چەند گرووپێکى بەریتانی بەبەهاى ملیۆنان پاوەن مادەی هۆشبەر لە جانتای دەستیدا بۆ دوبەی دەگوازنەوە

زووم:

رۆژنامە عەرەبییەکان

 


شەرقلئەوسەت

لە هەڵبژاردنەکانى رۆژاڤا ئەمریکا پشتیوانە و تورکیا دژیەتى

رۆژنامەى سوزجوى تورکی بڵاوکردوەتەوە، ئەمریکا پشتیوانى تەواوەتى لە بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنەکانى مانگى داهاتووى باکوورى رۆژھەڵاتى سوریا دەکات، هاوکاریی زیاتر لە 70 هەزار چەکداری هەسەدە دەکات و راهێنانیان پێدەکات، تاوەکو هەنگاو بەرەو دەوڵەت بنێن و مووچەیان بۆ دابیندەکات.
رۆژنامەکە نووسیویەتى، بەڕێوەچوونى ئەو هەڵبژاردنەى بڕیارە مانگی ئابی داهاتوو بەڕێوەبچێت مەترسی بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی سوریا دروستدەکات و ئاسایشی تورکیاش دەخاتە مەترسییەوە، هەربۆیە ئەرۆغان و پارتەکەى سوورن لەسەر شکستپێهێنانى ئەو پرۆسەیە، چونکە ئەوان دڵنیان ئەم پرۆسەیە کۆتایی بابەتەکە نییە و هەسەدە و ئەمریکا کار بۆ سەربەخۆیی کوردەکانى رۆژاڤا دەنێن.

سەباح

عێراق لە ریزبەندى وڵاتە مەترسیدارەکاندا نامێنێت

قاسم بەلشان، شرۆڤەکارى سیاسیی عێراقى بە رۆژنامەى سەباحى گوتووە، هەنگاوى گرووپى کارى نێودەوڵەتى کە بە (FATF) ناسراوە، سەبارەت بە چووەنەدەرەوەى عێراق لە ریزبەندیى ئەو وڵاتانەى چاودێری دەکرێن و وەک وڵاتى مەترسیدار دادەنرێن، هەنگاوێکى گرنگە.
ئەو شرۆڤەکارە هۆکارەکەى دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەو چاکسازییانەى بانکى ناوەندى لەماوەکانى رابردودا کردوویەتى و رێگربووە لە سپیکردنەوەى پارە و بردنەدەرەوەى بەشێوەى نایاسایی.
شرۆڤەکارەکە دەڵێت، گرنگی ئەم هەنگاوەى گرووپى (FATF) لەوەدایە عێراق دەبێتە جێگەی سەرنجى کۆمپانیاکانى وەبەرهێنانى جیهانى و دەچێتەوە سەر نەخشەى وڵاتە گەشتیارییەکان و چیدیى عێراق لە ژێر چاودێریدا نامێنێتەوە.

 

دەستور

راگرتنى ئینتەرنێت لەکاتى تاقیکردنەوەکاندا زیانێکى گەورە لە ئابووریى عێراق دەدات

فازل عەزاوى، سەرۆکى ناوەندیی ستراتیژی بۆ مافەکانى مرۆڤ رایگەیاند، راگرتنى هێڵی ئینتەرنێتى عێراق بەهۆی ئەنجامدانى تاقیکردنەوەکانى پۆلى شەشەمى ئامادەییەوە ملیۆنەها دۆلار زیان بە ئابووریى عێراق گەیشتووە.
عەزاوى رێژەى زیانەکانى بە 0.5 دیاریکردووە، کە لە کۆى داهاتى گشتى عێراق دەکەوێت.
ئەو دەڵێت، هێڵی ئینتەرنێتى عێراقى لەو ماوەیەدا نزیکەى 20% زیانى بەردەکەوێت.

