هەڵبژاردنەکانى رۆژاڤا تورکیاى نیگەران کردووە

زووم:

 

رۆژنامە عەرەبییەکان

شەرقلئەوسەت

دواى تەقینەوەکەى پاکستان پەیوەندییەکانى نێوان پاکستان و ئەفغانستان بەرەو ئاساییبووەنەوە دەچن
دواى ئەوەى لە مانگى ئازارى رابردوو لە کردەیەکى خۆکوژییدا پێنج ئەندازیارى چینى و شۆفێرێکى پاکستانى کوژران، پەیوەندییەکانى نێوان ئەفغانستان و پاکستان گرژى و ئاڵۆزیی تێکەوت، هەرچەندە تاڵیبان بە فەرمى رایگەیاند، پەیوەندییان بە تەقینەوەکەوە نییە، بەڵام بەرپرسانى پاکستانى سوورن لەسەرئەوەى لەنێو وڵاتى ئەفغانستانەوە پلانى تەقینەوەکە داڕێژراوە.
سەرەڕای ئەوەى تاڵیبانى پاکستانیش بەرپرسیارێتى خۆشی لە تەقینەوە خۆکوژییەکە راگەیاندووە، ئەمڕۆ لەسەر داواى شەهباز شەریفى، سەرۆکوەزیرانى پاکستان نوێنەری خۆی دەنێرێتە ئەفغانستان تاوەکو لەو بارەیەوە گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانى تاڵیبان بکات و داوایان لێبکات تاوانباران رادەستبکات.

دەستوور

20%ـى عێراقییەکان جگەرەکێشن
بەگوێرەى راپۆرتێکى وەزارەتى تەندروستیى عێراق 20%ـى ئەو عێراقییانەى تەمەنیان لە سەروو 18 ساڵییەوەیە جگەرە دەکێشن و بەهۆیەوە هەموو 10 خولەکێک کەسێک گیان لەدەستدەدات.
لە راپۆرتەکەى وەزارەتى تەندروستیدا هاتووە 40-50%ـى جگەرەکێشەکان جۆری خراپى جگەرە دەکێشن و ناتەندروستانە جگەرە دەکێشن.
بەگوێرەى راپۆرتەکە زۆرینەى جگەرەکێشانى عێراق پیاوانن و رۆژانە شەش ملیار دینار دەسووتێنن.
لە راپۆرتەکەى وەزارەتى تەندورستیدا ئاماژە بە جگەرەى ئەلیکترۆنى کراوە، کە لەنێو هەندێکیاندا مادەى هۆشبەر و هەندێکى دیکەیان مادەى زیانبەخشیان تێدایە.
وەک راپۆرتەکە ئاماژەى بۆکردووە 127 مادەى زیانبەخش لەنێو جگەرەى ئەلیکترۆنیدا هەن و زیانى لە جگەرەى ئاسایی زیاترە.

عەرەب

هەڵبژاردنەکانى رۆژاڤا تورکیاى نیگەران کردووە
زەکى ئەکتورک، راوێژکارى وەزارەتى بەرگریی تورکیا رایگەیاند، ئەو هەڵبژاردنەى لە باکووری رۆژهەڵاتى سوریا بەڕێوەدەچێت هەوڵێکە بۆ سەندنەوەى شەرعییەت لە حکومەتى سوریا.
زەکى ئەکتورک، لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسیدا کە لە ئیزمیر بەڕێوەچوو، رایگەیاند، ئەو هەڵبژاردنە جێگەى قبوڵ نییە، لەبەرئەوەى یەکپارچەیی خاکى سوریا دەخاتە مەترسییەوە و کاریگەریی نەرێنى لەسەر ئاسایشی ناوچەکە دروستدەکات.
پێشتریش ئەردۆغان رایگەیاند، وڵاتەکەى بەهیچ شێوەیەک رێگە بە دروستکردنى کیانێکى “تیرۆریستى نادات” لە بندەستى ئەواندا دەسەڵات بگرنە دەست.

عەرەبی جەدید

114 ملیۆن کەس ئاوارەى جەنگ و ململانێکانن
فیلیبۆ گراندى، رێپێدراوى کاروبارى ئاوارەکان لەنەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، ژمارەى ئەو کەسانەى لە ئەنجامى شەڕ و ململانێکان ئاوارە بوون 114 ملیۆن کەسیان تێپەڕاندووە.
ئاماژەى بەوەشکردووە ژمارەکە بەرەو هەڵکشانى زیاتریش دەچێت، گراندى هۆکارەکەى بۆ شکستى وڵاتان و لایەنەکان گەڕاندەوە لەچارەسەرکردنى کێشەکانیاندا.

 

رۆژنامە تورکییەکان

تورکیا

سوپاى تورکیا لە سوریا دەکشێتەوە
یەشار گولەر، وەزیرى بەرگریی تورکیا رایگەیاند، رێگە بە پێشهاتە سیاسییەکانى باکوورى سوریا نادەین، هەر کاتێک ئاسایشی سنوورەکانمان لەگەڵ سوریا مەترسی “تیرۆر”ـی لەسەر نەما، ئەوکات سوپاکەمان لەودیو سنوور دەکشێنینەوە.
گولەر دەڵێت، سوپاى تورکیا بەردەوام ئۆپراسیۆنى سەربازی بۆ سەر پێگەکانى “پەکەکە” لە باکوورى سوریا ئەنجامدەدات و ئەو شوێنانە لە “پەکەکە” پاکدەکرێنەوە و سوپاى تورکیاى لێ جێگیر دەکرێن.

