هەسەدە: تورکیا چەکی قەدەغەکراوی بەکارهێناوە

هەسەدە ئاماری هێرشەکانی دوێنێ بڵاوکردەوە

هەسەدە رایگەیاند، دەوڵەتی تورکیا دوێنێ شەش جار بە فڕۆکەی جەنگیی و شەش جاریش بە درۆن هێرشی کردووەتە سەر ناوچەکانى رۆژئاڤاى کوردستان و 590 تۆپ، هاوەن و موشەکیشى ئاراستە کردووە.

هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، ئاماری هێرشەکانی دوێنێى تورکیا (22ی تشرینی دووەمى 2022) بۆ سەر ناوچەکانى رۆژئاڤای کوردستان بڵاوکردەوە.

تورکیا لە هێرشەکانیدا بۆ سەر گوندی تاتمەراشی باشوری عەفرین، چەکی کیمایی بەکارهێناوە

بەگوێرەى ئەو زانیاریانەى هەسەدە لە راگەیەندراوەکەیدا بڵاویکردووەتەوە، سوپای تورکیا لە هێرشەکانیدا بۆ سەر گوندی تاتمەراشی باشوری عەفرین، چەکی کیمایی بەکارهێناوە.

لە ئامارەکەدا هاتووە، کە تورکیا، گوندەکانی عەفرین، کانتۆنی شەهبا و گوندەکانی، شارۆچکەی منبج، کۆبانێ و دەوروبەری، قامشلۆ و دەوروبەری، باکوری حەسەکە، گوندێکی دێرەزۆر و بە تایبەتی چەند قوتابخانە و پاڵاوگەی نەوتى لە شارۆچەکی تربەسپی کردووەتە ئامانج.

هەسەدە دەشڵێت، لە هێرشەکاندا، دوو شەڕڤانی یەکینەکانی دژەتیرۆری رۆژئاڤا کوژراون و سێ شەڕڤانیش برینداربوون.

لە سەرەتاى ئەم هەفتەیەوە تورکیا ئۆپراسیۆنی “چنگ–شمشێر”ى بۆسەر باشور و رۆژئاڤای کوردستان دەستپێکردووە

 

لە 19ی تشرینی دووەمدا، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لەژێر ناوی ئۆپراسیۆنی “چنگ – شمشێر” هێرشێکی فراوانیان لە بەرامبەر ژمارەیەک ناوچە و شاری رۆژئاڤای کوردستان و هەرێمی کوردستان دەستپێکرد.

هەرچەندە میدیاکانی تورکیا باسی کوشتنی سەدان کەسیان کرد، بەڵام هەسەدە رایگەیاند، لە هێرشەکانی 19ی تشرینی دووەمدا، 13 هاوڵاتی مەدەنی، شەش شەڕڤان و 20 سەربازی حکومەتی سوریا کوژراون.

هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاڤای کوردستان دوای ئەوە هات کە لە ناوچەی تەقسیمی ئەستەنبوڵ، تەقینەوەیەک روویدا و لە ئەنجامدا، شەش کەس کوژران و 81ى دیکەش بریندار بوون.

دوابەدوای تەقینەوەکە، بەرپرسانی تورکیا، پەکەکە/یەپەگە/پەیەدەیان بە ئەنجامدانی تەقینەوەکە تۆمەتبار کرد و هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەیان کرد.

هەرچەندە، هەموو پارت و هێزە کوردییەکان تەقینەوەکەیان ئیدانەکرد و رایانگەیاند کە هیچ پەیوەندیەکییان بە هێرشەکەوە نییە، بەڵام تورکیا سوور بوو لەسەر تۆمەتبارکردنیان و هێرشە چاوەڕوانکراوەکەی ئەنجامدا.

لایەنە کوردییەکان، تەقینەوەکەی ئەستەنبوڵ، بە پلانی یارییەکی دەسەڵاتی تورکیا پێناسە دەکەن، بۆ ئەوەی بتوانێت لە هەڵبژاردنەکاندا هەستی هاوڵاتیانی تورکیا بەلای خۆیدا رابکێشێت و تەمەنی دەسەڵاتەکەی درێژ بکاتەوە.

هاوپەیمانی ئاکەپە – مەهەپەی دەسەڵاتدار بە شەڕ دەستیان بە بانگەشەی هەڵبژاردن کردووە

لە نوێترین قسەکانیدا، پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، دوێنێ 22ی تشرینی دووەم، لە کۆبوونەوەی هەفتانەی پارتەکەیدا رایگەیاند، هاوپەیمانی ئاکەپە – مەهەپەی دەسەڵاتدار بە شەڕ دەستیان بە بانگەشەی هەڵبژاردن کردووە کە بڕیارە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا لە مانگی حوزەیرانی 2023دا ئەنجام بدرێت.

هەواڵی زیاتر

Back to top button