سوپاى پاسداران هێز بەرەو ناوچە سنورییەکان دەجوڵێنێت

محەمەد پاکپور، فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای پاسدارانی ئێران، جوڵاندنى هێزى زەمینى بۆ ناوچە سنورییەکانى هەرێمى کوردستان راگەیاند و دەڵێت، ئامانجیانە رێگری لە دزەکردنى “گروپە جوداخوازەکان” بکەن، کە مەبەستى حزبەکانى رۆژهەڵاتى کوردستانە.

یەکەیەکی زرێپۆش و هێزی تایبەتی رەوانەى سنورەکان کراوە

ئاژانسى هەواڵى تەسنیمى نزیک لە سوپاى پاسداران، ئەمڕۆ، هەینى، 25ى تشرینى دووەمى 2022 ئەو زانیارییانەى لە زارى محەمەد پاکپور، بڵاوکردەوە، بەڵام بەگوێرەى زانیارییەکانى زوومى هەولێر، چەند رۆژێک پێش ئێستا هێزى سوپاى پاسداران بۆ دەڤەرى سیدەکان جوڵێندراوە، کە بارەگاى حزبەکانى رۆژهەڵاتى کوردستانى لێیە.

محەمەد پاکپور گوتى، یەکەیەکی زرێپۆش و هێزی تایبەت لە عێراقی دراوسێوە رەوانەی ناوچە کوردستانییەکان کراوە.

ئەو گوتویەتى، بەشێک لە یەکە زرێپۆشەکان و هێزی تایبەتی هێزی زەمینی بەرەو پارێزگا سنورییەکان لە رۆژئاوا و باکوری رۆژئاوای وڵاتەوە بەڕێکەوتوون.

لە دواى مەرگى ژینا ئەمینى، لە 16ى ئەیلولى ئەمساڵ، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتى لە رۆژهەڵاتى کوردستان و ئێران بەردەوامە، حزبەکانى رۆژهەڵات پشتیوانیان لە خۆپیشاندانەکان کردووەن ئێرانیش بە تێکدانى دۆخى ئەمنى وڵاتەکە تۆمەتبارى کردوون.

رۆژی 28ى ئەیلول، سوپاى پاسداران هێرشێکى فراوانى کردە سەر بارەگاى حزبەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان، لە کۆیە، پردێ، زڕگوێز و دەڤەرى سیدەکان، سوپاى پاسداران ئەوکات رایگەیاند، هێرشەکان لە رێگەی 73 موشەک و دەیان درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە ئەنجامدراون. بەگوێرەى ئامارى تەندروستى 16 کەس کوژران و زیاتر لە 50ی کەسی دیکەش برینداربوون، لەنێویاندا منداڵ و ژن هەبوون.

رۆژى 14ى تشرینى دووەم، سوپاى پاسداران جارێکى دیکە هێرشى کردەوە سەر بارەگاى حزبەکان، لە کۆیە، زڕگوێز و کەمپی جێژنیکان لە نزیک بەحرکە، کە ئاوارەکانى رۆژهەڵاتى کوردستانى تێدایە، لەم هێرشەدا دوو پێشمەرگەى حزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران، کوژران و ژمارەیەکى دیکە برینداربوون. هەفتەى رابردووش بە موشەک بارەگاى پارتى ئازادى کوردستانى لە پردێ بۆردومانکردەوە.

بەگوێرەى زانیارییەکانى زووم، کە لە بەرپرسانى ناحیەى سیدەکانەوە وەریگرتووە، دوو گوند و دوو شوێنى گەشتیارى لە ناوچەکە بەهۆى مەترسی هێرشەکانى ئەم دوایەى ئێران چۆڵکراون. لە 30 ساڵى رابردووشدا 120 گوندى ناوچەکە بەهۆى مەترسی هێرش و بۆدومانەکانى تورکیا و ئێران لە ناوچەکە چۆڵکراون.

محەمەد پاکپور گوتویەتى، ئامۆژگاری دانیشتوانى ئەو ناوچانە دەکەین، کە نزیکن “گروپە جوداخوازەکان” شوێنەکانیان چۆڵیان بکەن، بۆئەوەی لە کاتی ئۆپراسیۆنەکانی سوپای پاسداراندا زیانیان بەرنەکەوێت.

هەرێمى کوردستان مەترسی نییە لەسەر وڵاتانى دراوسێ

پێنجشەممەى رابردوو، تاران پاساوی بۆردومانکردنی شوێنەکانی سەر بە حزبەکانى رۆژهەڵاتى کوردستانى هێنایەوە و لە نامەیەکدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان جەختیکردەوە، کە هیچ “بژاردەیەکی دیکە”ی نییە بۆ پاراستنی خۆی لەو “گروپانە”.

هێرشەکانى ئێران کاردانەوەى ناوخۆى و نێودەوڵەتى لێکەوتووەتەوە، هەفتەى رابردوو مەسرور بارزانى، سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان دڵنیاییدا هەرێمى کوردستان مەترسی نییە لەسەر وڵاتانى دراوسێ.

رایگەیاند، جارێکی دیکە داوا لە حکومەتی فیدراڵی عێراق، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتووەکان دەکەین سنورێک بۆ ئەم هێرشە ناڕەوایانە دابندرێت، کە دەکرێنە سەر خاکەکەمان و ئەو دەستدرێژیانەی دەکرێنە سەر وڵاتەکەمان کۆتاییان پێبێت.

ئەو گوتى، هەموو وڵاتانی دراوسێمان دڵنیادەکەینەوە، کوردستان شوێنی سەقامگیرییە و جێی مەترسیی نییە، بەهیچ شێوەیەک نامانەوێت سەقامگیریی و ئاسایشی هیچ وڵاتێک تێکبچێت.

جوڵاندنى سوپاى پاسداران بۆ ناوچە سنورییەکان لەکاتێکدایە، رۆژى چوارشەممەى رابردوو محەمەد کازم ئال سادق، باڵیۆزی ئێران لە بەغداد رایگەیاند، ئەگەری ئەنجامدانی هێرشی زەمینی ئێران بۆسەر ناوچە سنورییەکان لە هەرێمی کوردستان لە ئارادا نییە و وڵاتەکەمان نیازێکى لەوشێوەیەى نییە.

ئەو گوتی، تاران چەندینجار داوای لە حکومەتی عێراق کردووە، حزبە کوردییەکانی ئێران، کە ئەو بە “جوداخواز” ناویان دەهێنێت لە ناوچە سنورییەکان دووریان بخاتەوە. تاران 70 بەڵگە و دیکۆمێنتی لەبارەی جموجوڵ و چالاکی ئەو حزبانە داوە بە حکومەتی عێراق، ئەو تۆمەتباریان دەکات بە نانەوەى پشێوى لە ئێران.
باڵوێزی ئێران رایگەیاند، پێشتر رێککەوتن لەنێوان ئێران و حکومەتی عێراق و دەسەڵاتدارانی کوردستان کراوە بۆ جێگیرکردنی هێزێکی سوپای عێراق لەناوچە سنورییەکان، بەڵام ئەو رێککەوتنە جێبەجێنەکراوە.

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button