مالیکى: ئامادەم کۆتایی بە ناکۆکییەکانم لەگەڵ سەدر بهێنم

"هیچ گرێیەکى دەروونیم نییە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەدر"

نورى مالیکى، سەرۆکى هاوپەیمانى دەوڵەتى یاسا رایگەیاند، ئامادەیە دەستى دۆستایەتى بۆ موقتەدا سەدر درێژ بکات و کۆتایی بە ناکۆکییەکانى نێوانیان بهێنێت.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵى شەرقییە، مالیکى ئاماژەى بەوەدا، ئەو هیچ گرێیەکى دەروونی نییە بۆ کۆبوونەوە و نایەوێت درێژە بە ناکۆکییەکانى لەگەڵ رەوتى سەدر بە تایبەت لەگەڵ خودى موقتەدا سەدر بدات.

مالیکى گوتیشى، لەسەر بنەماى رێزگرتن لە یەکدى و بەگوێرەى بەرژەوەندییە هاوبەشەکان، ئامادەیە بۆئەوەى کۆتایی بە ناکۆکییەکانى نێوان هەردوولا بهێنێت.

ئەمە جارى یەکەم نییە کە مالیکى دەستپێشخەرى دەکات بۆ ئاشتبوونەوە لەگەڵ موقتەدا سەدر، بەڵام سەدر تائێستا بە هەموو شێوەیەک کۆبوونەوە و دانیشتن لەگەڵ مالیکى رەتدەکاتەوە.

ریشەى ناکۆکییەکانى نێوان سەدر و مالیکى دەگەڕێتەوە بۆ ساڵى 2008 کاتێک مالیکى سەرۆکوەزیرانى عێراق بوو، هێرشێکى توندى کردە سەر سوپای مەهدی باڵى سەربازیی ئەوکاتى رەوتی سەدر.

مالیکى لەژێر ناوى ئۆپراسیۆنى “سولەتلفورسان” کە بە سەرپەرشتی راستەوخۆى خودى خۆى  بەڕێوەچوو،  لە بەغدا و بەسرە و شارەکانی دیکەی خوارووی عێراق سوپای مەهدی رووبەرووی شکستێکى گەورە کردەوە و بەگوێرەى هەندێک لە ئامارەکان لەو شەڕانەدا زیاتر لە هەزار و 500 چەکدارى سوپاى مەهدى کوژران و زیاتر لە  هەزار چەکداریشی دەستگیرکران.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button