چین داواى راگرتنى ئۆپراسیۆنەکانى تورکیا لە رۆژئاڤا دەکات

نوێنەرى چین لە ئەنجومەنى ئاسایش: ئۆپراسیۆنەکە سەروەریی سوریا پێشێل دەکات

چین داوا لە تورکیا دەکات دەستبەجێ ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانى لە سوریا رابگرێت و داواش لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات، هەوڵى پاراستنی سەروەریی و یەکپارچەیی خاکی سوریا بدات.

گێنگ شوانگ، جێگری نوێنەری هەمیشەیی چین لە ئەنجومەنى ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، ماوەیەکە دۆخی ئەمنی لە سوریا بەردەوام ناسەقامگیرە، لە چەند هەفتەی رابردوودا تورکیا هێرشی ئاسمانی بۆ سەر سوریا دەستپێکرد و رایگەیاندووە ئۆپەراسیۆنی زەمینی ئەنجام دەدات، ئەو گوتى، لە هەمانکاتدا هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سوریا بەردەوامن.

گێنگ شوانگ، لە کۆبوونەوەى دوێنێ، سێشەمەى ئەنجومەنەکەدا رایگەیاند، هەموو ئەم کردەوانە بەشێوەیەکی فراوان سەروەریی و یەکپارچەیی خاکی سوریا پێشێل دەکەن و رەنگە ببێتە هۆی پەرەسەندن و تەشەنەکردنی ململانێی سوریا، دەشڵێت، “چین زۆر نیگەرانە لەبارەی ئەو دۆخەوە”.

نوێنەرى چین رونیکردەوە، دەستێوەردانی سەربازی دەرەکی یەکێکە لەو هۆکارە سەرەکیانەی، کە قەیرانەکانى سوریا ئاڵۆزتر، چارەسەرنەکراو و درێژخایەنتر دەکات. چین داوا لە تورکیا و ئیسرائیل دەکات دەستبەجێ هێرشەکانی سەر سوریا رابگرن و خۆیان لە هەر کردارێک بەدوور بگرن، کە رەنگە دۆخەکە پەرەپێبدات و پابەندبن بە گفتوگۆ و راوێژ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. گوتیشی، “بوونی هێزە بیانییەکان لە سوریا، کە نایاسایییە، دەبێت کۆتایی بێت”.

ئاماژەی بەوەشدان لە مانگی رابردوودا هیچ هاوکارییەکی مرۆیی نەگەیەنراوەتە باکورى رۆژهەڵاتى سوریا، کە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەوڵبدات بۆ ئەوەی سەرچاوەی مرۆیی بەبێ هیچ جیاوازییەک بۆ هەموو دانیشتووانی سوریا دابین بکات.

نوێنەرى چین باسی ئەو قەیرانانەى کرد، کە هاوڵاتیانى سوریا روبەڕوى بوونەتەوە و گوتى، سوریا روبەوی قەیرانی تەندروستی گشتی، سەرچاوەکانی ئاو و دابینکردنی کارەبا بووەتەوە، پێویستە نەتەوەیەکگرتووەکان ئەولەویەت بدات بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان لەو بوارانە بۆ دابینکردنی زۆرترین پێداویستییەکان بۆ گەلی سوریا.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button