عەرەب

بە ئیسلامیکردنى پرۆگرامى خوێندن عەلمانیەکانى تورکیاى توڕەکردووە

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا هەینى رابردوو رایگەیاند، ئامانجمان پێگەیاندنى نەوەیەکى نوێیە، کە هەڵگری چەکى بەهاباڵاکانى نیشتمان بێت.
گوتەکەى ئەردۆغان لەکاتى کردنەوەى بەشێک لەو گۆڕانکارییە پەروەردەییانەدا بوو، کە بەهێواشى هەنگاو بۆ گۆڕینى پرۆگرامى خوێندن دەنرێت لە تورکیا و ناوى لێنراوە جیدیس.
یوسف تەکین، وەزیری پەروەردەى تورکیا رایگەیاند، لە پرۆژە نوێیەکەدا بنەماکانى دیموکراسیەت رەچاوکراوە، بەڵام عەلمانییەکانى تورکیا نیگەرانن لەم پرۆژەیە و پێیانوایە لەناوەرۆکی گۆڕانکارییەکان و ستراتیژدا کارکردنە بۆ بنەماکانى ئیسلام.
وەک رۆژنامەکە بڵاویکردووەتەوە لە سەردەمى ئەردۆغاندا ژمارەى ئەو قوتابخانانەى بۆ پێگەیاندنى ئیمام و خەتیبەکان دروستکراون گەیشتووەتە 1700 قوتابخانە، لە کاتێکدا لە ساڵی 2002 دا تەنها 450 قوتابخانە هەبوون و ژمارەى خوێندکارەکانى لە ئێستادا زیاترە لە نیو ملیۆن، ئەمەش عەلمانیەکانى زیاتر نیگەران کردووە.

رۆژنامە تورکییەکان

سۆزجو

پارەى تورکی وەک مۆم دەتوێتەوە

بەهۆکارى لەدەستدانی بەهای لیرەى تورکی، حکومەتى تورکیا بەنیازە پارەى ئاسنیی پێنج لیرەیی بخاتە بازاڕەوە.
لە ساڵى 2009 نرخی سەمونێک 40 قوروش بوو، بە پێنج لیرە 12 سەمونت دەکڕی، ئێستا بە پێنج لیرە تەنها نیو سەمون دەکڕیت.

یەنیچاغ

خانەنشینانى تورکیا گوزەرانیان خراپە

سەرەڕاى ئەوەی بە موچەیەکی کەم ژیانێکی کولەمەرگی دەژین، حکومەتى تورکیا بەنیازە سێ هەزار لیرە بدات وەک جەژنانە بە خانەنشینان، جەژنانەکە دەکاتە نزیکەى 95 دۆلار.
خانەنشینان دەڵێن، بەو مووچەیە ناتوانین نۆ رۆژى پشووی جەژن بەڕێبکەین. خانەنشینێک دەڵێت، لە وڵاتی خۆماندا بووینەتە هاووڵاتی پلە سێ.

یەنی ئاکیت

فشارە ئابوورییەکان لەسەر ئیسرائیل بەردەوام دەبێت

عومەر بۆلات، وەزیری ئابووریی تورکیا رایگەیاند، تائێستا تورکیا زیاتر لە 55 تۆن هاوکاریی مرۆیی گەیاندووەتە فەڵەستینییەکان.
دەشڵێت، فشارە ئابوورییەکانمان بۆ سەر ئیسرائیل بەردەوام دەبێت تاوەکو ئیسرائیل ئاگربەست رادەگەیەنێت.

سەباح

قۆناغی سەختی هەڵاوسان کۆتایی هاتووە

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا رایگەیاند، قۆناغی سەختی هەڵاوسانمان بڕیوە، هەنگاو بۆ نەهێشتنی گرانی دەنێین.
راشیگەیاندووە، لە ساڵى 2023دا، بە رێژەى 357.1 ملیار دۆلار هەناردەمان هەبووە. لە مانگی ئایاردا رێژەى هەناردە گەیشتووەتە 24.1 ملیار دۆلار.

