نەوت و غاز لە رێگەى گەشەپێدانەوە رەوانەى ئەوروپا دەکرێت

 

رۆژنامە عەرەبییەکان

شەرقلئەوسەت

جووەکانى ئەمریکا پشتیوانى دەوڵەتى فەلەستین دەکەن

لە توێژینەوەیەکدا کە ناوەندى قودس بۆ توێژینەوە لە کاروباری گشتیی دەوڵەت ئامادەی کردووە و بارەگاى سەرەکی دەکەوێتە ئۆرشەلیمى پایتەختى ئیسرائیل بڵاویکردووەتەوە، جووەکانى ئەمریکا ناکۆکییە قوڵەکانى نێوان وڵاتەکەیان و ئیسرائیل نیگەرانى کردوون، لە توێژینەوەکەدا هاتووە 60%ـى جووەکانى وڵاتەکەیان لەگەڵ سیاسەتەکانى ئیسرائیلدا نین و پشتیوانى لە دورستبوونى دەوڵەتى فەلەستین دەکەن، 52% یان داواى راگرتنى هاوکارییەکانى وڵاتەکەیان دەکەن کە بۆ ئیسرائیلى رەوانە دەکات و داواى راگرتنى دەکەن.
دکتۆر ئیسحاق مانسدورف، سەرپەرشتیارى تیمى توێژینەوەکەى ناوەندى قودس رایگەیاندووە، ئەنجامەکانى توێژینەوەکەیان داهاتووى جووەکانى ئەمریکا دەخاتە مەترسییەوە لەبەر ئەوەى پێچەوانەیە لەگەڵ سیاسەتى گشتى ئەمریکادا و 28%ـى بەشداربووانى راپرسی نێو توێژینەوەکە لە داهاتووى خۆیان و خێزانەکانیان لە ئەمریکادا دڵنیانین و نازانن لە داهاتوودا چۆن مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.

 

سەباح

نەوت و غاز لە رێگەى گەشەپێدانەوە رەوانەى ئەوروپا دەکرێت

مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری سودانى بۆ کاروباری دارایی و ئابورى رایگەیاند، لە گفتوگۆی ئەوەدان گواستنەوەى نەوت و غازی عێراق لە رێگەى گەشەپێدانەوە رەوانەى ئەوروپا بکەن، ئەم کارەش دەبێتە وەرچەرخانێکى گەورە لە سیاسەتى نەوتى و بەبازاڕکردنیدا و پەیوەستکردنەوەى ئابورى عێراق بە ئابوریی جیهانەوە، لە لایەکی تریشەوە عەقیل جەبر مەحمەداوى، توێژەر لە بوارى گەشەپێدان و بابەتە داراییەکانى عێراق بە رۆژنامەى سەباحی راگەیاندووە، ئەم هەنگاوە کاریگەریی لەسەر داهاتووى ئابوریی عێراق دەبێت و دەیباتە قۆناغێکى نوێوە و پەیوەستى دەکات بە ئابوری جیهانەوە.

دەستوور

داواى زیادکردنى دەرماڵەى مامۆستایانی عێراق دەکرێت

عودەى عیساوى، نەقیبی یەکێتیی مامۆستایانى عێراق رایگەیاند، بەم نزیکانە لەگەڵ محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەى زیادکردنى دەرماڵەى مامۆستایانەوە گفتوگۆ دەکەن و داوا دەکەن دەرماڵەکەیان لە 150 هەزارەوە بکرێتە 300 هەزار دینار، عیساوى رایگەیاندووە بەلەبەرچاوگرتنى ئاستى بژێوی مامۆستایان و ئەو ئەرکە قورسەى لەسەرشانیانە بۆ پێگەیاندنى نەوەکانى داهاتوو، مافى خۆیانە بەباشی بژین و لە ئێستاشدا داوادەکەین دەرماڵەکەیان بۆ بکرێتە دوو هێندە، هەروەها راشیگەیاندووە بۆ وەرگرتنى زەوی مامۆستایان هەنگاوى باشیان ناوە و لە ماوەیەکى نزیکدا ئەنجامەکان بڵاودەکەنەوە.

