دواجار دۆناڵد ترەمپ بە 34 لەو تۆمەتانەی ئاراستەی کرا، تاوانبار دەرچوو، بەڵام هێشتا دیار نیە سزاکەی چی دەبێت

ملیاردێرە کۆمارییەکە بووە یەکەم سەرۆکی پێشووی ئەمریکا سزای یاسایی بەسەردا بسەپێنرێت.

زووم…

 

هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا پێنج مانگی ماوە، بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی فرانس پرێس، ئەم سزایانە نابنەهۆی ئەوەی ترەمپ بوەستێت لە بانگەشەی هەڵبژاردن و تەنانەت هێشتا دەتوانێت وەک سەرۆکیش هەڵبژێردرێتەوە.

دوای ئەوەی دادگا بڕیاری سزادانی ترەمپی دەرکرد، راستەوخۆ ترەمپ گوتی، ئەو کەسێکی بێتاوانە و ئەم بڕیارەی لەدژی دەرکراوە، مایەی شەرمەزارییە.

ترەمپ جەختی لەوە کردەوە، دەنگدەران لە رۆژی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە 5ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ فەرمانڕەوای راستەقینە هەڵدەبژێرن.

لەمبارەیەوە کۆشکی سپی رایگەیاند، ئەوان رێز لە بڕیاری یاسا دەگرن و هیچ لێدوانێکی دیکەیان نییە.

سەرباری ئەو تاوانانەی دراونەتەپاڵی، بەڵام ئەمانە رێگر نین لەبەردەم هەوڵەکانی ترەمپ بۆ دووبارە وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا، چونکە دەستووری ئەمریکا رێگری لەو کەسانە ناکات کە پێشتر دۆسیەیان هەبووە، پۆستی سەرۆکایەتی وەربگرن.

بڕیارە 11ـی تەمووزی داهاتوو سزاکەی ترەمپ دیاریبکرێت، بەڵام ئەمڕۆ دادوەر بەبێ کەفالەت ئازادی کرد.

وادەی راگەیاندنی سزاکەی ترەمپ چوار رۆژ پێش بەستنی ئەو کۆنگرەیە دێت کە تێیدا بڕیاردەدرێت ملیاردێرە کۆمارییە مشتومڕاوییەکە وەک کاندیدی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا دیاریبکرێت.

دادوەر هەتا 13ـی حوزەیران دەرفەتی داوەتە تیمی بەرگریکردن لە ترەمپ تا پێش دەرکردنی سزاکە بەرگرییەکانی خۆیان بخەنەڕوو، هەتا 27ـی هەمان مانگیش دەرفەتی داوەتە داواکاری گشتی تا وەڵامی ئەو بەرگرییانە بداتەوە.

ترەمپ رووبەڕووی 34 تۆمەت دەبێتەوە، دیارترینیان تۆمەتبارکردنیەتی بە ساختەکردنی تۆماری بازرگانی کە بەهاکەی 130 هەزار دۆلارە و بۆ بێدەنگکردنی ژنە ئەکتەرێکی فیلمە سێکسییەکان داوییەتی تا ئەو پەیوەندییە سێکسییە ئاشکرا نەکات کە دەڵێت لەگەڵ ترەمپدا هەیبووە و ترەمپیش دەڵێت ئەو قسانە هیچ بنەمایەکیان نییە.

جگە لەو تۆمەتە ترەمپ لە واشنتن و جۆرجیا تۆمەتی گۆڕینی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ساڵی 2020ـی دراوەتەپاڵ، لە فلۆریداش تۆمەتی ئەوەی دراوەتەپاڵ، لەدوای بەجێهێشتنی کۆشکی سپی خراپ مامەڵەی لەگەڵ بەڵگەنامە نهێنییەکاندا کردووە.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button