لە ماوەى ساڵ و نیوێکدا عێراق سێ بەنداو لە هەرێمى کوردستان دروستدەکات

زووم:

 

رۆژنامە عەرەبییەکان

شەرقلئەوسەت

لە وەرزی حەجی ئەمساڵدا ملیۆنێک ئاژەڵ سەردەبڕدرێن

د. عومەر عەتیە، سەرپەرشتیارى گشتیى پرۆژەى قوربانییەکانى حەجی ئەمساڵ رایگەیاند، لە وەزری حەجی ئەمساڵدا ملیۆنێک ئاژەڵیان ئامادەکردووە بەمەبەستى قوربانى و فیدیە.
دەڵێت، هەرچەندە ئەمساڵ نرخی هەموو کاڵایەک زۆر بەرزبووەتەوە، بەڵام ئەوان بەهۆی پشتیوانى حکومەتى سعودیە بە هەمان نرخی ساڵی رابردوو بە حاجییانى دەفرۆشنەوە.
عومەر عەتیە رایگەیاندووە، هەشت شوێنى سەربڕین بە ئامێریان ئامادەکردووە، کە هەموو مەرجە شەرعی و تەندروستییەکانى تێدا بەرجەستە کراوە و هیچ حاجییەک ئەرکی سەربڕینى ئاژەڵەکانى ناکەوێتە سەر و پاکوخاوێنى و مەرجەکانى تەندروستیش رەچاودەکرێت.
ئەو دەڵێت، ئەمساڵ گەورەترین شوێنى سەربڕین دەکرێتەوە، کە تواناى سەربڕینى یەک ملیۆن ئاژەڵی هەیە و 400 رێکخراوى خێرخوازیشیان ئامادەکردووە بۆ گەیاندنى گوشت بەسەرجەم هەژارانى سعودییە و 35 وڵاتى جیهان.

 


دەستوور

دواى نزیکەى پێنج ساڵ گەنجێک هاتەوەهۆش و نەخۆشخانەى بەجێهێشت

بەڕێوەبەرایەتى گشتیى تەندروستیى کەرکوک رایگەیاند، نەخۆشێکیان دواى پێنج ساڵ لە بێهۆشی گەڕایەوە نێو خێزانەکەى، کە درێژترین ماوەى مانەوەى نەخۆشبووە لە کەرکوک
زیاد خەڵەف، جێگری بەڕێوەبەرى گشتیى تەندروستیى کەرکوک رایگەیاند، لە نەخۆشخانەى ئازادى کەرکوک ساڵی 2019 بریندارێکیان داخڵى هۆڵەکانى چارەسەرکردن کرد، کە بەهۆی رووداوى هاتوچۆوە بێهۆش ببوو، بەڵام دواى نزیکەى پێنج ساڵ لە خزمەتگوزارى پزیشکى نەخۆشەکە گەڕایەوە نێو خێزانەکەى.
بەڵێن عومەر حەمە، بەڕێوەبەرى گشتیى نەخۆشخانەى ئازادى کەرکوک رایگەیاند، دواى چوار ساڵ و هەشت مانگ بە هەوڵ و ماندووبوونى پزیشکان و کارمەندانى تەندروستى و پشوودرێژییان نەخۆشە 24 ساڵانەکە هۆشى بۆ گەڕایەوە و نەخۆشخانەى جێهێشت و گەڕایەوە ناحیەى سەنگاو لە سنوور قەزاى چەمچەماڵ.

 

سەباح

لە ماوەى ساڵ و نیوێکدا عێراق سێ بەنداو لە هەرێمى کوردستان دروستدەکات

عەون زیاب عەبدوڵا، وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانى عێراق رایگەیاند، سەرقاڵی پێداچوونەوەن بە نەخشەسازی بۆ بەنداوەکانى تەقتەق، دەڵگە و باکرمان لە هەرێمى کوردستان و بڕیارە لە ئەمساڵ و ساڵی داهاتوودا دەست بە دروستکردنیان بکرێت.
ئەو راشیگەیاند، بەنداوى مەنداوە، کە پێشتر بڕیاری لەبارەوە دراوە، کێشەیەکى بچوکى لەنێوان تیمى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى هەیە، سەبارەت بە قەبارەى ئاوى گلدراوە، لەپشتى بەنداوە و دەڵێت، هەوڵى چارەسەرکردنی کێشەکە دەدەین.
وەزیری سەرچاوە ئاوییەکان رایگەیاند، بەنداوى تەقتەق و مەنداوە لە سنووری پارێزگاى هەولێرن و دەڵگە لە سلێمانی و باکرمانیش دەکەوێتە پارێزگاى دهۆکەوە.

