رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران هەینییەکى خوێناوى بەڕێ کرد

لە دوێنێوە نۆ خۆپیشاندەر کوژراون

رێکخراوى مافى مرۆڤى کوردستان رایگەیاند، لە خۆپیشاندانەکانى ئەمڕۆى دیواندەرە دوو خۆپیشاندەر بە تەقەى راستەوخۆى هێزە ئەمنییەکان کوژراون، لە خۆپیشاندانەکانى “هەینى خوێناویدا” حەوت خۆپشاندەر کوژراون.

شەوى رابردوو، شەوێکى خوێناوى بوو، بۆ رۆژیهەڵاتى کوردستان و ئێران، تاوەکو بەرەبەیانى ئەمڕۆ خۆپیشاندان و پێکدادان لەنێوان هێزەکانی حکومەت و خۆپیشاندەراندا بەردەوام بوو.

چەند رۆژێکە بەراورد بە پێشوو ژمارەى کوژرانى خۆپیشاندەران لە زیادبووندایە، بەگوێرەى ئامارە نافەرمییەکان لە خۆپیشاندانەکانى ئێوارەى دوێنێ تاوەکو بەرەبەیانى ئەمڕۆ حەوت خۆپیشاندەر لە شارەكانی بۆكان، پیرانشار، مەهاباد، تاران سیستان و بەلوچستان کوژراون، بۆیە وەک هەینی خوێناوی ناوزەند دەکرێت.

لە خۆپیشاندانەکانى ئێوارەى دوێنێ تاوەکو بەرەبەیانى ئەمڕۆ حەوت خۆپیشاندەر کوژراون

“ئامارە نافەرمیەکان”

ئەمڕۆ رێوڕەسمەكانی بەخاكسپاردنی خۆپیشاندەرە کوژراوەکان بە بەشداری هەزاران هاوڵاتی لە شارەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان بەڕێوەچوو، دواتر خۆپیشاندەران رژانە نێو شەقامەکان و دروشمیان لە دژی حکومەتی ئێران دەگوتەوە.

لە خۆپیشاندانەکانى دیواندەرە دوو هاوڵاتى کوژراون، لە دوێنێوە تاوەکو ئێستا نۆ هاوڵاتى کوژراون.

خۆپیشاندانەکانى هەینى رۆژهەڵات فراوان بوون، لە شارەكانی بۆكان، مهاباد، كامیاران و سنە، دواى رێوڕەسمى بەخاكسپاردنی خۆپیشاندەرە کوژراوەکان هاوڵاتیان رژانە سەر شەقامەکان.

لە شارەكانی خۆی، ورمێ، پیرانشار، سەردەشت، بۆكان، مەهاباد، سەقز، مەریوان، دیواندەڕە، كامیاران، سنە، بیجار، دێوڵان، پاوە، سەرپێڵی زەهاو، سەحنە و ئیلامیش گردبوونەوە و ناڕەزایەتی لە رێگەی كردنەوەی ئاگر و راگرتنی هاتوچۆ لە شەقام و رێگە سەرەكییەكان بەردەوام بوو، دروشمەكانی “ژن، ژیان، ئازادی” و “نەمان بۆ دیكتاتۆر” دەگوترانەوە.

لە پێشهاتێکی نوێدا ناڕەزایەتییەکان لە گوندەكانیش دەستیان پێکرد، بەتایبەتی گوندەکانى سەر بە سەردەشت، سنە، كامیاران و دێوڵان.

هاوکات لە زۆربەی شارەكانی سیستان و بەلوچستان لەوانە زاهیدان، ئێرانشەهر، راسک، خاش، پەشین، چابەهار، ئاشار و سەراوان رێپێوان و گردبوونەوەی ناڕەزایەتی کرا.

هەمان رۆژ لەشارەكانی تاران، قەزوین، تەورێز، بەندەرعەباس، شیراز، ئیزە، سەمیرۆم، ئەردەبیل، بابۆل، خومەین و بەندەر دەیر و چەندین ناوچەی دیكەی ئێران ناڕەزایەتییەكان بەشێوەی جیاجیا بەردەوام بوون.

بەگوێرەی ئاماری رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ، لەسەرەتای دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكانەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 350 كەس كوژراون، کە نزیكەی 50 کەسیان منداڵ بوون.

لەسەرەتای دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكانەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 350 كەس كوژراون، کە نزیكەی 50 کەسیان منداڵ بوون

زۆربەی کوژراوەژانیش لە شارەکانی سیستان و بەلوچستنا، تاران، سنە و ورمێن.

ئەمڕۆش رۆژنامەی ئێرانی سەر بە دەسەڵات، ناسنامەی 14 بەسیج و ئەفسەری هێزە ئەمنییەکانى بڵاوکردەوە، کە لە خۆپیشاندانەکانی سێ رۆژی رابردوودا کوژراون، کە شەش کەسیان لە شارەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان بوون.

عەلی خامنەئی، رێبەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە کۆبوونەوەیەکى جەماوەریدا لە شارى ئەسفەهان گوتى، خۆپیشاندانەکان “دوژمن و ئاژاوەگێڕن” تاوەکو ئێستا سوپاس بۆ خوا “دوژمن شکستیهێناوە”.

هەموو هەوڵێکی خۆپیشاندەران بۆ ئەوەیە زیان بە سیستمەکەمان بگەیەنن

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button