نەتەوەیەکگرتووەکان داوا لە ئێران دەکات کۆتایی بە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران بهێنێت

" 14 هەزار خۆپیشاندەر دەستگیرکراون"

ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان تاوتوێی لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی لە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێراندا دەکات. تارانیش دەڵێت، وڵاتانى رۆژئاوا “ئەو متمانە ئەخلاقیەی نییە” تاوەکو رەخنەی لێبگرێت.

ڤۆڵکەر تورک، سەرۆکی مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان ئەمڕۆ پێنجشەممە هۆشداریدا، کە ئێران “بە تەواوەتی لە قەیرانی مافی مرۆڤدایە.”

گوتیشی، لە دانیشتنی تایبەتی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لەبارەی بابەتی “خراپی دۆخی مافی مرۆڤ لە کۆماری ئیسلامیی ئێران” قسەی کرد.

لەبارەی بابەتی “خراپی دۆخی مافی مرۆڤ لە کۆماری ئیسلامیی ئێران” قسەم کرد

ڤۆڵکەر تورک – سەرۆکی مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان

لە کۆبوونەوەکەدا، کە تایبەت بوو بە دۆخی ئاڵۆزی ئێران، تورک داوایکرد کۆتایی لە بەکارهێنانی هێز دژی خۆپیشاندەران بهێندرێت.

گوتیشی، لەو بەڵگانەی، کە توانیومانە کۆی بکەینەوە، تاوەکو ئێستا نزیکەی 14 هەزار کەس لە چوارچێوەی ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیرکراون، کە منداڵیشیان تێدایە، کە ئەمە ژمارەیەکی سەرسوڕهێنەرە.

سەرۆکی مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەشدا، بەکارهێنانی هێزی ناپێویست و لاسەنگ دەبێت سنورێکی بۆ دابنرێت. ئەو شێوازە کۆنە و عەقڵیەتی دەسەڵاتی لەم شێوەیە چیتر کار ناکات.

دانیشتنەکەی ئەمڕۆ لەسەر داوای فەرمی ئەڵمانیا و ئایسلەندا بووە، کە تایبەت بوو بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و لە هەفتەی رابردووەوە تاوەکو ئێستا 44 دەوڵەت پشتگیریان لێکردووە.

 وڵاتانی رۆژئاوا “ئەو متمانە ئەخلاقییەیان نییە، کە بانگەشەی مافی مرۆڤ بۆ کەسانی دیکە بکەن”

خەدیجە کەریمی-جێگری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری ژنان و خێزان

لە دواى مەرگى ژینا ئەمینى، نزیکەى 70 رۆژە ئێران روبەڕوی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان بووەتەوە و ناڕەزایەتییەکان بە سەرکردایەتی ژنان بەڕێوەدەچێت، کە داوای گۆڕینی رژێمی ئەو وڵاتە دەکەن.

رۆژی سێشەممە، جێرمی لۆڕێنس، گوتەبێژی نەتەوەیەکگرتووەکان، بە پشتبەستن بە ڤۆڵکەر تورک، بەرپرسی مافەکانی مرۆڤ، ئاماژەی بەوە کرد، کە بەرزبوونەوەی ژمارەی کوژراوان، لە نێویاندا منداڵان و وەڵامدانەوەی توندی هێزە ئەمنییەکان دەرخەری “دۆخی مەترسیداری وڵاتەکەیە”.

لۆڕێنس لە میانەی قسەکانیدا بۆ میدیاکان رایگەیاند، نەتەوەیەکگرتووەکان داوای لە دەسەڵاتدارانی ئێران کردووە، کە چارەسەری داواکارییەکانی خۆپیشاندەران لەبارەی یەکسانی، شکۆ و مافەکانی مرۆڤەوە بکەن، نەک “بەکارهێنانی هێزی ناپێویست یان لاسەنگ بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان”.

راشیگەیاند، نیگەرانییەکان لەبارەی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کەسانەی لە خۆپیشاندانەکاندا دەستبەسەرکراون لە زیادبووندایە.

تەنیا لە تارانی پایتەخت نزیکەی هەزار کەس تۆمەتبار کراوە بە ئەنجامدانی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان

گروپەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن قەرەباڵغی لە زیندانەکانی وڵاتەکەدا لە دۆخێکی خراپدایە و زۆرێک لە دەستگیرکراوەکان بەشێوەیەکی کاتی دەبرێنە کەمپەکانی دەستبەسەرکردن، کە لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بەڕێوەدەبرێن.

مانگی رابردوو نووسینگەی مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان نیگەرانیی خۆی دەربڕی سەبارەت بە مامەڵەی خراپی ئێران لەگەڵ دەستگیرکراوانی خۆپیشاندەراندا.

هەواڵی زیاتر

Back to top button