کورد و بەلوچ قوربانی سەرەکی خۆپیشاندانەکانن

بەگوێرەى ئامارى تۆڕى مافەکانى مرۆڤى کوردستان 104 خۆپیشاندەرى کورد کوژراون

 

بەگوێرەى ئامارى تۆڕى مافەکانى مرۆڤى کوردستان، تاوەکو ئێستا لە کۆى 416 خۆپیشاندەرى کوژراو لە ئێران، 104 کەسیان کوردن. کورد و بەلوج قوربانى سەرەکى خۆپیشاندانەکانن، کە 70 رۆژە بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” لە تەواوى وڵاتەکە بەردەوامە.

لە دوو هەفتەى رابردوودا “زەبر و زەنگى” هێزە ئەمنییەکانى ئێران بەرامبەر بە خۆپیشاندەران زیاتربوون، تۆمارە ڤیدیۆییەکان، دیمەنى کوژرانى خۆپیشاندەران بە تەقەى راستەوخۆى ئەو هێزانە نیشان دەدەن.

104 کەسیان کوردی رۆژهەڵاتی کوردستانن

ئەمڕۆ، شەممە، 26ى تشرینى دووەمى 2022، تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئامارى کۆى کوژراوەکانى بڵاوکردەوە، کە رایگەیاندووە، 416 کوژراوە، لەو ژمارەیە 104 کەسیان کوردی رۆژهەڵاتی کوردستانن. ناو و تەمەنی کوژراوەکانیشی بڵاوکردووەتەوە.

بەگوێرەى ژمارەى کوژراوەکان لە پارێزگاکان بەمێوەیە؛ 42 کەس لە پارێزگای ورمێ، 34 کەس لە پارێزگای سنە، 20 کەس لە پارێزگای کرمانشان، کەسێک لە پارێزگای ئیلام، پێنج کەس لە تارانی پایتەخت، کەسێک لە خوڕاسانی باکور، کەسێک لە قەزوین و کەسێک لە پارێزگای ئەلبورز کوژراون.

لەوانەى کوژراون 89 کەسیان پیاون، چوار کەس ژنن و 11 کەسیان منداڵن. هەشت کەسیان تەمەنیان سەروو 40 ساڵە، زۆرینەیان تەمەنیان لەنێوان 20 بۆ 30 ساڵدایە.

لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان، 21 کەس لە ئەندامانی ئەو حزبانە و بنەماڵەکانیان کوژراون.

 

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئاماژەى بە ژمارەى کوژراوان بەهۆى هێرشەکانى ئێران بۆسەر بارەگاى حزبەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان لە هەرێمى کوردستان کردووە و دەڵێت، لە سێ هێرشی سەربازیی سوپای پاسداران لە 28ی ئەیلول، 14 و 21ی تشرینی دووەمدا، بۆ سەر بارەگەکانی حزبی دیمۆکراتی

کوردستانی ئێران، پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان، 21 کەس لە ئەندامانی ئەو حزبانە و بنەماڵەکانیان کوژراون.

 

416 خۆپیشاندەر کوژراون، ٢٧ کەسیان ژن و منداڵن 

هاوکات تۆڕى مافەکانی مرۆڤی ئێران، ژمارەى ژن و منداڵە کوژراوەکانى بڵاوکردەوە، لە 416 خۆپیشاندەرە کوژراوەکە لە سەرلنسەرى ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون، 27 کەسیان ژن و 51 کەسیان منداڵن.

وەک ئەم رێکخراوەش بڵاویکردووەتەوە، پارێزگای سیستان و بەلوچستان، کە بەلوچی تێدا دەژی، زۆرترین کوژراوی هەیە، کە 126 کەسن.

پارێزگای سیستان و بەلوچستان، کە بەلوچی تێدا دەژی، زۆرترین کوژراوی هەیە

هەڵکشانی ژمارەى کوژراوان لەکاتێکدایە 24ی تشرینی دووەم، ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان، لەسەر پێشنیازی ئەڵمانیا و ئایسلەندا، لەبارەی دۆخی ناوخۆ و پێشێلکاریەکانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران کۆبوونەوەیەکى نائاسایی ئەنجامدا.

زۆرینەى وڵاتانی رۆژئاوا، داوایان کرد، کۆمیتەیەکی نێودەوڵەتی سەربەخۆ بۆ لێکۆڵینەوە لەبارەی دۆخی مافی مرۆڤ و کوشتنی هاوڵاتیانی ئێران پێکبهێندرێت، بەڵام ئەو وڵاتانەی دژى پێکهێنانى کۆمیتەکە بوون، کەمنین؛ روسیا، چین، کۆریای باکور، کۆبا، ڤەنزوێلا رەتیان کردەوە دەنگ بەو پێشنیازە بدەن.

هەواڵی زیاتر

Back to top button