عەرەب

رێژەى بێکارى لە ئوردن بەرەو هەڵکشان دەڕوات

بەگوێرەى ئامارەکانى فەرمانگەى ئاماری ئوردن، لە چارەکى یەکەمى ئەمساڵدا رێژەى بێکارى لە وڵاتەکەیان گەشتووتە 21.9% بەڵام شرۆڤەکاران و شارەزایانى بوارى ئابورى گومانیان لەو رێژەیە هەیە و پێیان وایە رێژە راستەقینەکە زۆر لەوە زیاترە، فەرمانگەى ئامار بڵاویکردووەتەوە رێژەى بێکاریی لەنێو رەگەزی نێردا 17.4% ـەو لە نێو ژنانیش 8.6% ، لە بەرامبەر ئەو ئامارە فەرمییەدا توێژەرانى ئابورى باس لە رێژەى 34.7%ـى ژنان دەکەن تەنها لە چارەکى یەکەمى ئەمساڵدا بەرەو هەڵکشان رۆشتووە، فەرمانگەى ئامارى ئوردن رایگەیاندووە کە جەنگى غەزە کاریگەریی لەسەر رێژەى بێکارى وڵاتەکەیان هەبووە.

 

 

رۆژنامە تورکییەکان

ئەکشام

هەڵبژاردنى شارەوانی لە حەوت ناوچە بەڕێوەچوو

دوێنێ لە حەوت ناوچە هەڵبژاردن دووبارەکرایەوە، دەم پارتى توانی لە شارۆچکەى جورنی رەش لە رووهاى باکوورى کوردستان هەڵبژاردنەکە بباتەوە. دەم پارتى 10 هەزار و 730 دەنگی بەدەستهێناوە، ئاک پارتى حەوت هەزار و 420 دەنگی بەدەستهێناوە و دەم پارتی بە جیاوازی سێ هەزار و 310 دەنگ هەڵبژاردنەکەی بردەوە.
لە 31ـى ئازار، دەم پارتى شارەوانی ئەم شارۆچکەیەی بردەوە، بەڵام بەهۆى تانەگرتنى ئاک پارتى لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکە، دووبارە هەڵبژاردنی تێدا ئەنجامدرایەوە.

سەباح

چاوەڕێ دەکرێت لە جەژندا 10 ملیۆن کەس گەشت بکەن

هاتنى جەژنی قوربان هاوکاتە لەگەڵ پشووی قوتابخانەکان، بەوهۆیەوە چاوەڕێ دەکرێت لە رۆژانی جەژندا 10 ملیۆن کەس لە ناوخۆى تورکیا گەشت بۆ شارەکان بکەن. داهاتى ئەو رێژەیە بۆ کەرتی گەشتیاریی دەکاتە 100 ملیار لیرەى تورکی، لەئێستاوە زۆربەى ئوتێلەکان ژووری خاڵیان لەبەردەستدا نییە.

حوڕییەت

ئیستەنبوڵ لەژێر مەترسی روخاندایە

پڕۆفیسۆر محەمەد فاتیح ئەڵتان، سەرۆکی بەشی بیاناسازیی لە زانکۆی ئارێل
ئاماژە بەوە دەکات، رێژەیەکی زۆر لە باڵەخانەکانى ئیستەنبوڵ لەژێر مەترسی روخاندایە، دەشڵێت، بۆ روخانی ئەو باڵەخانانە پێویست بە بومەلەرزە ناکات، لە ئان و ساتدا خۆیان هاوشێوەى باڵەخانەکەى دوێنێ دەڕوخێن. پڕۆفیسۆر محەمەد فاتیح بە رۆژنامەى حوڕییەتی راگەیاندووە، پێشبینی دەکەین لە ئیستەنبوڵ سێ هەزار باڵەخانە هەبن کە لە ژێر مەترسی روخاندان، ئەمانە وەک بۆمبێکى تەوقیتکراو وان، لە ئان و ساتدا دەتەقێنەوە و دەڕووخێن.

 

سۆزجو

تورکیا بۆ خانەنشینان و کرێکاران تۆمارێکى خراپی هەیە

لە تورکیا هەفتانە هەر کرێکارێک 44 کاتژمێر کاردەکات، بەڵام لە وڵاتانى یەکێتی ئەوروپا 34 بۆ 36 کاتژمێر کرێکار کاردەکات. هاوکات تورکیا چوارەمین وڵاتە لە خراپی رەوشی خانەنشیناندا، هیندستان یەکەمین وڵاتە لە خراپی رەوشی خانەنشینان لە پاش ئەویش فلیپین و ئەرجەنتین بە پلەى دووەم و سێیەم دێن، تورکیاش بە پلەى چوارەمین وڵات دێت لە خراپی رەوشی خانەنشیناندا.

