ئەپیکور ئامادەیی دەربڕی بۆ گۆڕانکاریکردن لە گرێبەستەکانیان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن

زووم…

 

ئەپیکور داوای گفتوگۆی سێقۆڵی دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لەڕێگەی تورکیاوە و رەتیدەکاتەوە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان هۆکاری چەقبەستووی دەستپێنەکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بن.

کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتیی کوردستان ناسراو بە ئەپیکور ئامادەیی دەربڕی بۆ گۆڕانکاریکردن لە گرێبەستە نەوتییەکانیان لەگەڵ حکومەتی هەرێم و بەغداد لەپێناو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتیی هەرێم لەڕێگەی بۆریی نەوتیی عێراق – تورکیا.

ئەپیکور کە چەترێکە بۆ کۆکردنەوەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت و غاز کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن لە راگەیەنراوێکدا رەتیکردەوە هۆکار بێت بۆ چەقبەستوویی دانووستانەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لەڕێگەی بۆریی نەوتیی عێراق – تورکیا و داوای ئەنجامدانی کۆبوونەوەی سێقۆڵی لەنێوان کۆمپانیاکان و هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق دەکات بۆ چارەسەرکردنی.

ئەپیکور دەشڵێت، لەدوای 9ـی کانونی دووەمی ئەمساڵەوە هیچ گفتوگۆیەکی هاوبەش لەنێوان ئەپیکور و نوێنەرانی هەردوو حکومەت ئەنجام نەدراوە.

دووپاتیشیکردەوە کە ئامادەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتن بەگوێرەی رێککەوتنێک کە دڵنیایی بدات پارەی هەناردەکردن لە رابردوو و داهاتوودا بە شێوەیەکی راستەوخۆ بدرێت و مەرجە بازرگانییەکان بپارێزرێت.
جەختیشیکردووەتەوە ئەگەر رێککەوتنەکان پێویستیان بە گۆڕانکاری هەبێت لە گرێبەستەکانی ئێستادا، ئەندامانی ئەپیکور ئامادەن رەچاوی ئەوەش بکەن ئەگەر هەرسێ لایەن رێککەوتنی لەسەر بکەن.

مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەکە لە راگەیەنراوەکەدا دەڵێت، کۆبوونەوەی سێقۆڵی باشترین رێگایە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی دڵخۆشکەر بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لەڕێگەی تورکیاوە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button