چینییەکان دژی رێکارە توندەکانی کۆرۆنا خۆپیشاندان دەکەن

داوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی وڵات دەکرێت

 

زووم، ئاژانسەکان:

دژی رێکارە توندەکانی کۆرۆنا لە چین، خۆپیشاندانی بەرفراوان سەریهەڵداوە و رۆژانە تاوەکو درەنگانی ئێوارە ناڕەزایەتییەکان بەردەوامدەبن.

لە کۆتایی هەفتەی رابردووەوە، خۆپیشاندەران لە پەکینی پایتەخت و شاری شەنگەهای، کە بە ناوەندی بازرگانی چین دادەنرێت، دەستیان بە دەربڕینی ناڕەزایەتیی کردووە و هەندێکیان داوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆک شی جینپینگ دەکەن، کە مانگی رابردوو بۆ ویلایەتی سێیەمی سەرۆکایەتیی پارتی کۆمۆنیستی چین هەڵبژێردرایەوە.

بەهۆی بەردەوامی خۆپیشاندانەکان لە شەقامە سەرەکییەکانی شەنگەهای لە دوو شەوی رابردوودا، پۆلیسی ئەو شارە دیواری بەربەستی لە شەقامەکان داناوە تاوەکو رێگری لە بەردەوامیی خۆپیشاندانەکان بکەن.

خۆپیشاندەرانی چین توڕەن لەو رێکارە توندانەی حکومەتی وڵاتەکەیان گرتوویەتیەبەر بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، ئەمە لەکاتێکدایە لە چەند هەفتەی رابردوودا جارێکی دیکە رێژەی توشبوون بەو پەتایە بە رێژەیەکی زۆر بەرزبووەتەوە.

هاوکات، وەزارەتی دەرەوەی چین رایدەگەیەنێت، سیاسەتێکی سەرکەوتوویان لە بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنادا پەیڕەو کردووە.

چین: سیاسەتێکی سەرکەوتوومان لە بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنادا پەیڕەو کردووە

رێکارەکانی حکومەتی چین بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا هێندە توندن، وڵاتەکە رێنماییەکی دەرکردووە بەناوی (کۆڤید-سفر)، ئەمەش بە مانای پلانی حکومەت دێت بۆ دابەزینی گواستنەوەی پەتاکە بۆ ئاستی سفر. رێکارەکان پشکنینی گشتی، کەرەنتین و قەدەغەی تەواوی هاتووچۆ دەگرێتەوە.

خۆپیشاندانەکان دوای ئەوە سەریانهەڵدا، کە لە شاری ئورومقی ناوچەی شینجیانگ بەهۆی رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبووندا 10 کەس گیانیان لەدەستدا. بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لەو وڵاتە هۆکارەکەیان بۆ قەدەغەی هاتووچۆ گەڕاندەوە، کە بەهۆیەوە نەتوانراوە قوربانییانی رووداوەکە رزگاربکرێن.

بەپێی هەواڵێکی بی بی سی، میدیاکانی سەر بە دەسەڵات لە ئاست خۆپیشاندانەکاندا بێدەنگییان هەڵبژاردووە و پۆلیسی ئەو وڵاتە رێکاری توندی گرتووەتەبەر، بەشێوەیەک هەرکەسێک ببینن وێنەی خۆپیشاندانەکانی گرتووە، مۆبایلەکەی لێدەسەنن و دەیسڕنەوە یاخود دەستگیری دەکەن.

بەهۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆناوە لە چین، رۆژی دووشەممە پشکی بازاڕەکانی ئاسیا دابەزین و نرخی نەوت لەمساڵدا نزمترین ئاستی تۆمارکرد، کە نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت 81 دۆلار و 70 سەنتە و نرخی بەرمیلێک نەوتی تەکساس 74 دۆلار و 36 سەنتە.

ڕۆژی دووشەممە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە رایانگەیاند، زیاتر لە 40 هەزار حاڵەتی نوێی تووشبوون بە کۆرۆنا تۆمارکراوە. لەوانەش هەزاران تووشبووی نوێ لە شارە گەورەکانی گوانگژۆ و چۆنگچینگ تۆمارکراون.

بەهۆی رێکارە توندەکانەو حکومەتی چین توانیویەتی کۆنترۆڵی زۆر باشی پەتاکە بکات بەشێوەیەک لەسەرەتای پەتاکەوە تا ئێستا 5200 حاڵەتی مردن هەبووە، واتا لە هەر ملیۆنێک تەنها سێ کەس بە پەتاکە گیانیان لەدەستداوە. ئەمەش رێژەیەکی زۆر کەمە بە بەراورد بە ئەمریکا کە 3000 حاڵەتی مردن بۆ هەر ملیۆنێک کەس لەسەرەتای سەرهەڵدانی پەتاکەوە هەبووە و بۆ بەریتانیا 2400 حاڵەتی مردن بۆ هەر ملیۆنێک تۆمارکراوە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button