عەرەب

خەڵکى دیمەشق شوێنى نیشتەجێبوون نادەن بە ئێرانییەکان

رۆژنامەى عەرەب بڵاویکردووەتەوە، لە بەدواداچوونێکى رۆژنامەنووسی تەلەفزیۆنی سوریادا دەرکەوتووە لەماوەى رابردوودا زۆرینەى ئەو ماڵ و شوقانەى بەرپرسانى ئێرانى تێیدا نیشتەجێبوون لەلایەن ئیسرائیلەوە کراونەتە ئامانج.
رۆژنامەکە نووسیویەتى، بەهۆی ئەو هێرشانەوە هاووڵاتییانى دیمەشق و بەشێک لە پارێزگاکانى دیکە ئێستا ناوێرن شوقە و شوێنەکانى نیشتەجێبوون بدەن بە ئێرانییەکان، سەرەڕای ئەوەى کرێی زیاتریشیان پێدەدەن.
رۆژنامەکە بڵاویکردووەتەوە، هەر ئەوەندەى گوترا خوازیار ئێرانییە با بەمەبەستى گەشت یان بازرگانیش هاتبێتە سوریا خاوەن موڵکەکان ئامادەنین مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن و بەوەش کێشەیەکى زۆر بۆ ئەو ئێرانییانە دروستبووە، کە سەردانى سوریا دەکەن.

رۆژنامە ئینگلیزییەکان

تایمز

خێزانی پاشایی یادی پڕهەستی رۆژی سەرکەوتن دەکەنەوە

رۆژنامەکە نووسیویەتى، هەشتا ساڵ پێش ئێستا بەریتانیا و هاوپەیمانەکانی هێرشێکی بوێرانەیان ئەنجامدا، کە شیانی ئەوەی تێدابوو ئاراستەی مێژوو بگۆڕێت.
دوێنێ پاشای وڵات بەشداریی بۆنەی خەڵاتکردنی بەشدارانی شەڕی نۆرماندیی کرد و ئامادەی ئەو ئاهەنگە بوو، کە لە هەردوو دیوی کەناڵەکەوە سازکرابوو. یادی هەشتاساڵەی ئەو رووداوە کاریگەرییەکی تایبەتی هەیە، لەبەرئەوەی وەک پاشا باسی کرد، ژمارەی ئەو کەسانەی رۆژی 6ـی حوزەیرانی ساڵی 1944 بەشداریی شەڕەکەیان کرد لە ئێستادا کەم بووەتەوە و زۆریان لە ژیاندا نەماون.

 


گاردیەن

دۆزینەوەیەکی نوێ لە نەخۆشییەکانی ریخۆڵەدا تۆمارکراوە و زانایان ستایشی دەکەن

چەند زانایەک هۆکارێکی بزوێنەری نەخۆشییان دۆزیوەتەوە، کە دەگوترێت ئەو بزوێنەرە هۆکاری سەرەکیی تووشبوونە بە نەخۆشییەکانی هەوکردنی ریخۆڵە و چەند شێوانێکی دیکەى سیستمی بەرگریی لەش، کە کاریگەری دەخەنە سەر بڕبڕەی پشت و جگەر و خوێنبەرەکان.
بۆیە چارەسەرەکەی ئومێدی چاکبوونەوە بۆ چەندین ملیۆن کەس دەڕەخسێنێت، کە بەدەست ئەم جۆرە نەخۆشییانەوە دەناڵێنن، چارەسەرەکە جۆرێکە لە دەرمان و بەردەستە، دەکرێت هاوکاریی چەندین ملیۆن کەس بکات بۆ چاکبوونەوەیان.

 


واشنتن پۆست

فڕۆکەیەکی بۆینگ دەستەیەک ئەستێرەوانی ناسا بۆ خولگەکەی خۆیان دەگوازێتەوە

دواجار فڕۆکە فەزاییەکەی بۆینگ، کە بە ستارلاینەر ناسراوە رۆژی چوارشەممە دوو ئەستێرەوانی دەزگای ناسای هەڵگرت بەرەو خولگەی مانەوەی خۆیان بەڕێکەوتن.
ئەم رووداوە خاڵێکی وەرچەرخانی گەورەیە لە مێژووی کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکەدا، کە ساڵانێک بوو ئەو پرسیارەی لەسەر دروست ببوو، ئایا ئەم کۆمپانیایە دەتوانێت فڕۆکەیەک دروست بکات، کە ئەستێرەوانەکان بگوێزێتەوە بۆ وێستگەی فەزایی جیهانی لە بۆشایی ئاسمان یان نا!

