بۆچی لە رووی زانستییەوە گرنگە گۆیژە و شاخەکانی کوردستان بمێنن؟

خالد سلێمان

جیهان لەبەردەم گەرمبوونێکی بەردەوامدایە. پێش 10 ساڵ زاناکان وایان مەزەندە دەکرد ساڵی 2050 پلەی گەرمای زەوی 1.5 پلە بچێتە سەرەوە بە بەراورد لەگەڵ پلەی گەرمای زەوی پێش شۆڕشی پیشەسازی کە بەروارەکەی بەشێوەیەکی ڕەسمی دەگەرێتەوە بۆ ساڵی 1850، بەڵام سەرەتاکەی بەشێوەیەکی مێژوویی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1784.

بەرزبوونەوەی خێرای گەرما، وایکردووە بەردەوام پێشبینی و مەزەندەکان بگۆڕێن و وەک خۆیان نەمێننەوە. مانگی پێشو (ئایاری 2024) وەک گەمترین مانگ لەمێژووی تۆمارکردنی گەرمای زەوی ناسێنرا. ئەم گەرما خێراییە وای لە پسپۆرەکانی زانستی کەشوهەواو زەوی کردوە پێشبینی تر بکەن و باس لەوە بکەن کە گەرمای زەوی پێش ساڵی 2030 پلەو نیوێک بە بەراورد لەگەڵ پێش شۆڕشی پیشەسازیدا تێپەڕێنێت. ئەمەش زەنگێکی مەترسیدارەو زەوی دەبێتە نیوە کورەیەکی ئاگر، چونکە ئەو کاتە پلەی گەرما 0.4 لە ئێستا زیاتر دەبێت.

هەڵبەتە ڕێژەی چڕی کاربۆن لەبەرگەهەوادا کە دەرەنجامی پیشەسازی و خانوبەرەو کشتوکاڵی چڕو زیادەڕۆینن لە بەکارهێنانی وزەدا، لە تواناندا هەیە زەوی بەرەو ئاکارێکی زۆر ترسناک ببات. ئەگەر ڕێتمی پیشەسازی نەوت و تێکدانی سروشت و لەناوبردنی عەمبارەکانی کاربۆن لەسەر ئەم ڕیتمەی ئێستا بڕوات ناوچەکەی خۆمان دەکەوێتە دەرەوەی شوێنە شیاوەکان بۆ ژیان.

کوردستان دەکەوێتە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقیا. ئەم ناوچەیەش لاوازترین شوێنی دنیایە لەبەرامبەر ئاکارەکانی گۆڕانکاری کەشوهەوادا، چونکە زۆربەی زەویەکانی وشکانی یان نیوە وشکانین، کۆی سەرچاوەی ئاوی سازگار تیایدا لە 1% ئاوی سازگاری جیهان تێپەڕ ناکات، لە کاتێکدا لە 6%ی کۆی دانیشتوانی جیهان لەم ناوچەیەکدا دەژین. ئەمە جگە لەوەی بیابانەکان بەهۆی نەبونی ڕوپۆشی ڕوەکییەوە توانای گلدانەوەی گەرمایان نیە.

هەڵبەتە سێ عەمباری سروشتیی سەرەکی هەن بۆ گلدانەوەی گازە گەرمکەرەوەکانی زەوی وەک (دوانە ئۆکسیدی کاربۆن و میتان)، ئەوانیش دەریاو زەریاکان، دارستانەکان و خاکن. ئێمە لە کوردستان دەریاو زەریامان نیە بۆ فێنک کردنەوە، برێکی کەمی دارستانمان هەیە، جگە لەوەی لەژێر هەڕەشەی لەناوچوندان، بەرگەی ئەو هەمو چالاکییانە ناگرن کە لە کوردستاندا هەن. ئەوەی هەمانە تەنها خاکە کە توانای گلدانەوەی بڕێک لە گازە گەرمکەرەوەکانی هەیە.

ئەگەر شاخەکانمان لە هاویندا ڕوتەڵەش دەربکەین، ئەوا لە زستان و بەهاردا عەمبارێکی باشی گلدانەوەی گازە گەرمکەرەوەکانن، چونکە ئەو ڕووەکانەی لەسەر خاکەکانیان دەپشکوێن و سەوز دەبن ڕێژەیەکی باشی کاربۆن لە رێگەی پێکهاتە ڕوناکییەکانەوە وەردەگرن، بەم شێوەیەش لەو گەرمییەی ڕزگارمان دەکەن کە لە کەشدایە. لەگەڵ کۆتایهاتنی بەهارو مردنی ڕووەکەکاندا، شاخەکان وەک ڕوتەڵە دەردەکەون، چونکە ئەو کاربۆنەی لە زیندەوەرەکان لەژێر خاکدا ماوەتەوە، لەگەڵ هەناسەدانی خاکدا جارێکی تر دەکەوێتە کەشەوە.بەم شێوەیەش شاخەکان ڕۆڵێکی گرنگ دەبینن لەراگرتنی باڵانسی گەرمادا.

لێرەدا جارێکی تر دەگەڕێمەوەو دەڵێم، شاخەکان ڕوتەڵە نین، ئەوە بینینی ئێمەیە ڕوتەڵەیەو سوڕی ژیانی کۆمەڵگەی زەوی نابینێت. لەهەر مەترێکی سێجای خاکدا، ملیارەها زیندەوەر دەژین و بەردەوامی دەدەن بەخاک.

باراناوی شۆڕ بوەوەی قەد پاڵی شاخەکان، تاکە سەرچاوەن بۆ شۆردنی خاک و گواستنەوەی کانزا خۆراکیەکان لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر دەگوازێتەوە. ئەمەش بەشێکە لەبەردەوامیی سوڕی زەوی و ژیانی ئێمەی مرۆڤ.

بۆیە پاراستنی گۆیژەو هەمو شاخ و دۆڵ و دەشتاییەکانی کوردستان، لە بنەڕەتدا پاراستنی خودی خۆمانە لە ناوچون.

تێبینی: ئەم نەخشەیەی دانراوە پێمان دەڵێت کە ئێمەو وڵاتەکان لەناو دڵی گەرەمادا دەژین، ئەگەر پلانی ڕوبەڕوبوونەوەمان نەبێت، دەکەوینە بەردەم هەڕەشەی لەناوچونەوە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button