عێراق لەبەردەم هەڕەشەى مادەى هۆشبەردایە

رۆژنامە عەرەبییەکان

 

 


شەرقلئەوسەت

سەرچاوەیەکى دارایی داعش لە قوڵایی تورکیا وشک دەکرێت

سەرچاوەیەکى ئاسایشى ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، 11 کەسیان لە ئەستەنبوڵ دەستگیرکردووە، گومانیان هەیە سەرچاوەى پارەدارکردنى داعش بن.
سەرچاوەکە رایگەیاندووە دواى کۆکردنەوەى زانیاری لەسەر 27 ناونیشان لە حەوت گەڕەکی شاری ئەستەنبوڵ بۆیان دەرکەوتووە لەو شوێنانەوە پارەیەکى زۆر رەوانەى سوریا و داعش کراوە، بەشێکیان بەناوى گۆڕینەوەى دراو، هەندێکیان کۆمپانیاى ناوخۆیی و بەشێکیشیان وەک کۆمپانیاى بیانى خۆیان ناساندووە.
سەرچاوەکە دەڵێت، لەکاتى پشکنینى شوێنەکانیاندا، چوار پارچە چەک، بڕێکى زۆر پارە و زێڕ، دەیان کیلۆ زیو و دەیان کارتى بانکی دەستی بەسەرداگیراوە، کە لەو رێگەیانەوە بەناوى جموجوڵی بازرگانى و لە رێگەى کۆدی تایبەتەوە بۆ داعش نێردراون.

 

سەباح

عێراق لەبەردەم هەڕەشەى مادەى هۆشبەردایە

عەمید میقداد میری، گوتەبێژى وەزارەتى ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لەماوەى دوو ساڵدا توانیویانە 20 تۆڕی بیانى و 204 تۆڕی بازرگانیی مادەى هۆشبەر هەڵبوەشێننەوە، تەنها لەماوەى ئەمساڵدا دەستبگرن بەسەر یەک تۆن و نیو مادەى هۆشبەردا و لەماوەى دوو ساڵی رابردوودا زیاتر لە پێنج تۆن مادەى هۆشبەریان لەناوبردووە.
گوتەبێژی وەزارەتى ناوخۆ رایگەیاندووە، سزاى یاساییان بەسەر 425 بازرگاندا سەپاندووە و بازرگانەکان زۆرینەیان گرووپى چەکدارییان هەیە و لەکاتى رووبەڕوبوونەوەیان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، تەنها لە ساڵی 2023دا 17 “تاوانبار” و ئەمساڵیش چوار بازرگان کوژراون.

 

دەستوور

هەرێمى کوردستان ناوى خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان رادەستى بەغداد دەکات

وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان رایگەیاند، ناوى 13 هەزار و 120 خاوەن پێداویستى تایبەتیان رەوانەى وەزارەتى دارایی عێراق کردووە، بەمەبەستى جێکردنەوەیان لە بودجەدا.
لە لایەکی دیکەوە ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق رایگەیاند، مووچەى خانەنشینان دەبێت شایستە بێت لەگەڵ ئەو خزمەتەى فەرمانبەران کردوویانە، بەمەرجێک لە 700 هەزار زیاتر نەبێت و مووچەى ئەو کرێکارانەش، کە دەستەبەرى کۆمەڵایەتییان هەیە 150 هەزار دینار دەبێت.

 

عەرەب

پارێزگا گەرمەکانى عێراق هەڕەشە لە حکومەتەکەى سودانى دەکەن

شەپۆلێکی دیکەى نیگەرانى و توڕەیی لە پارێزگاکانى باشوورى عێراقەوە روویکردوەتە حکومەتەکەى سودانى، نەبوونى کارەبا و ئاو لە وەرزی گەرمادا هەمووانى یەکدەنگ کردووە.
حەمید یاسری، فەرماندەى لیوا لە میلشیاکانى ئەنسارى مەرجەعیەت لە پارێزگاى موسەنا بە ئاشکرا رایگەیاندووە، خەڵک بڕژێنە سەر شەقامەکان و داواى مافى ئاسایی خۆیان بکەن.
عەسائیبی ئەهلی حەق پشتیوانی بۆ یاسری دەربڕیوە و بەرپرس و پەرلەمانتارەکانیان جەخت لە خۆپیشاندان لە پارێزگاى موسەنا دەکەنەوە.
عەدنان تەمیمى، شرۆڤەکاری سیاسی عێراق دەڵێت، پارێزگاى موسەنا یەکێکە لە پارێزگا هەرە هەژارەکانى عێراق و بێکارییەکى زۆری تێدایە، بەهۆی ململانێ سیاسییەکانەوە نەتوانراوە خزمەتى پارێزگاکە بکرێت، دابەشکردنى پشک پشکێنە لەنێوان لایەنەکاندا ئەوەندەى دیکە کێشەکەى لەسەر حکومەتەکەى سودانى قورستر کردووە.

