دەم پارتى: دانانى قەیوم لە جۆلەمێرگ دژ بە دەستکەوتەکانى گەلى کوردە

زووم…

لە یەکەم کاردانەوەى دەستگیرکردنى سەرۆک شارەوانى جۆلەمێرگ و دانانى قەیوم لە شوێنەکەى، پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتى) رایگەیاند، ئەوەى دەگوزەرێت کودەتای سیاسییە دژ بە دەستکەوتەکانى کورد و بۆ سرینەوەى ئیرادەى گەلى کوردە.

گولیستان کڵچ  کۆچیت، سەرۆکی فراکسیۆنى دەم پارتى لە پەرلەمانى تورکیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا لە ئەنقەرە رایگەیاند: ئەم ئۆپەراسیۆنە پێچەوانەى هەنگاوەکانى دەسەڵاتە کە باس لە ئاساییبوونەوەى پرۆسەى سیاسیی و هەموارکردنەوەى دەستوورێکى دیموکراتی دەکات.

شەوی رابردوو هێزە ئەمنییەکانی تورکیا محەممەد سدیق ئاکش، سەرۆک شارەوانی جۆلەمێرگیان لە کارەکەی دوورخستەوە و بەبیانووی هەبوونی پەیوەندی بە پەکەکەوە دەستگیریان کرد.

لەبارەی هەڵمەتی دەستگیرکردنی سەرۆک شارەوانییە کوردەکان گولیستان کڵچ کۆچیت گوتى: هاوپەیمانى ئاکپارتى و مەهەپە شکستیان بە سیاسەتى ئاساییبوونەوە هێناوە و کورد لە دەرەوەى دەستورى نوێى تورکیا دەبێت.

بەرپرسەکەى دەم پارتى دەشڵێت، “سیاسەتى قەیوم شکستیهێناوە، هیچ خزمەتگوزارییەکیان پێشکەش نەکردووە و شارەوانییەکانیشیان بە قەرزێکی زۆرەوە بەجێهێشتووە.”

چەند ساڵێکە حکومەتی تورکیا بە بیانوونی جیاجیا سەرۆک شارەوانییەکان لە شارە کوردییەکان دەستگیر دەکات و لەدوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 2019، زیاتر لە 50 سەرۆک شارەوانی شارە کوردییەکان لابراون و قەیووم خراونەتە جێگەیان.

هەواڵی زیاتر

Back to top button