دوای بردنەوە گەورەکەی راسترەوەکانی ئەوروپا 5 ساڵی داهاتوو بۆ پەنابەران ناڕوون و تاریکە

 

زووم… 

وەکو چاوەڕواندەکرا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپا، بە دەستکەوتێکی گەورە بۆ پارتە راستڕەوەکان کۆتایی هات، پێدەچێت لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا، ئەنجامەکە گۆڕانکاری ریشەیی لە وڵاتانی ئەوروپا دروست بکات.

لە ماوەی چوار رۆژی رابردوو، هەڵبژاردنەکە لە 27 وڵاتی ئەوروپی بەرێوەچوو، پارتە راستڕەوە توندڕەوەکان هەڵکشانێکی زۆریان لە ئاستی دەنگەکانیان تۆمارکرد، لە ئەڵمانیا، فەڕەنسا، نەمسا و ئیتاڵیا سەرکەوتنی گەورەیان بەدەستهێنا.

هاوپەیمانی پارتە مەسیحییەکان لە ئەڵمانیا، بە کۆکردنەوەی 30% دەنگەکان، پلەی یەکەمی گرت، پارتی راستڕەو لە پلەی دووەم هات بە بەدەستهێنانی 16.5%ـی دەنگەکان، هەروەها هاوپەیمانێتییەکەی ئۆلاڤ شۆڵتس تووشی شکستێکی گەورەبووە.

لە فەڕەنسا گردبوونەوەی نیشتیمانی راستڕەو زیاتر 32%ـی دەنگەکانیان بەدەستهێنا، لەکاتێکدا ئیمانوێل ماکرۆن تەنیا 15.2%ـی دەنگەکانی کۆکردەوە، ئەمەش وای لە ماکرۆن کرد لەسەر داوای ئۆپۆزسیۆن و پارتە راستڕەوەکان، پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە و کۆتایی ئەم مانگە بۆ هەڵبژاردن دیاری بکات.

لە نەمساش پارتی ئازادیی راستڕەو لەسەدا 27%ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا و لە پلەی یەکەمدا هات.

لە ئیتاڵیا کە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی رابردوو راستڕەوەکان دەسەڵاتیان گرتە دەست، لەم هەڵبژاردنەش بەسەرۆکایەتی جۆرجیا میلۆنی سەرۆکوەزیران کورسییەکانی پەرلەمانی ئەوروپایان لە هەشت کورسییەوە کردە 22 کورسی.

وێڕای دەستکەوتەکانیان لەم هەڵبژاردنەدا، پارتە راستڕەوەکان ناتوانن سەرۆکایەتی پەرلەمانی ئەوروپا بەدەستبهێنن، چونکە پارتە میانڕەوەکان هێشتا زۆرینەیان لەدەستنەداوە.

بەگوێرەی ئەنجامەکان، پارتی جەماوەری ئەوروپی لەگەڵ مەسیحییە دیموکراتخوازەکان و سۆسیالیستە دیموکراتەکان و کوتلەی نوێبوونەوە، وێڕای لەدەستدانی بەشێک لە کورسییەکانیان، بەڵام زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی ئەوروپایان هەیە و لەکۆی 720 کورسی 398یان بەدەستهێناوە.

راستڕەوەکان بەوە ناسراون نەتەوەپەرست و پۆپۆلیستن، گوتارەکانیان دژی پەنابەر و رەوەندی موسڵمانە لە وڵاتەکانیان، لە بانگەشەی هەڵبژاردن بەڵێنی ئەوە بە دەنگدەرانیان دەدەن ئەگەر دەسەڵات بگرنە دەست، سنوورێک بۆ هاتنی پەنابەران دادەنێن.

سیاسییە لیبراڵی و دیموکراتیخوازەکانیش، ئەم گوتارە بە مەترسی بۆسەر دیموکراسی ئەوروپا و ئاشتەوایی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکەی دەزانن، بەڵام پێناچێت بەرامبەر شەپۆلی راستڕەوەکان هیچیان پێبکرێت

هەواڵی زیاتر

Back to top button