 

رۆژنامە فارسیەکان

تەجارەت

ریفۆرمخوازان دەیانەوێت لە هەڵبژاردنى سەرۆککۆمارى ئێران بەشداربن

ئازەر مەنسووری، سەرۆکی بەرەی ریفۆڕمخوازان رایگەیاند، بەرەی ریفۆرمخوازان لە هەڵبژاردنی پێشووی سەرۆککۆمارى ئێراندا کاندیدی نەبوو، بەڵام ئێستا سێ کەس لە ئەندامانی کاندیدکردووە.
مەنسووری دەڵێت، ئێمە ئیرادەی خۆمان بۆ بەشداریی چالاکانە نیشان داوە، ستراتیژیمان لە هەڵبژاردنەکان تیشک دەخاتە سەر دادپەروەری و کێبڕکێ، چاوەڕێی پێداچوونەوەی ئەنجومەنی پارێزەران دەکەین بۆ ئەوەی دەرفەتی هەڵبژاردن بەکاربهێنین بۆ بەدواداچوونی داواکارییەکانی خەڵک.

ئارمانی ئیمروز

دۆخی هاوسەرگیری لە پێنج پارێزگای ئێران نالەبارە

سینا کەلهوڕ، گوتەبێژی وەزارەتی وەرزش و لاوانی ئێران رایگەیاند، 12 ملیۆن کەس لە تەمەنی هاوسەرگیریدان، بەڵام ساڵانە تەنها 10%ـیان هاوسەرگیری دەکەن، ساڵی رابردووش تەنها 500 هەزار هاوسەرگیری تۆمارکراوە.
بەگوێرەى رۆژنامەکە پارێزگاکانی سمنان، بوشێهر، ئەلبورز، تاران و قوم لە دۆخێکی نالەباری هاوسەرگیریدان.
کێشەی ئابووری و بەردەوامی خوێندن و ئاستی چاوەڕوانیی بەرز لە هۆکارەکانی زیادبوونی تەمەنی هاوسەرگیرین، کە بە هۆیانەوە تێکڕای تەمەنی هاوسەرگیری بۆ پیاوان گەیشتووەتە 32 ساڵ و بۆ ئافرەتانیش بۆ 28 ساڵ بەرزبووەتەوە.

ئەبرار

 

لە ناوچەیەکی ورمێ سێ هەزار خوێندکار قوتابخانەیان نییە

هاوینی رابردوو لە ناوچەیەکی ورمێ دەست بە دروستکردنی قوتابخانەیەکی 24 پۆلی کرا، بەڵام دوای ساڵێک، هیچ پێشکەوتنێک بەدی نەهاتووە و زیاتر لە سێ هەزار خوێندکار لە خوێندن بێبەشن.
لە پارێزگای ورمی شوێنی فێرکاری بەردەست کەمترە لە دوو مەتر چوارگۆشە بۆ هەر خوێندکارێک، لە کاتێکدا تێکڕای ئێران لە سەرووی پێنج مەتر چوارگۆشەیە.
ئەو خێرخوازەی ویستوویەتى قوتابخانە دروستبکات وازی هێناوە و زۆرێک لە خوێندکاران ناچارن واز لە خوێندن بهێنن یان بچنە شاری ورمێ بۆ خوێندن.

سایە

پێشبینی بەرهەمهێنانی 15 ملیۆن تۆن گەنم لە ئێران دەکرێت

سۆهراب سۆهرابی، بەڕێوەبەری پلانی گەنمی وەزارەتی کشتوکاڵ رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت لەمساڵدا بەرهەمی گەنمی ئێران نزیکەی 15 ملیۆن تۆن بێت.
ئەو گوتی، گەنم ئامرازێکی دەسەڵاتە لە جیهاندا کە پەیوەندی نێوان حکومەتەکان دیاری دەکات، بەم تێڕوانینە وەزارەتی کشتوکاڵ پلان و کردەوەی بە ئاراستەی خۆبژێوی لە بەرهەمهێنانی گەنمدا ئەنجامداوە.
هەروەها دەڵێت، گەنم لە وڵاتی ئێمەدا یەکێکە لەو بەرهەمانەی راستەوخۆ پەیوەندی بە ئاسایشی خۆراکەوە هەیە و زیاتر لە 40% وزە و 44% پرۆتینی خەڵکی ئێران لە گەنمەوە دابین دەکرێت.