عەرەب نیوز

پلانێکی گەورەی بە قاچاخ گواستنەوەی مادەى هۆشبەر لە ئوردنەوە بۆ سعودیە هەڵوەشێندرایەوە

رۆژنامەکە نووسیویەتى، چەندین بڕ حەبی کەپتاگۆن لەنێو بەشەکانی چەند ئۆتۆمبێلێکی بیناسازیدا شاردرابوونەوە، قاچاخچییە سورییەکان دەیانویست لە بەرژەوەندیی ئێران بیبەنە نێو سعوودیە.
هێزە ئەمنییەکانی ئەردەن توانییان دوو هەوڵی قاچاخچییە سورییەکان پەکبخەن، کە ویستویانە بە قاچاخ و لە رێگەی ئوردنەوە ملیۆنان مادەی هۆشبەر ببەنە نێو سعودیە، بەڵام دەستیان بەسەرداگیرا.
ئەم چالاکییە گەورەترین پرۆسەی دەستبەسەرداگرتنی مادەی هۆشبەرە لە چەندین ساڵی رابردوودا روویدا بێت.
بارەکان لە چەند ئۆتۆمبێلێکدا شارداربوونەوە، کە بۆ کاروباری بیناسازی بەکاردێن، ویستویانە لە بیابانی عومەرییەوە بە قاچاخ بیانبەنە نێو سعودیە.

 

رۆژنامە تورکییەکان

سۆزجو

ئیمامئۆغڵو کورسییەکی دیکەى لە ئاک پارتى بردەوە

ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئەستەنبوڵ، بە سەرۆکی یەکێتیی شارەوانییەکانى تورکیا هەڵبژێردرا.
تەواوى شارەوانییەکانى باکوورى کوردستان و تورکیا لەژێر چەتری یەکێتیی شارەوانییەکان کۆدەبنەوە، کە ئیمامئۆغڵو سەرۆکایەتی دەکات.
ئیمامئۆغڵو لە پڕۆسەی دەنگدان بۆ سەرۆکی یەکێتییەکە توانى 515 دەنگ بەدەستبهێنێت و لەدواى هەڵبژاردنى، گوتى، بەبێ جیاوازی ئەرکەکانم رادەپەڕێنم.

یەنی شەفاق

مەرال ئاکشەنەر و ئەردۆغان کۆبوونەوە

مەرال ئاکشنەر، سەرۆکی پێشووی ئیی پارتی، لە کۆشکی سەرۆکایەتیی سەرۆککۆماری تورکیا چاوی بە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمار کەوت، دیدارەکە بە داخراوی ئەنجامدرا و لەوبارەیەوە هیچ راگەیەنراوێک بڵاونەکرایەوە.
ئاکشنەر لە هەڵبژاردنى شارەوانییەکانی 31ـى ئازار دەنگەکانى بەشێوەیەکی بەرچاو پاشەکشەی کرد، بەو هۆیەوە لە مانگی نیساندا لە کۆنگرەى پارتەکەیدا بە سەرۆک هەڵنەبژێردرایەوە.

ئەکشام

هێڵی ئاسمانیی تورکی بەهاترین براندی تورکییە

بەهاى هێڵی ئاسمانیی تورکیی یەک ملیار و 985 ملیۆن دۆلارە. لەمساڵدا بە بەهاترین براندی تورکی دەستنیشان کراوە.
بەهۆى گەشتەکانی هێڵى ئاسمانیی تورکی، داهاتێکی زۆر بۆ تورکیا پەیدا دەکات و لە لیستی پڕ داهات تریندا ناوی لە یەکەمدا هاتووە.
هاوکات ئۆتومبێلی تۆگى دروستکراوی تورکیا، لە لیستەکەدا ناوی چووە ریزبەندی 20مین کۆمپانیا، کە سەرمایە و داهاتی زۆرى بۆ ئەو وڵاتە هەیە.

تورکیا

بلیتی پاس لە تورکیا 25% بەرزبووەتەوە

لەگەڵ نزیکبوونەوەى جەژنی قوربان نرخی بلیتی پاس 25% بەرزبووەتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە نرخی سووتەمەنى وەک خۆیەتی و بەرزنەبووەتەوە.
بۆ خێزانێکی چوار کەسی تێچووی گەشتێکیان بە پاس دەکاتە 16 هەزار لیرەى تورکی و چاوەڕێ دەکرێت زیاتر لە دوو ملیۆن و 500 هەزار کەس لە رێگەى کۆمپانیاکانى پاسەوە بلیت بکڕن و گەشت بۆ شارەکانی تورکیا بکەن.

