ئێران و تورکیا ناکۆکن لەسەر دانانى پارێزگاری کەرکوک

 زووم:

 

رۆژنامە تورکییەکان

سۆزجو

نرخى بیبەر لە مارکێتەکانى تورکیا بە چوار هێندەى نرخى کێڵگەکان دەفرۆشرێت

بەشێوەیەکی بەردەوام نرخى خۆراک گران دەبێت، بۆ نمونە کیلۆیەک بیبەر لە کێڵگەکان بە 15 بۆ 20 لیرە دەفرۆشرێت، بەڵام لە مارکێتەکان بە 80 لیرە بە هاووڵاتیان دەفرۆشرێت.
سەوزەواتەکانی دیکە لەنێوان 20 بۆ 30 لیرە دەفرۆشرێت، بەڵام لە مارکێتەکاندا بە 65 بۆ 80 لیرە دەفرۆشرێت.
رۆژنامەکە نووسیویەتى، ئەو خێزانانەى داهاتیان کەمە ناتوانن بیبەر و سەوزەوات بخۆن.

تورکیا

ئەمڕۆ لە حەوت ناوچەى باکوورى کوردستان و تورکیا هەڵبژاردن دووبارە دەکرێتەوە
لە دواى پەسەندکردنى تانەى پارتە سیاسییەکان لە ئەنجامەکانى هەڵبژاردنى 31ـى ئازار، ئەمڕۆ لە حەوت شارۆچکەى باکوورى کوردستان و تورکیا، نزیکەى 50 هەزار کەس دەچنە سەر سندوقەکانى دەنگدان و سەرۆکی شارەوانی هەڵدەبژێرن.
پرۆسەى دەنگدان لە کاتژمێر هەشتی بەیانی دەستپێدەکات تاوەکو پێنجی ئێوارە بەردەوام دەبێت.

یەنی ئاکیت

گەشەکردنى کەرتی بیناسازی لە تورکیا ژمارەى پێوانەیى شکاند
لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا کەرتی بیناسازی 11.1% گەشەى کردووە، بەگوێرەى داتاکان ئەم گەشەکردنە بە بەرزترین ئاست لەماوەى 26 ساڵى رابردوو دادەنرێت.
رۆژنامەکە نووسیویەتى، گەشەکردنى کەرتی بیناسازی کاریگەری لەسەر باشبوونى ئابووریى وڵات داناوە.
ئەمە لە کاتێکدایە دەزگاى ئاماری تورکیا رایگەیاندووە، لە چارەکی یەکەم ئەمساڵ ئابووریى تورکیا بە رێژەى 5.7% گەشەی کردووە.

یەنیچاغ

رێژەى هەڵاوسان لە ئەستەنبوڵ گەیشتووەتە 82.2%
بەگوێرەى ئامارێکی ژوورى بازرگانیی ئیستەنبوڵ، رێژەى هەڵاوسان لە مانگی ئایاردا لە شارەکە گەیشتووەتە 82.2% و بەهۆیەوە نرخەکان بە رێژەى 3.59% بەرزبووەتەوە.

 

رۆژنامە عەرەبییەکان

شەرقلئەوسەت

ئێران و تورکیا ناکۆکن لەسەر دانانى پارێزگاری کەرکوک
سەرچاوەیەکى نزیک لە یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان بە شەرقلئەوسەتى راگەیاند، دیاریکردنى کەسێکى مەسیحی لەلایەن سودانییەوە بۆ پارێزگاری کەرکوک نزیکترین بژاردەیە بۆ چارەسەرکردنى کێشەى کەرکوک و کۆتاییهێنان بەو ململانێ و ناکۆکییانەى لەنێوان پێکهاتەکانى ئەو پارێزگایەدا هەن.
سەرچاوەکە دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەى رۆژى چوارشەمەى رابردووى لایەنەکانى کەرکوک لەگەڵ سودانى دەمەقاڵەى توند لەنێوان نوێنەرى یەکێتى و پارتیدا دروستبووە بۆ وەرگرتنى پۆستەکە و هەریەکەیان پۆستەکەیان بە مافى خۆیان زانیوە.
رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەشکردووە، لەسەر دیاریکردنى پۆستى پارێزگاری کەرکوک ناکۆکی لەنێوان ئێران و تورکیادا هەیە، ئێران نایەوێت پارتى دایبنێت و تورکیاش لەگەڵ ئەوەدا نییە پارێزگارى کەرکوک یەکێتى بێت، لەبەرئەوەى نزیکن لە “پارتى کرێکارانى کوردستان”ـەوە، بەڵام دیاریکردنى کەسێکى مەسیحی لە لایەن سودانییەوە پێدەچیت پرۆسەکە ئاسانتر بکات و کۆتایی بەو کێشەیە بهێنێت، کە حەوت مانگە نەتوانراوە چارەسەر بکرێت.