رۆژنامە تورکییەکان

 

سۆزجو

ئەمڕۆ ئەردۆغان سەردانى جەهەپە دەکات

لەدواى 18 ساڵ ئەمڕۆ دیدارى نێوان سەرۆکی ئاک پارتى و سەرۆکی جەهەپە بەڕێوەدەچێت.
دیدارەکە لە بارەگای سەرەکیی جەهەپە بەڕێوەدەچێت و کاتژمێر 4:00ـى دوانیوەڕۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکى ئاک پارتى و ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکى جەهەپە کۆدەبنەوە.
لە رۆژەڤى ئەردۆغان هەموارکردنەوەى دەستوور هەیە و لە رۆژەڤى ئۆزگور ئۆزال گرانی و بژێوی ژیانی خەڵک هەیە.

 

 

یەنی شەفاق

لە تورکیا پڕۆژەیاسایەک لەبارەى جگەرە ئامادەدەکرێت

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆمارى تورکیا رایگەیاند، بە نیازن پڕۆژەیاسایەک لەبارەى بەرهەمهێنان و بازرگانی بە جگەرە هەمواربکەنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش رەنگە سوود لە ئەزمونى ئینگلتەرا، ئیسپانیا و فەڕەنسا وەربگرن.

 

یەنیچاغ

لەماوەى ساڵێکدا رێژەى بێکارى لە باکوورى کوردستان و تورکیا زیادیکردووە

بەگوێرەى راپۆرتێکی دەزگای ئاماری تورکیا، لەماوەی یەک ساڵدا لە باکوورى کوردستان و تورکیا یەک ملیۆن و 631 هەزار کەس بێکار بوون، بەمەش رێژەى بێکارى گەیشتووەتە 8.5% و بە کۆی گشتی سێ ملیۆن و 42 هەزار کەس بێکارن.

 

 

سەباح

هاوینی ئەمساڵى تورکیا گەرم دەبێت

لە سبەینێوە پلەکانى گەرما بەشێوەیەکی نائاسایی 8 بۆ 12 پلە بەرزدەبنەوە، لە ئەستەنبوڵ و ئەنقەرە دەگاتە 35 پلە و لە ئەنتاڵیا و ئایدن دەگاتە 45 پلەی سیلیزی.
پسپۆڕان هۆشدارى لە خۆپارێزی لە تیشکی خۆر دەدەن و دەڵێن، ئەمساڵ گەرمایەکی جیاوازتر روو لە تورکیا دەکات.

 

 

 

رۆژنامە ئینگلیزییەکان

 

ئیندیپێندەنت

ریشی سوناک دەچێتە مێژووەوە، بەڵام دەڵێت ئامادەنیم لابچم

ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانى بەریتانیا دەڵێت، راناوەستم، ئەو دەنگۆیانەش رەتدەکاتەوە، کە باس لە ئەگەری دەستلەکارکێشانەوەی دەکەن.
رۆژنامەکە نووسیویەتى، لێدوانەکانی ئەو، لەبارەی ساڵڕۆژی شەڕی نۆرماندییەوە “بێزراکەر” بوون.
ئێستاش خەریکی ئامادەکارییە بۆئەوەی بانگەشەی هەڵبژرادنەوەی خۆی بە دابەزینی ئاستی باجەکان بۆ خاوەنی داهاتە گەورەکان دەستپێبکاتەوە.
سوناک ناچارکرا رایبگەیەنێت و بڵێت لەپێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانەوە دەستلەکارناکێشێتەوە، بە گوڕێکی زیاترەوە دەگەڕێتەوە نێو زەمینەی بانگەشەکان، پێش ئەوەی ئاماژەکانی شکستخواردنی دەربکەون.

 

عەرەب نیوز

جەنگی خانیونس نەیهێشت خەونی چوون بۆ حەجی دوو هاوسەر بێتەدی

فاتمە و محەمەد و جەرعونیی هاوسەرى ماوەی 18 ساڵ بوو چاوەڕوان بوون ناویان بۆ حەج بگەڕێتەوە و بچن بۆ حەج، بەڵام ئەمساڵیش بەهۆی شەڕەکانی نێو رەفەحەوە نەیانتوانی خەونەکەیان بهێننەدی.
ئەو دوو هاوسەرە ساڵانێک بوو چاوەڕوانی ئەوەیان دەکرد بتوانن گەشتی حەج بکەن، بۆ ئەمساڵ هەموو زێڕ و خشڵی ماڵەکەشیان فرۆشت، بەڵام لەبەرئەوەی هەموو رێگەکانی بەجێهێشتنی کەرتیی غەزەیان لەسەر داخرابوو، نەیانتوانی گەشتەکەیان بکەن، بۆیە دەڵێن، هەست دەکەین لە زیندانداین”.

 

ئۆرشەلیم پۆست

بلینکن دەڵێت، پێویستە حەماس ناچاربکرێت، بڵێت بەڵێ بۆ ئاگربەست

رۆژی دووشەممە ئەنتۆنی بلینکنی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، پێویستە فشار بخرێتە سەر حەماس بۆئەوەی بە پرۆژەی ئاگربەست قایل بێت.
ئەو دەڵێت، پەیامی من بۆ هەموو حکومەتەکانی ناوچەکە و خەڵکی هەرێمەکەش ئەوەیە، ئەگەر ئێوە ئاگربەستتان دەوێت فەرموون حەماس قایل بکەن و واژۆى ئارگبەستەکە بکات.

