ژنانی بەلووچ لە ئێران بە زۆر نەزۆک دەکرێن

زووم…

 

لە پارێزگای بەلوچستانی ئێران، نەزۆککردنی زۆرەملێ بە بیانووی کۆنترۆڵکردنی دانیشتووان و هەژاری لەژێر ناوی بەرنامەی تەندروستیدا ئەنجام دەدرێت و پزیشکەکان وەک رێکارێکی پێویستی تەندروستی پاساوی بۆ دەهێننەوە.

راپۆرتەکانی چالاکوانانی بەلوچ، ئاماژە بەوە دەکەن، کارمەندانی پزیشکی لەو ناوچانە ژنانی لاواز دەکەنە ئامانج بۆ نەزۆککردنی زۆرەملێ، ئەوەش بە پشتبەستن بە رەگەز و هەژاری و پێگەی کۆمەڵایەتییان، کە ئەوەش جیاکاریی و ستەمێکی ئاشکرایە.

لە ئێراندا سیاسەتی نفووس یەکێکە لە بەرنامە سەرەکیەکانی حکومەت، کە بە هۆکاری ئابووری، کۆمەڵایەتی، ژینگەیی، ئایینی و سیاسیی بەردەوام حکومەت سیاسەتی جۆراوجۆری بەکارهێناوە بە ئامانجی بەڕێوەبردنی گەشەی دانیشتووان و رێژەی منداڵبوون و گۆڕانکارییەکانی دیمۆگرافی.

لە بەلووچستان پزیشکان لەبری بەکارهێنانی رێوشوێنی گونجاو، روونکردنەوەیەکی کورت بۆ ئەو ژنانە دەدەن کە توانای قسەکردنیان بە زمانی فارسی نییە و لە زۆر حاڵەتدا ژنانی تووشبووی نەخۆشییەکان تێناگەن کە لە کاتی نەشتەرگەریدا چییان بەسەر دێت و رازی دەبن بۆ هەر کاتێک کە پزیشکەکان پێیان دەڵێن.

بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان پارێزگای سیستان و بەلوچستان پلەی یەکەمی نەخوێندەواری لە ئێراندا هەیە و زۆرینەی نەخوێندەوارانی کچن، کە بەهۆی هاوسەرگیری تەمەنی کەم و کێشە کولتوورییەکانەوە ناتوانن درێژە بە خوێندن بدەن.

داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ جەخت لەوە دەکەنەوە کە مافە مەدەنییە بنەڕەتییەکان بۆ منداڵبوون لە ئێراندا پێشێل کراوه و لە هەمان کاتدا بۆ ژنانی بەلووچ نەزۆککردنی زۆرەملێ ئەنجام دەدرێت، کە پێشێلکردنی مافی جەستەیی و لە ئاستێکی گەورەتردا، جینۆسایده دژی نەتەوەیەک.

نەزۆککردن لە مێژووشدا هەبووە، بۆ نمونە دانیشتوانی رەسەنی ئەمریکا بەزۆر نەزۆک کراون، هەروەها سیاسەتی نەزۆککردن لەلایەن هیتلەریشەوە پەیڕەو کراوە، ئێستاش حکومەتی ئێران دژی بەلوچەکان پەیڕەوی دەکات.

هەواڵی زیاتر

Back to top button