژی دەسەڵاتی بەعسی سوریا راپەڕین، بەڵام هیچ هاوکاریی و پاڵپشتیەکی نێودەوڵەتییان بەدەستنەهێنا، چەند ساڵێک پێش ئەو رووداوانەش بەدیاریکراوی لە ساڵی 1998  حکومەتی تورکیا سوپای لەنزیک سنورەکانی و سوریا کۆکردەوە و داوای دەرکردنی عەبدوڵا ئۆجەلانی، رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ی لە دیمەشق کرد و لەو کاتەشدا واشنتۆن پشتیوانی خۆی بۆ دەسەڵاتدارانی ئەنقەرە دەربڕی و پەکەکەش خرایە لیستی تیرۆری جیهانیەوە.

دامەزراندنی قەوارەیەک بەناوى “رۆژئاڤا”  ئەنقەرە و دیمەشق و تارانى نیگەرانکرد

   

قۆناغى شەشەم:  دەرکەوتنى کیانێکى کوردى بەناوى “رۆژئاڤا” یاخود (رۆژئاواى کوردستان) ئەنقەرە و دیمەشق و تارانى نیگەران کرد، تورکیا بایەخبەندییەکانى لە سوریا لە روخاندنى رژێمەوە گۆڕى بۆ پلکێشانى بۆ نێو خاکى سوریا، تورکیا لە ساڵانى 2016 و 2018 و 2019 ژمارەک رێککەوتنى لەگەڵ روسیا واژووکرد کە بەهۆیەوە رێگەى گرت لەوەى کیانى کوردى لە باکورى سوریا بگاتە سەر دەریاى سپى ناوەڕاست، ئەنقەرە هەموو ئەو کارانەى دژى کوردى سوریا، بە پشتیوانى روسیا و بێدەنگى ئەمریکا کرد .

سەرۆکى ئەمریکا بڕیاریدا هێزەکانى وڵاتەکەی لە ناوچە سنورییەکانی نێوان سوریا و تورکیا بکشێنێتەوە

   

قۆناغى حەوتەم: لە ساڵی 2019 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا، بڕیاریدا هێزەکانى ئەمریکا لە ناوچە سنورییەکانی نێوان سوریا و تورکیا بکشێنەوە، ئەوەش بە “خیانەتێکی” چاوەڕواننەکراوی ئەمریکا بەرامبەر کورد لێکدرایەوە، کە دواتر رێخۆشکرا بۆ لەشکرکێشی تورکیا بۆ سەر ئیدارەی سەربەخۆی کورد لە سوریا،
ئێستاش جارێکی دیکە، پێشینەکانی “خیانەتێکی” دیکەى ئەمریکا بەرامبەر کورد لەئارادایە و پێشبینیکراوە، بەتایبەتی، کە چەند جارێک بەرپرسانی باڵای تورکیا هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشی زەمینی بۆسەر ئیدارەی کورد لە سوریا دەکەن.

“خیانەتی هەشتەمی ئەمریکا بەرامبەر کورد” بەڕێوەیە

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button