 

رۆژنامه فارسییەکان

کار و کارگەر

نرخی گواستنەوەی بار لە ئێران بە رێژەی 30% زیادکرا

سەرۆکی رێکخراوی گواستنەوەی رێگەوبان، زیادکردنى کرێی گواستنەوەی باری بە رێژەی 30% راگەیاند.
بەگوێرەی راپۆرتی ئاژانسی تەسنیم، نرخی گواستنەوەی هەر تۆنێک کەلوپەل لە رێگەوباندا لە نزیکەی پێنج هەزار تمەن بۆ نزیکەی حەوت هەزار تمەن زیادکراوە.
رۆژنامەکە نووسیویەتى، رێژەی زیادکردنى نرخی بەرهەمە نەوتییەکانیش بەمزووانە بڵاودەکرێتەوە و پێدەچێت کاریگەری لەسەر هەموو نرخەکانی پێداویستییەکانی ژیان دابنێت و رێژەی هەڵاوسان لە سەرانسەری وڵاتدا بەرزببێتەوە، لەبەرئەوەی گواستنەوە، کاریگەری لەسەر نرخی هەموو کاڵایەک هەیە.

ئارمانی ئیمروز

بڕیارنامەی دەستەی بەڕێوەبەرانی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی دژ بە ئێران پەسەند کرا

دەستەی بەڕێوەبەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی رۆژی چوارشەممە بڕیارنامەی دژ بە ئێرانی پەسەند کرد.
ئەم بڕیارنامەیە لە لایەن سێ وڵاتی ئەوروپییەوە پێشکەش کرا، بە 20 دەنگی بەڵێ و دوو دەنگی نەخێر و 12 دەنگی بێ لایەن پەسەند کرا.
لە بڕیارنامەکەدا داوا لە ئێران کراوە دەستبەجێ هاوکاری پشکنەرانی ئاژانس بکات و وەڵامی پرسیارەکانی سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بداتەوە.
ئێران هۆشداری دابوو، کە ئەگەر ئەو بڕیارنامەیە پەسەند بکرێت، وەڵامێکی گونجاو دەداتەوە.

کەیهان

بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران لە پێنج ساڵی رابردوودا گەیشتووتە بەرزترین ئاست

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بە ئاماژەدان بە زیادبوونی بەرهەمهێنانی نەوتی ئۆپێک لە مانگی رابردوودا رایگەیاند، بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران گەیشتووەتە بەرزترین ئاست لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا.
رۆیتەرز دەڵێت، تێکڕای بەرهەمی نەوتی ئۆپێک لە مانگی رابردوودا زیادی کردووە.
لەنێو وڵاتانی ئەندامی ئۆپێک، تەنها ئێران و ڤەنزوێلا لەنێو پلانی کەمکردنەوەی بەرهەمدا نین، کە بەرهەمەکانیان زیاد کردووە.
گەشەسەندنی هەناردەی نەوتی ئێران لە ماوەی رابردوودا سەرەڕای بەردەوامی لە سزاکانی ئەمریکا بەدەستهاتووە و نیشان دەدات کاریگەریی سزاکان بەراورد بە رابردوو کەمتر بووە.

ئەبرار ئیقتسادی

نرخی برنج لە ئێران روو لە دابەزینە

سەرۆکی یەکێتیی برنجفرۆشانى ئێران پێشبینی دەکات قەبارەی برنج لەمساڵدا لە ئێران زۆر بێت و نرخەکەشی هەرزان بێت
سەید عەلی تاهیری، سەبارەت بە هاوردەکردنی نایاسایی برنج بە ئیلنای راگەیاند، ئێرانییەکان بە تێکڕا ساڵانە نزیکەی سێ ملیۆن تۆن برنج بەکاردەهێنن، ساڵی رابردوو نزیکەی دوو ملیۆن تۆن برنج هاوردەی وڵاتەکە کراوە، کە زیاترە لە دوو هێندەی خواست لەسەر برنجی بیانی.
ئەو دەڵێت، بەهۆی زیاد هاوردەکردنییەوە بۆ هەر کیلۆیەک برنج نزیکەی 100 هەزار تمەن دادەبەزێت.

هەواڵی زیاتر

Back to top button