سۆزجو

هیچ هەواڵێک لە فەتحوڵا گولەنەوە نییە
ماوەیەکی زۆرە جموجۆڵى هاتوچۆ لە کۆشکەکەی فەتحوڵا گولەن، لە ویلایەتى پەلسیڤانیاى ئەمریکا نییە، تادێت دەنگۆى رفاندن یان گیانلەدەستدانی فەتحوڵا گولەن زیاتر دەبێت، لە نزیک کۆشکەکەیدا گۆڕی 15 کەسی لێیە، گومان دەکرێت فەتحوڵا گولەن مردبێت.

ئەکشام

ئابووریی تورکیا پێشکەوتنى بە خۆیەوە بینینوە
بەگوێرەى راگەیەندراوى وەزارەتی دارایی تورکیا، لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ ئابووریى تورکیا 5.7% گەشەی کردووە، بۆ یەکەمجار لە بانکی ناوەندى تورکیا رێژەى یەدەگی پارەی نەختینە زیادی کردووە.

میللییەت

عێراق پێویستی بە سەقامگیرییە
محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەى میللییەت رایگەیاند، لەگەڵ تورکیا پلانێکی تۆکمەمان بۆ مەخمور و شنگال ئامادەکردووە، بۆ ئەوەى ناوچەکە لە هێزە چەکدارەکان پاکبکەینەوە.
ئەو دەڵێت، هەبوونی گرووپ و هێزی چەکداری لە ناوچەکەدا لە بەرژەوەندی هیچ لایەک نییە، عێراق بۆ پێشخستنى پەیوەندییە سیاسیی و ئابوورییەکانى لە هەموو کات زیاتر پێویستی بە سەقامگیریی هەیە.

 

رۆژنامە ئینگلیزییەکان

 


دەیلی مەیل

ترەمپ لە ئیدارەى بایدن تووڕەیە و بە “فاشیست” ناوی دەبات
دواى ئەوەی دادگا بڕیاری لەبارەی دۆسیەکەى دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى پێشووى ئەمریکا دەرکرد، شەوی رابردوو، ترەمپ ئەمریکای بە دەوڵەتێکی “فاشیست” ناوبرد.
ئەو بە لایەنگرانی گوت، ئەگەر بتوانن ئەوە بەرامبەر بە من بکەن، کەواتە دەتوانن بەرامبەر بە هەرکەسێکی دیکەش ئەنجامی بدەن.
لەپاڵ ئەم باسە رۆژنامەکە وێنەیەکی تووڕەی میلانیای هاوسەرى ترەمپی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی، بێدەنگییە پڕماناکەی میلانیاش پەیامی خۆیی هەیە.

تایمز

ئیسرائیل رێککەوتنێکی ئاشتیی سێ قۆناغی دەخاتە بەردەستی حەماس
جۆ بایدن، سەرۆکى ئەمریکا رایگەیاند، ئیسرائیل نەخشەڕێگەیەکی پەسەندی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و راگەیاندنی ئاگربەستێکی درێژخایەن لە شەڕی غەزەدا خستووەتە بەردەستی حەماس.
رۆژنامەکە نووسیویەتى، بەشێکی ئەو پێشنیازە بریتییە لە پاشەکشەپێکردنی تەواوی هێز و سوپا لە کەرتەکە و ئازادکردنی بارمتەکان.
بەرپرسانی قەتەر پێشنیازەکەی ئیسرائیلیان گەیاندووە بە حەماس بە ئومێدی ئەوەن بتوانن گفتوگۆکانی ئاشتی دەستپێبکەنەوە، چونکە جاری پێشوو ئیسرائیل ئامادەنەبوو شەڕەکە بەشێوەی هەمیشەیی رابگرێت، ئیدى گفتوگۆکانیش پەکیان کەوت.

گاردیەن

زیلینسکی دەڵێت، روسەکان بەدەم پێکەنینەوە ئێمە راودەکەن
ڤۆلۆدیمێر زێلینسکى، سەرۆکی ئۆکراین دەڵێت، ئێمە باجی گیانیی زۆرمان داوە، تاوەکو ئەو دەمەی ئەمریکا قایل بوو چەکەکانی ئەوان بۆ بۆردومانکردنی نێو روسیا بەکاربهێنین.
درەنگکەوتنی بڕیاری رێگەپێدان بە بەکارهێنانی چەکە ئەمریکییەکان بۆ لێدانی ئامانج و نیشانەکان لەنێو خاکی روسیادا، کارێکیان کرد، روسییەکانی نێو کۆشکی کرەملین هەر بە دەم پێکەنینەوە خەڵکی ئۆکراین راوبکەن.
رۆژنامەکە دیدارێکی لەگەڵ زیلینسکیدا بڵاوکردووەتەوە و باسی هەلومەرجی ئێستای شەڕ و رووبەڕووبونەوەکان دەکات.