 

 

رۆژنامە ئینگلیزییەکان

تایمز

چەند گرووپێکى بەریتانی بەبەهاى ملیۆنان پاوەن مادەی هۆشبەر لە جانتای دەستیدا بۆ دوبەی دەگوازنەوە

دوبەی لەلایەن چەندین گرووپ و دەستەی تاوانی رێکخراوەوە کراوە بە ئامانج، هەر بە جانتای دەستی بە بەهاى چەندین ملیۆن پاوەندی بەریتانی ماددەى هۆشبەرى بۆ دەگوانەوە، پاشان داهاتەکەی بە باری گەورە و لەنێو جانتای دەستیدا دەبەنە نێو فڕۆکەخانەکان و بەناوی ئاڵوگۆڕی دراوەوە دەیانگوازنەوە، پاشان ئەو پارانە یان زێڕیان پێ دەکڕدرێت یاخود وەبەرهێنانیان پێدەکرێت.

دەیلی ئێکسپرێس

فارەیج دەڵێت، ئێمە ئێستا ئۆپۆزسیۆنێکی راستەقینەین

نایجڵ فارەیج بەڵێنیدا بە پلانێکی شەش ساڵەی بەرنامە بۆ داڕێژراو گەڵاڵەیەکی نوێ بدەنەوە بە سیاسەتەکانی بەریتانیا، لەبارەى خۆشیانەوە گوتی، ئێمە ئێستا ئۆپۆزسیۆنێکی راستەقینەین.
ئەم جەنگاوەرەی سەردەمی برێکزیت و رێبەری ریفۆرمخوازان گوتی، لەپێناو ئەنجامدانی گۆڕانکارییەکی درێژخایەندا پێویستمان بەوە هەیە بزووتنەوەیەکی جەماوەریی بەهێز دروست بکەین.

واشنتن پۆست

لە پەلامارێکی خوێناویدا ئیسرائیل چوار کەسی بە بارمتەگیراو ئازاد دەکات

دوێنێ، شەممە سوپای ئیسرائیل یەکێک لە خوێناویترین هەڵمەتە سەربازییەکانی ئەنجامدا و زیاد لە 200 کەسی فەڵەستینیی کوشت، بۆئەوەی بتوانێت چوار کەسی بەبارمتەگیردراو لەنێو کەرتی غەزەدا رزگار بکات.
سوپای ئیسرائیل توانییان بارمتەکان بە زیندوویی لەنێو دوو بینادا دەربهێننەوە، کە لەنێو کەمپێکی پەنابەراندا لە ناوچەی نوسەیراتدا دەستبەسەربوون.

وۆڵ ستریت جۆرنەڵ

بوژانەوەیەک لە بازاڕی هەلی کاری ئەمریکادا دەرکەوتووە

ئەگەرچی تێکڕای ئاماری خەڵكانی دانەمەزراو لەنێو ئەمریکادا بەڕێژەی 4% بەرزبووەتەوە، بەڵام رەخسانی هەلی کار لەم مانگەدا بە بەراورد بە مانگی رابردوو باشتر بووە.
وەزارەتی کارى ئەمریکا رایگەیاند، لە مانگی ئایاری رابردوودا کەسانی خاوەنکار 272 هەزار هەلی کاری چۆڵیان راگەیاندووە، کە پێویستیان بە پڕکردنەوە هەبووە، ئەم رێژەیەش زۆر بەرزتربووە لە رێژە راگەیەندراوەکەی مانگی نیسانی پێش خۆی.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button