سەباح

جێبەجێکردنى 200 پرۆژەى چین لە چاوەڕوانى واژۆیەکی سودانیدایە
ئەنجومەنى کارى هاوبەشى عێراق و چین رایگەیاند، لە ئەنجامى رێککەوتنى نێوان هەردوو وڵات بەزوترین کات بە بەهاى پێنج ملیار دۆلار، 200 پرۆژە دەچنە بوارى جێبەجێکردنەوە، لەبەرامبەر ئەوەدا عێراق رۆژانە 100 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەى چین دەکات و کاردەکرێت لە داهاتوودا بڕەکەى بۆ 150 هەزار بەرمیلى رۆژانە بەرزبکرێتەوە.
سەرچاوەکە گوتویەتى، پرۆژەکان خراونەتە سەرمێزى سودانى و چاوەڕوانى رەزامەندى ئەو دەکەن و دەڵێت، ژمارەیەک لە بانکە عێراقییەکان ئامادەییان دەربڕیوە بۆ جێبەجێکردنى کارە داراییەکانى ئەو پرۆژانە.

عەرەب

کاندیدێکى سەرۆکایەتى ئێران لە لیستى سزادراوانى ئەمریکادایە
میدیا فەرمییەکانى ئێران بڵاویانکردەوە، وەحید حەقانییان، سەرکردەى پێشووى سوپاى پاسدارانى کۆمارى ئیسلامى ئێران و بەرپرسی نووسینگەى عەلی خامنەیی، یەکێکە لە کاندیدە سەرەکییەکان بۆ وەرگرتنى پۆستى سەرۆککۆمارى ئێران.
وەک لە راپۆرتى رۆژنامەکەدا هاتووە ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەى باڵی پارێزگارانى ئێران دەیانەوێت سەرۆک لەبەرەى ئەوان بێت و گوێش بە بۆچونەکانى دەرەوەى خۆیان نادەن.
حەقانیانی بە رۆژنامەکانى گوتووە، پشت بە ئەزموونى 45 ساڵەى دەبەستێت، کە لە نووسینگەى تایبەتى رێبەر و سەرۆکایەتى سوپاى پاسداران هەیەتى.
حەقانیانی لە لیستى سزادراوەکانى ئەمریکادایە، بەڵام رۆژنامە فەرمییەکانى ئێران بڵاویانکردوەتەوە، سزاکانى سەر ئێران لە لایەن ئەمریکاوە هیچ بەهایەکیان لەو بارەیەوە نییە.
یەکێک لە بەرپرسانى هەڵبژاردنەکانى ئێران رایگەیاندووە، تاوەکو دوێنێ 12 کەس ناوى خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکانى 28ـى ئەم مانگەى سەرۆکایەتى کۆمار تۆمارکردووە.

دەستوور

 

گۆڕینى تابلۆى ئۆتۆمبێلەکانى عێراق دەستىپێکرد
عەبدولئەمیر شەمەریی، وەزیری ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لەئەمڕۆوە گۆڕینى تابلۆى ئۆتۆمبێلەکانى عێراق دەستپێدەکات و پێشتریش محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیران کارگەى دروستکردنى تابلۆکانى لە وەزارەتى ناوخۆ بە فەرمی کردەوە و رەزامەندی دەبڕیوە لەبارەى جۆر و شێوازی تابلۆکان.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە، هەر 10 ساڵ جارێک دواى وەرگرتنى رەزامەندى ئەنجومەنى وەزیران، وەزارەتى ناوخۆ دەتوانێت بڕیاری گۆڕینى تابلۆی ئۆتۆمبێل دەربکات.
سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن پرۆسەکە ماوەیەکى زۆر دەخایەنێت و لە ئێستاش بە دواوە کار بەتابلۆ نوێیەکە دەکرێت و هەموو کارێک بە تابلۆ کۆنەکە رادەگیرێت.

