لە ئێران ژنان و پیاوان لە مووچەی خانەنشینیشدا جیاوازن

زووم..

 

لە ئێران، بەگوێرەی سیستمی خانەنشینیی فەرمانبەرانی حکومەت، جیاوازییەکی زۆر لەنێوان ژنان و پیاواندا دەکرێت و مووچەی پیاوانی خانەنشین لە مووچەی ژنانی خانەنشین زیاترە.

بۆ نمونە، ئەگەر پیاوێک و ژنێک لە فەرمانگەیەک، لە هەمان ئاست و پلەدا بن و وەکو یەک کاربکەن و کاتەکانی کاریشیان وەکو یەک بێت، کاتێک خانەنشین دەبن، مووچەی پیاوەکە لە مووچەی ژنەکە زیاترە، ئەوەش تەنها بەهۆی ژنبوون و جیاوازیی رەگەزەوەیە.

ژنانی خانەنشین لە ئێران رەخنە لەو جیاوازییە دەگرن کە بەرامبەر مافەکانیان لە کاتی خانەنشینبوون دەکرێت.

ئاژانسی هەواڵی ئیلنا راپۆرتێکی لەبارەی ئەو جیاوازییە بڵاوکردووەتەوە،  لێدوانی لە یەکێک لەو ژنە خانەنشینانە وەرگرتووە، کە پێشتر کرێکار بووە، باسی لەوە کردووە، ژنانی کرێکار لە دوای خانەنشینبوونیان مافی وەرگرتنی هەندێک لە سوودەکانی مووچەی دوای خانەنشینبوونیان نییە، لەنموونەی دەرماڵەی منداڵان و سەرپەرشتیاریی خانەوادە، لەکاتێکدا کاتی دامەزراندن، هاوشێوەی کرێکارانی پیاو پارەی بیمەیان داوە بە سندوقی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و لە کاتی کاریشدا جیاوازییان لەگەڵ پیاوان نەبوو لە رووی کارکردن و پێدانی مافی  بیمە.

هەرکاتێک ژنانی خانەنشین ناڕەزایەتییان دەربڕیبێت، پیاوانیش پشتگیرییان کردوون و بەشداربوون لە خۆپیشاندانەکانیان.

پیاوانی خانەنشینیش گرفتی خۆیان هەیە و مووچەی خانەنشینییەکانیان بەدڵ نییە، دەڵێن کەمە و بەشی ژیانێکی ئاسایی رۆژانە ناکات، بۆیە ساڵانێکە خۆپیشاندان دەکەون بۆ زیادکردنی خانەنشینییەکانیان، بەڵام نە ئەمان و نە خانەنشینانی ژن، هیچی وایان دەستنەخستووە.

بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی میهر، لە ئێستادا ئێران یەک ملیۆن و 630 هەزار خانەنشینی هەیە، لەو رێژەیەش 34%ـی مووچەخۆران ژنانن و 66%ـیش پیاوانن.

هەر بەگوێرەی راپۆرتەکە، لە ئێستادا 65 هەزار کەس کەمترین بڕی مووچە وەردەگرن، سەرەڕای زیادکردنی مووچە لەم ساڵانەی دواییدا، بەڵام هێشتا مووچەکەیان نزیکەی شەش ملیۆن و 150  هەزار تمەنە، کە دەکاتە نزیکەی 100 دۆلاری ئەمریکی.

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button