دۆسیەی یەکەم کارگەی مادەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان

دوای ٣٥ رۆژ لە دەستبەسەرداگرتنی کارگەی مادەی هۆشبەر لە سنووری ناحیەی مەیدان، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی ‎بڵاوکردەوە.

‎زووم..

دوای 35 رۆژ لە دەستبەسەرداگرتنی کارگەی مادەی هۆشبەر لە سنووری ناحیەی مەیدان، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی ‎بڵاوکردەوە.

لە کۆتایی مانگی رابردوو دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ناوخۆ دوو گرتە ڤیدیۆیان لە بارەی دەستبەسەرداگرتنی کارگەیەکی مادەی هۆشبەر لە سنووری ناحیەی مەیدان سەر بە پارێزگای خانەقین بڵاوکردەوە.

عەقید سەلام عبدالخالق لێپرسراوی ڕاگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێم لە تۆمارێکی ڤیدیۆیی کە لە نێو کارگەکە تۆماریکردووە، بەشێک لە زانیارییەکانی لێکۆڵینەوەکانی ئاسایشی بڵاوکردەوە.

بە گوتەی سەلام عەبدولخالق، تائێستا پێنج تۆمەتبار دەستگیرکراون، یەکێکیان خاوەنی ئەو زەوییەیە، کارگەکەی لەسەر دروستکراوە، سێ کەسی دیکە داواکراون، دووانیان عەرەبن، یەکێکیان کوردە هەڵگری رەگەزنامەی تورکیە.

هەرچەندە ئاسایشی هەرێم باسی ناسنامەی تۆمەتبارە دەستگیرکراوەکانی نەکردووە، بەڵام پێشتر سەرچاوەیەک لە ئاسایش بە زوومی گوتبوو، یەکێک لە دەستگیرکراوەکان ئەفسەرێکی خانەنشینی هەرێمی کوردستانە.

سەرەداوی ئاشکرابوونی کارگەکە

بە گوێرەی ئەو وردەکارییانەی لێپرسراوی ڕاگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێم لەو تۆمارە ڤیدیۆییە ئاشکرایکردووە، لە کانوونی دووەمی ئەمساڵ ئاسایش، دەستیگرتووە بەسەر 169 کلیۆ مادەی کیپتاگۆن، کە لە سوریاوە هێنراوەتە عێراق، لە عێراقەوە بۆ شاری هەولێر و دواتر بۆ پارێزگای سلێمانی.

ئەو بازرگانەی دەستگیرکراوە بە رەچەڵەک سورییە، هەربۆیە کاتێک حکومەتی سوریا ئەوەی زانیوە لێکۆڵینەوەی دەستپێکردووە و ژمارەیەک تۆمەتباری دەستگیرکردووە، یەکێک لە تۆمەتبارەکان ئاماژەی بە کارگەیەکی مادەی هۆشبەر کردووە لە هەرێمی کوردستان.

ئاسایشی عێراق یان سلێمانی؟

دەزگای ئاسایشی هەرێم دەڵێت، دوای ئەوەی حکومەتی سوریا ئەو زانیارییەی داوە بە عێراق، عێراقیش هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردووە، دەزگای ئاسایش بە ماوەی 24 کاتژمێر دەستی بەسەر کارگەکەدا گرتووە.

جگە لەو کارگەیە، یەک تۆن و 765 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە جۆری کیپتاگۆن دەستی بەسەردا گیراوە، لەگەڵ 140 کیلۆگرامی دیکە لە مادەی هۆشبەری خراپبوو.

عەقید سەلام عبدالخالق لێپرسراوی ڕاگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێم دەڵێت تەنها هێزەکانی ئاسایش بەشداربوون لەو پرۆسەیە و هیچ هێزێکی دیکەیان لەگەڵدا نەبووە.

بەڵام ئەو رۆژەی دەستبەسەرداگرتنی کارگەکە ئاشکرا کرا، میقداد میری گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە هەمانشێوە لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا گوتی،بە هاوکاری ئاسایشی سلێمانی دەستیان بەسەر کارگەکەدا گرتووە، چوار تۆمەتباریان دەستگیرکردووە کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی داواکراون بە تۆمەتی بازرگانی تاوانی دیکە.

میقداد میری ئەوکات گوتی، ماوەی 20 رۆژیان پێچووە تا بەدواداچوونی تەواو بۆ ئەو بابەتە بکەن، شەونخونیان ئەنجامداوە، بەڵام ئاسایشی هەرێمیش رۆڵی زۆر کاریگەری هەبووە.

گوتیشی، ئەم دەستکەوتە گەورەیە بۆ دەزگای رووبەڕووبوونەوەی مادەی هۆشبەری عێراق و هەرێمی کوردستانیش تۆمار دەکرێت.

کارگەکە گەیشتبووە ئاستی بەرهەمهێنان؟

عەقید سەلام عبدالخالق لە تۆمارە ڤیدیۆیەکەی ئەمڕۆیدا چەندینجار ئەوەی دووبارەکردەوە، کارگەکە لەسەرەتای دامەزراندنیدا بووە و نەگەیشتووەتە ئاستی بەرهەمهێنان.

بەڵام لە تۆمارە ڤیدیۆیەکەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ئەفسەری پسپۆڕ هاوشانی میقداد میری دەردەکەوێت.

ئەو ئەفسەرە یەک بەیەک دەچێتە سەر ئامێرەکان و ئەوە روون دەکاتەوە، ئامێرەکانی کارگەکە ئامادەی تەواون بۆ بەرهەمهێنان و ئەوەی پێویست بێت بۆ ئەو مەبەستە لە کارگەکەدا هەیە، بەتایبەتی دروستکردنی مادەی کریستاڵ و حەپی کیتاگۆن.

ئەمە جگە لەوەی رۆژێک دوای بڵاوکردنەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆیە، میقداد میری لە لێدوانێکی تایبەت بەزووم گوتی، ئەو کارگەیە ماوەی نزیکەی ساڵێکە لەو ناوچەیە بونیادنراوە.

هەر ئەوکات سەرچاوەیەکیش لە ئاسایشی سلێمانیەوە بە زوومی گوتبوو، لەبەرئەوەی ناوچەکە دوورەدەستی ئاوەدانیە و ژمارەیەکی زۆر کێڵگەی پەلەوەری لێ بووە، ئاشکراکردنی کارێکی ئاسان نەبووە.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button