 

رۆژنامە ئینگلیزییەکان

گەڵف نیوز

ئیمارات فشاردەکات بۆئەوەی ئاشتی لەناوچەکەدا بەرپا ببێت
محەمەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکى ئیمارات دوێنێ جەختی کردەوە، هاریکاریی نێوان عەرەب و چینییەکان، شانبەشانی هەوڵە نێودەوڵەتییەکانی دیکە کاریگەریی باشیان دەبێت بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێکی خێرا و دابینکردنی ئاسایشی دانیشتوانی خەڵکی غەزە، بۆئەوەی بە خێرایی یارمەتییە مرۆییەکان بگەیەندرێن بە ئەو ناوچەیە.

وۆڵ ستریت جۆرنەڵ

بایدن بیر لە چەند رێگەیەک بۆ بەکارهێنانى سزاکانى دادگا بەسەر ترەمپ دەکاتەوە
جۆ بایدن دەیەوێت کار لەسەر ئەوەبکات، ئەنجامی بڕیارەکانی دادگا لەبارەی سزاکانى دۆناڵد ترەمپ، وەک خاڵێکی رەش لە مێژویی ئەودا پیشان بدات، بە ئامانجى ئەوەى بایدن بۆ خولێکى دیکە ببێتەوە بە سەرۆکى ئەمریکا.
رۆژنامەکە نووسیویەتی، بۆیە ئیدى دیموکراتەکان ناتوانن بەرامبەر بەو بڕیارە بێدەنگی هەڵبژێرن.

ئۆرشەلیم پۆست

داوا لە ئیسرائیل و حەماس کراوە پرۆژەی رێککەوتن لەبارەى بارمتەکانیان پەسەند بکەن

بەرپرسانى واشنتن، قاهیرە و دۆحە شەوی شەممە داوایان لە ئیسرائیل و حەماس کرد، پرۆژە سێ قۆناغییەکەی راگەیاندنی ئاگربەستی نێوانیان پەسەند بکەن، بۆئەوەی بتوانن ئەو 125 بارمتەی ماونەتەوە ئازاد بکرێن و کۆتایی بە شەڕی غەزە بهێندرێت. هاوکات پشتێنێکى ئەمنییش لە نێوانیاندا دروست بکرێت، هەر بەوشێوەیەی بایدن رۆژی پێشوو پێشنیازی کردبوو بۆ هەردوولا.

عەرەب نیوز

تەلاری ئەلئان نیشانەیەکی گرنگی تەلارسازی و کلتووریی شاری نەجرانە

ئەم قەڵایە لە سەدەی حەڤدەیەمدا بونیادنراوە، لە نزیکی چیای سەراواتە، لە خشتی قوڕ بونیادنراوە، ئەم قەڵایە رۆژگاری دروستکردنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی حەڤدە، نیشانە و ئاماژەیەکی گرنگە بۆ ئاستی کلتوریبوون و پێشکەوتوویی تەلارسازیی ناوچەکە.
ئەندازیارێکی تەلارسازی دەڵێت، ئەم قەڵایە لە ساڵی 1688 دروستکراوە، لە رۆژگاری دروستکردنەکەیدا هەردوو کەسی مێژوویی شێخ محەمەد ئیسماعیل و هیبەتوڵا ئەلمەکرەمی پارێزگاری شاری ریاز و نەجران بوون.

 

رۆژنامە فارسییەکان

ئەبرار ئیقتسادی

70%ـى هەناردەی ئێران مادەی خاوە

جێگری سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران رایگەیاند، زیاتر لە 70%ـى هەناردەى ئێران لە کەرەستەی خاو و بەرهەمە سەرەتاییەکانی وەک کانزا، پۆڵا، بەرهەمی پترۆکیمیایی و نەوت پێکدێت و بەرهەمی هەناردەی ئێران ئەوەندە گرنگ و پێشکەوتوو نییە لە بازاڕەکانی جیهاندا کێبڕکێ بکات.
ئەو دەڵێت، بەهۆی سروشتی ئێستای کاڵا هەناردەکراوەکان، سەقفێکی دیاریکراو بۆ هەناردەى ئێران هەیە، کە بەرز ناکرێتەوە و تاوەکو کاتێک ژێرخانی پیشەسازی دروست نەکرێت هەر ناچارین مادەی خاو بفرۆشین.