 

رۆژنامە ئینگلیزییەکان

واشنتن پۆست

پلانەکەی بایدن ئیسرائیلی نیگەران کردووە

شەوی شەممە زیاد لە 100 هەزار هاووڵاتیی ئیسرائیلی ناو شاری تەلئەبیب رژانە ناو شەقامەکان و فشارێکی سیاسییان بۆسەر بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆکوەزیران دروستکرد. هەموو ئەو هاوڵاتییانە داوای ئەوەیان دەکرد کە ئیسرائیل مل بە پێشنیازی ئاگربەستەکە بدات بۆ ئەوەی کێشەی بارمتەکان چارەسەر ببێت، بەڵام بەرپرسانی ناو حکومەتەکەی ئیسرائیل بە گومانەوە سەیری ئەو پڕۆژەیە دەکەن و دەڵێن، لەوانەیە جێبەجێکردنەکەی کەوتنی ئەم حکومەتەی ئێستای لێ بکەوێتەوە.

ئۆرشەلیم پۆست:

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەڵێت پێویستە کارێک بکەین غەزە لە حەماس پاک بکەینەوە.

یوئاڤ گالانت رۆژی یەکشەممە گوتی لەوانەیە سوپای ئیسرائیل لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا کار لەسەر ئەوە بکەن ناوچەیەکی دابڕاو بە پشتێنەیەک لەناو غەزەدا جیابکەنەوە کە داماڵراوبێت لە چەک و هێزی حەماس، چونکە وا چاوەڕوان دەکەن ئەو پێشنیازی ئاگربەستەی لەلایەن بایدنەوە پێشنیارکراوە، بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە. وا چاوەڕوان دەکەن ئەنجامدانی کارێکی لەوشێوەیە لە ئاستی کاریگەرییەکانی حەماس کەم بکاتەوە.


تایمز

پارتی پارێزگاران دەیەوێت یاساکانی پاراستنی رەگەزەکان والێبکات گێچەڵکاران نەتوانن سودی لێ ببینن

بادینۆخ بەڵێن دەدات پاراستنێکی زیاتر بۆ ژنان بڕەخسێنێت.
بڕیارە ئەمڕۆ کێمی بادینۆک لە گوتارێکیدا بۆ خەڵک بانگەشە بۆ دەستپێکردنی هەڵمەتێک بکات. ئەو هەڵمەتە بۆئەوەیە رێگری لە دەستدرێژیی گێچەڵکاران بکات و لەڕێگەی هەموارکردنەوەی یاساکانەوە پاراستنێکی زیاتر بۆ کچان و ژنانی ئەو وڵاتە دابین بکات. بۆئەوەی ژیان و کەرامەتیان پارێزراو بێت.
کێمی بادینۆک کە وەزیری ژنان و یەکسانییە لە حکومەتەکەی ئێستادا، بەشداریی هەڵمەتی بانگەشەکردن بۆ پارتی پارێزگاران دەکات و دەڵێت، نیازیان وایە جیاوازییە بایۆلۆژییەکانی ژنان بەپێی یاسا بپارێزن.


دەیلی تەلەگراف

سوناک دەڵێت ئەو یاساکان وا دەگۆڕێت کە ژیانی ژنان بپارێزێت

سوناک دەڵێت، رەگەز جیاوازییەکی بایۆلۆژییە، نەک جێندەری. بۆیە بەڵێن دەدات لە پاش ئەم هەڵمەتەوە یاساکان وا بگۆڕێت، کە ژنان بپارێزێت و ئەو شوێنانەش کە تایبەتن بە ژنانەوە پیاوان بۆیان نەبێت نزیکی بکەونەوە. هەر لەم  روەوە دەڵێت کە پارتەکەی ئەوان کار لەسەر ئەوە دەکات یاساکانی یەکسانی سەرلەنوێ بنوسرێنەوە، وای لێبکەن رەگەز تەنها مانای رەگەزی بایۆلۆجی بدات، نەک شتی تر.

هەواڵی زیاتر

Back to top button