 


فاینەنشیەڵ تایمز

ماکرۆن هەڵەشە بووە و داواکردنی هەڵبژاردنی پێشوەختە بازاڕی شڵەقاندووە

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا گوتەیەکی هەیە، زۆرجار لەودیوی دەرگا داخراوەکانەوە دەیڵێتەوە، گوتەکەی دەڵێت، “ئەگەر مەسەلەکان مەترسیداربوون، ئەوا دەبێت ئێمەش ئامادەبین شان بدەینە بەر مەترسی”.
بۆیە کاتێک داوای ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکاتەوە، ئەوا جارێکی دیکە کار بە ئەم گوتەیەی خۆی دەکاتەوە.

 

 

 

رۆژنامە فارسییەکان

 

باختەر

بە 63 هەزار بارهەڵگر کاڵا لە کرماشانەوە هەناردەی عێراق دەکرێت

لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا زیاتر لە 63 هەزار بارهەڵگر کاڵای هەناردەکراو لە رێگەی دەروازەی پارێزگای کرماشانەوە هەناردەی عێراق دەکەن.
دەروازەی پەروێزخان زۆرترین پشکی هەبووە بە 30 هەزار بارهەڵگر، دەروازەیخوسرەوی 12 هەزار بارهەڵگر، دەروازەی سۆمەر 11 هەزار بارهەڵگر، دەروازەی شێخ سڵە شەش هەزار بارهەڵگر و دەروازەی شۆشمێ چوار هەزار بارهەڵگریان تۆمارکردووە.
کۆی گشتی ئەو بارهەڵگرانە یەک ملیۆن و 137 هەزار تۆن کاڵایان هەناردە کردووە، بە بەهای 568 ملیۆن دۆلار.
کاڵا سەرەکییەکانیان بریتین لە ئاسن، میوە، کەرەستەی بیناسازی، بەرهەمی شیرەمەنی و کەلوپەلی پلاستیکی.

 

 


ئارمانی ئیمروز

رۆژانە 2300 ساڵ تەمەنی خەڵکی تاران لە ترافیکدا بەفیڕۆ دەچێت

باقر سەلیمی، جێگری ئۆپراسیۆنەکانی پۆلیسی هاتوچۆی ئێران بە ئاماژەدان بەوەی رۆژانە 20 ملیۆن هاتوچۆ لە شاری تاران دەکرێت، گوتی، رۆژانە نزیکەی 2300 ساڵ لە تەمەنی خەڵکی ئەو شارە لە ترافیکی هاتوچۆدا بە فیڕۆ دەچێت، لە کاتێکدا 71%ـى ئۆتۆمبێلەکان یەک سەرنشینیان هەیە.
ئەو دەڵێت، 80%ـى ئۆتۆمبێلەکانی خەڵکی ئێران کۆن بوون و زۆرترین بەشدارییان لە پیسبوونی هەوای شارەکاندا هەیە.

 

 


مەردوم سالاری

تێچووی سیستمی دابەشکردن لە ئێران دوو هێندەی ئاستی جیهانییە

مێهدی فەرحی، جێگری وەزیری پیشەسازیی کانگا و بازرگانی ئێران رایگەیاند، تێچووی دابەشکردنی کاڵا لە ئێران بە نزیکەی 18% زیاتر لە دوو هێندەی ستانداردی جیهان، هۆکاری ئەمەش رێوشوێنى تەقلیدی دابەشکردنە و پارەیەکی زۆر دەچێتە گیرفانی دەڵاڵەکان.
ئەم بەرپرسە لە کۆنفرانسی پاراستنی مافی بەکاربەراندا، کێشەکانی فرۆشتنی روونکردەوە و جەختی لە گرنگی کوالیتی، نرخی گونجاو، گەیاندن لە کاتی خۆیدا، خزمەتگوزاری دوای فرۆشتن و جۆراوجۆری بەرهەمەکان کردەوە، بۆ ئەوەی بازرگانی لە ئێراندا بگاتە ئاستی ستانداردی جیهانی.

 


قودس

هەرێمی کوردستان دەروازەی گەشەپێدانی هەناردەی ئێرانە

بازاڕی هەرێمی کوردستانی عێراق یەکێکە لە شوێنە گرنگەکان بۆ پەرەپێدانی تواناکانی هەناردەی کاڵا و بەرهەمەکانی ئێران.
پەیوەندیی گەرم و دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستانی عێراق و کوردانی ئێران و هاوبەشییە فەرهەنگی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان دەرفەتی زیادبوونی هاوکارییەکان دەڕەخسێنن.
سنووری هاوبەش و پێویستیەکانی بازاڕی هەرێمی کوردستان بۆ بەرهەمی ئێرانی دەتوانێت ببێتە بنەمای بەهێزبوون و پەرەپێدانی هەناردەکردن، هەرچەندە تائێستا گرنگییەکی ئەوتۆی پێنەدراوە.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button