کار و کارگەر

ریفۆرمخوازان و بناژۆخوازان و میانڕەوەکان یەک بە یەک ناوی خۆیان تۆماردەکەن

مستەفا کەواکبیان، دوای ئەوەی ناوی خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمارى ئێران تۆمارکرد، رایگەیاند، دروشمم “راستگۆیی لەگەڵ خەڵک” دەبێت.
ئەو بەڵێنیدا ئەگەر لە هەڵبژاردنەکەدا سەرکەوت، ئەگەر بتوانێت بە پێچەوانەی جاری پێشوو فلتەری ئەنجومەنی پارێزەران تێپەڕێت، دەستووری ئێران دەخاتە ریفراندۆمەوە.
کەواکبیان لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسیدا لە وەزارەتی ناوخۆ گوتی، هەموو خەڵک ئاماری هەڵاوسان، رێژەی بێکاری، بڕی کەمی وەبەرهێنانی بیانی، لاوازی توانای کڕین، گرانبوونی خانووبەرە، گەندەڵی بەرفراوان و نەبوونی شایستەیی و ناکارامەیی لە ئێراندا دەزانن و هەست بە دەرئەنجامەکانیان دەکەن لە ژیانی خۆیاندا، تەنانەت زیاتر لەوەی کە لە ئامارەکاندا باس کراوە.

 


باختەر

ناوچەی پاوە وێستگەی کەشناسی نییە

سەرەڕای سروشتی توند و روودانى مەترسییە سروشتییەکانی وەک تەرزە، لافاو و زەوی لەرزین، ناوچەی پاوە هیچ وێستگەیەکی کەشناسی نییە.
وێستگەی کەشناسی دەتوانێت رێگری لە زیانگەیاندن بە کشتوکاڵ و ژیانی خەڵک بگرێت و مرۆڤ لە بەرامبەر سروشتدا بەهێز و ئامادە بکات.
عەلیرەزا حەیدەری، پارێزگاری پاوە ئاماژەی بە پێویستی بەپەلەی وێستگەیەکی کەشوهەوای سینۆپتیک کرد و جەختی لە گرنگی دروستکردنی ئەم وێستگەیە کردەوە و بە پێویستی دەزانێت خەڵک ئاگادار بکرێنەوە لە پێشبینی رووداوە سروشتییەکانی وەک بەفر و باران و لافاو.
ئەو دەڵێت، هەوڵ دەدەین بەمزووانە وێستگەیەکی کەشناسی بۆ ناوچەکە دروست بکرێت.

ئیمروز

ئێران پلەی یەکەمی زەعفەرانی هەیە، بەڵام بە قاچاخ دەیفرۆشێت
عەلیرەزا خامە زەر، سەرۆکی ژووری بازرگانیی بیرجەند رایگەیاند، حکومەت بە گەرەنتی کڕینی زەعفەران دەتوانێت رێگری لە قاچاخکردنی بۆ وڵاتانی دیکە بکات.
ئەو دەڵێت، گەمارۆکان، نەبوونی پەیوەندی بانکی و نرخی ئاڵوگۆڕی بە کێشەکانی بەردەم هەناردەی زەعفەران زانی و جەختی کردەوە زەعفەرانی ئێرانی بە باجی قورس هەناردەی هیندستان دەکرێت، بەڵام ئەفغانستان بەبێ باج هەناردەی هیندستانی دەکات، بۆیە بە قاچاخی دەچێتە ئەفغانستان.
عەلیرەزا خامە زەر دەڵێت، بەرهەمی ساڵانەی ئێران لە زەعفەران 400 تۆنە و ئەگەر بەهای هەر کیلۆیەک زەعفەران بە تێکڕا 1500 دۆلار بێت، دەتوانین ساڵانە 600 ملیۆن دۆلار بۆ وڵاتەکەمان داهات بەدەستبهێنین.

هەواڵی زیاتر

Back to top button