جەنگی تویتەر و ئەپڵ دەستپێدەکات

ئەپڵ ریکلامی لە تویتەر کەم دەکاتەوە و مەسکیش هێرش دەکات

ئیلۆن مەسک، ملیاردێر و خاوەنی تویتەر رایگەیاند، کۆمپانیای ئەپڵ زۆرینەی ریکلامەکانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر راگرتووە و هەڕەشەی سڕینەوەی ئەپڵیکەیشنی تویتەرى لە ئەپڵ ستۆر کردووە، کۆمپانیاى ئەپڵ وەڵامى ناداتەوە، بەڵام داواى لە کۆمپانیا گەورەکانى تەکنەلۆژیا کردووە بایکۆتى تویتەرى سەردەمى مەسک بکەن.

ئەپڵ هەڕەشەی سرینەوەی تویتەر دەکات لە ئەپڵ ستۆر

هێرشەکانی ئیلۆن مەسک دوای ئەوە دێت، کە کۆمپانیای ئەپڵ خەرجییە ریکلامیەکانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر کەم کردووەتەوە، ئەمەش بەهۆی ترسی لە گۆڕانکارییە نوێیەکانی تویتەر، کە ئیلۆن مەسک ئەنجامی ئەدات.

چالاکوانان فشار دەکەنە سەر کۆمپانیاکان تاوەکو ریکلامەکانیان بوەستێنن لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکە، ئەمەش داهاتی تویتەری کەم کردووەتەوە، وەک ئیلۆن مەسک پێشتر رایگەیاندبوو.

ئیلۆن مەسک، رۆژی دووشەممە لە رێگەی چەندین تویتەوە هێرشی کردە سەر کۆمپانیای ئەپڵ و گوتى، ئەپڵ بە شاراوەیی باج بە رێژەی 30% دەخاتە سەر هەر بەرهەمێک، کە لە رێگەی ئەپڵ ستۆر بەردەستە.

ئەو دەڵێت “ئەپڵ بە نیازە تویتەر لە ئەپڵ ستۆر بسرێتەوە بێ هیچ هۆکارێک”.

کۆمپانیاى ئەپڵ تۆمەتبار دەکات، کە سانسۆری داناوە بۆ بەشێک لە بەرنامەکانی ئەپڵ ستۆر و ناچاری کردوون بە خواستی ئەپڵ کار بکەن.

مەسک دەپرسێت ئایا تویتەر لە ئازادی رادەربرین دەترسێت لە ئەمریکا؟

لە تیم کۆک، خاوەنی ئەپڵ دەپرسێت چی روودەدات؟

سەربارى هێرش و تۆمەتەکانى مەسک، بەڵام ئەپڵ تاوەکو ئێستا ئامادەنیە نە وەڵامى بداتەوە و نە روونکردنەوەش بدات.

هەرچەندە ئیلۆن مەسک لە رێگەی چەند بیرۆکەیەک هەوڵی زیادکردنی داهاتی تۆڕەکەی دەدات وەک “وەرگرتنی باج لە هەژمارە پشتراستکراوەکان”، بەڵام هێشتا داهاتی تویتەر پشت بە ریکلام دەبەستێت.

چەند کۆمپانیا و براندێکی جیهانی لەوانە (General mills, cheerios, Volkswagen) لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوو ریکلامەکانیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر راگرتووە.

میدیا ماتەرز:

50%ى کۆمپانیا گەورەکان ریکلامەکانیان لە تویتەر راگرتووە

گروپێکی چاودێریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە ناوی میدیا ماتەرز، رایگەیاندووە نزیکەی 50%ى کۆمپانیا گەورەکان ریکلامەکانیان لەم تۆڕە راگرتووە، کە ژمارەیان 50 کۆمپانیایە، بەهۆی نادیاری ئاراستەی داهاتووی پلاتفۆرمەکە لەژێر ئیدارەی ئیلۆن مەسک.

گروپی ریکلام و بازاڕکردنی ئۆمنیکۆم، کە لەلایەن ئەپڵ خاوەندارێتی دەکرێت داوای لە کۆمپانیا گەورەکانی سیلیکۆن ڤالی “ناوچەی گەورەترین کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیا” کردووە، بەشێوەیەکی کاتی ریکلامەکانیان لە تویتەر رابگرن، بەهۆی ترس لە “سەلامەتی براندە بازرگانیەکان”، کە وەک ئەوان دەڵێن تویتەر وەک پێشوو ناتوانێت پارێزگاری لێبکات.

بەشێوەیەکی کاتی ریکلامەکانتان لە تویتەر رابگرن

“گەراندنەوەی ئەکاونتە دورخراوەکان، پێدانی هێمای پشتراستکردنەوە بە هەڕەمەکی بە هەژمارەکان لەبەرامبەر پارە” ئەو هۆکارانەن، کە ئیلۆن مەسک و تویتەری روبەڕوی بایکۆت کردووەتەوە.

تویتەر تۆڕێکی کۆمەڵایەتی ئەمریکیە، ساڵی 2016 دامەزراوە و ژمارەی بەکارهێنەرانی زیاد لە 400 ملیۆنە لە سەرتاسەری جیهان.

لە 27ی تشرینی یەکەمی 2022، ئیلۆن مەسک، ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتییەى بە 44 ملیار دۆلارى ئەمریکى کڕی.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button