هەشت کەسی دیکە لەسەر تەقینەوەى ئەستەنبوڵ دەستگیرکران

لەو هەشت کەسە پێنج کەسیان لە بولغاریا دەستگیرکران

هێزە ئەمنیەکانی تورکیا ئەمڕۆ، شەممە 19ی تشرینی دووەم، دەستگیرکردنی هەشت تۆمەتباری دیکەیان راگەیاند، لە دۆسێی تەقینەکەوەی شەقامی ئیستیقلالى ئەستەنبوڵ، بەمەش ژمارەی دەستگیرکراوان گەیشتە 25 کەس.

ژمارەی دەستگیرکراوان گەیشتە 25 کەس

رۆژی 13ی نۆڤەمبەر، کاتژمێر 4:20 خولەک بە کاتى ئەستەنبوڵ، تەقینەوەیەک لە شەقامی ئیستیقلال لە ناوچەی تەقسیمی ناوەڕاستى شارەکە روویدا، شەش کەس کوژران و 81 کەسی دیکە بریندار بوون.

دوای دوو کاتژمێر لە رووداوەکە، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسیدا بەڵێنیدا بکەرانی تەقینەکەوە ئاشکرا بکات و رایگەیاند کە “سزا دەدرێن”، ئاماژەی بەوەشدا “ئەو کەسانەی هەوڵی تێکدانی دەوڵەتی تورکیا دەدەن، ناگەنە ئاوات و ئامانجەکانیان”.

دوای نزیکەی 10 کاتژمێر لە رووداوەکە دەزگا ئەمنیەکان دەستگیرکردنی کەسێکی بەرەگەز سوریان راگەیاند، کە وەک ئەنجامدەری تەقینەوەکە ناساندیان.

هەر ئەو کات بەرپرسانی تورکیا، ئۆباڵی تەقینەوەکەیان خستە ئەستۆی پەکەکە و پەیەدە، بەڵام ئەو لایەنانە بە هەموو شێوەیەک رەتیانکردەوە، کە دەستیان لەم تەقینەوەیەدا هەبێت و کوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنیان ئیدانە کرد.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئەستەنبوڵ، بەشێک لە گوتەکانی ئەحلام ئەلبەشیری بڵاوکردەوە، کە لە شوقەیەکی ناوچەی کوچوکچەکمەجەی ئەستەنبوڵ دەستگیرکرابوو.

بەگوێرەى راگەیەندراوەکەی پۆلیسی ئەستەنبوڵ، ئەحلام ئەلبەشیر دانی بەوەداناوە، کە ئەندامی پەکەکەیە و بەگوێرەى رێنماییەکان کەسێک بە ناوی (حاجی) کە لە کۆبانێ دەمێنێتەوە، تەقینەوەکەی ئەنجامداوە.

پێشتر ماڵپەری “ئەن سۆن هابەر” رایگەیاندبوو، کە لە سەرەتای تەقینەوەکە نزیکەی 50 کەس دەستگیرکراون و 17کەسیان رەوانەی زیندان کراون، بەشێکی دیکەشیان، کە خەڵکی سوریا بوون دیپۆرتی وڵاتەکەیان کراونەتەوە.

 

ئەن سۆن هابەر:

لە سەرەتای تەقینەوەکە نزیکەی 50 کەس دەستگیرکراون

ئەمڕۆ ئیڤان گیشێف، سەرۆکی داواکاری گشتی بولگاریا دەستگیرکردنی پێنج تۆمەتباری راگەیاند، وەک ئەو گوتی پشتگیری کاری تیرۆریستیان کردووە و پەیوەندیان بە تەقینەوەکەی ئیستەنبوڵ هەیە.

ئیڤان گوتی سێ دەستگیرکراویان پیاون و خەڵکی مۆڵدۆڤن، دووانەکەی دیکە ژن و پیاوێکی کوردی بەرەگەز سورین.

ئیڤان گوتیشی تۆمەتبارەکان جگە لە پەیوەندیان بە تەقینەوەکەی تورکیا، بە فڕاندنی مرۆڤیشەوە تێوەگلاون.

بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا هەشت دەستگیرکراوەکەی ئەمڕۆ، کە هێزە ئەمنیەکانی تورکیا رایانگەیاند، ژمارەیەکیان دەستگیرکراوەکانی بولگاریایە.

بولگاریا دەستگیرکردنی پێنج تۆمەتباری پەیوەندیدار بە تەقینەوەکەی ئیستەنبوڵ دەستگیرکرد

ناوچەی تەقسیم، یەکێکە لە قەرەباڵغترین ناوچەکانی تورکیا، دەکەوێتە چەقی ئەستەنبوڵەوە و ژمارەیەکی زۆر هۆتێل و خواردنگەی لێیە و بە شوێنێکى بەناوبانگى گەشتیاریی وڵاتەکە دادەنرێت.

13ی نۆڤەمبەر دواى تەقینەوەکە، هێزە ئەمنییەکان خەڵکیان لە ناوچەکە دورخستەوە، داوایان کرد هاوڵاتیان لە ماڵەکانیان و شوێنەکانیان بمێننەوە، هەروەها ئەنجومەنی باڵای پەخشی رادیۆ و تەلەفزیۆنی تورکیا، دوای کاتژمێرێک لە تەقینەوەکە رووماڵی رووداوەکەی قەدەغە کرد.

راستەوخۆ دوای تەقینەوەکە وەزیرانی ناوخۆ و دادی تورکیا لەگەڵ ژمارەیەک لێکۆڵەر گەیشتنە شەقامی ئیستیقلال لە ناوچەی تەقسیمی ئەستەنبوڵ، بۆ لێکۆڵینەوە لە تەقینەوەکە، تا ئێستاش هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لە تەقینەوەکە رانەگەیاندووە.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button