واشنتن پۆست

بایدن دەڵێت، کاتی ئەوە هاتووە کۆتاییەک بۆ ئەم شەڕە دابنرێت
ئەو پلانەی ئیسرائیل بۆ ئاگربەست پێشنیازی کردووە داوای ئازادکردنی بارمتەکان و پاشەکشەکردن لە کەرتی غەزەی تێدایە.
رۆژی هەینی بایدن، پرۆژەیەکی نوێی بۆ ئاگربەست راگەیاند و گوتی ئەگەر حەماس رازی بێت لەسەری، ئەوا ئاگربەستێکی هەمیشەیی لێدەکەوێتەوە، هەموو بارمتەکان ئازاد دەکرێن و ئەو سوپا و سەربازانەشى لە کەرتی غەزەن پاشەکشەیان پێ دەکرێت.

 

رۆژنامە فارسییەکان

کەیهان

گەشەی ئابووریی ئێران بۆ ماوەی سێ ساڵی بەردەوام لە سەرووی 5% بووە

داود مەنزوور، سەرۆکی رێکخراوی بەرنامە و بودجەى ئێران رایگەیاند، گەشەی ئابووری لە ساڵی 2021 لە سەرووی 5% بووە و لە ساڵی 2022 بەهامان شێوە 5% گەشەى کردووە، بۆ ساڵی 2023 زیاتر لە 7% گەشەی کردووە، واتە ئێران بۆ ماوەی سێ ساڵی لەسەریەک گەشەی زیاتر لە 5% تۆمارکردووە.
ئەو دەڵێت، ئەم گەشەکردنە لە هەلومەرجی گەمارۆکان و دوای ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە، کە کاریگەری لەسەر زۆرێک لە وڵاتانی جیهان هەبووە، هەر بۆیە پێشکەوتنێکی زۆر گرنگە و دەستکەوتێکە بۆ حکومەتی ئیبراهیم رەئیسی.

 

نەقشی ئیقتساد

بەکارهێنانى بەرهەمە شیرەمەنیەکان لە ئێران 58% کەمیکردووە

بەکارهێنانی بەرهەمە شیرەمەنیەکان لەم ساڵانی دواییدا لە سەرتاسەری ئێران بە رێژەی 58% کەمیکردووە و گەیشتووەتە 55 کیلۆگرام، ئەمە لە کاتێکدا پێشتر رێژەکە 130 کیلۆگرام بووە بۆ هەر تاکێک لە ماوەی ساڵێکدا.
ئەم دابەزینە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی بەرهەمە شیرەمەنیەکان و کەمبوونەوەی توانای کڕینی خەڵک بووە.
هەروەها بەرزبوونەوەى هەڵاوسان و تێچووی بەرهەمهێنان هۆکاری دیکەن، کە بەکارهێنانی کەمکردووەتەوە، لە ئەنجامدا خواست لە بازاڕدا کەمیکردووە و کێشە بۆ پیشەسازیی شیرەمەنی و ئاژەڵداری دروستبووە.

ئەبرار ئیقتسادی

سێ هێندەی پێویستییەکان برنج هاوردەى ئێران دەکرێت

وەزارەتی کشتوکاڵى ئێران رایگەیاندووە، وڵاتەکە ساڵانە پێویستی بە 600 هەزار تۆن برنجە، بەڵام لە ساڵانی رابردوودا نزیکەی دوو ملیۆن تۆن بۆ هەموو ساڵێک هاوردە کراوە.
قاسم پیشەوەر، سەرۆکی سەندیکای کشتوکاڵی رایگەیاند، پێویستە رێوشوێنی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی برنج بگیرێتەبەر، بەتایبەتى پلانی تۆکمەی نیشتمانی بۆ ئاو و بەنداوەکان، بەمەبەستی زیادکردنی بەرهەمی برنج.

خوب

خزمەتگوزارییەکانی بانکی لە ئێران 97% بەشێوەی ئەلیکترۆنی پێشکەش دەکرێن

مێهران مەحرەمیان، جێگری تەکنەلۆجیای نوێ لە بانکی ناوەندی ئێران رایگەیاند، بەگوێرەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان و ئاماری بانکی جیهانی هەموو پێگەیشتووانی ئێرانی دەستیان بە ژمارەی بانکی گەیشتووە.
ئەو دەڵێت، راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان دەریدەخەن ئێران لە رووی دەستڕاگەیشتن بە بانک و بانکی ئەلیکترۆنی لە ریزبەندی یەکەمی وڵاتانى رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە.
هەروەها 97%ـى کارەکانی بانک لە ئێران بەشێوەی ئەلیکترۆنی ئەنجامدەدرێن و زۆربەی ئەو وڵاتانەی ئامارەکانیان سەرووی 90%ـەوەیە، وڵاتانی ئەمریکای باکوور و ئەوروپا و وڵاتانی پێشکەوتووی جیهانن.

هەواڵی زیاتر

Back to top button